راپۆرتێکی نێودەوڵەتی: عێراق سێیەم ناسەقامگیرترین وڵاتی جیهانە

ليست هناك تعليقات


پەیمانگەی ئابووری و ئاشتی، کە بنکەی سەرەکی لە شاری سیدنیی ئوسترالیایە، راپۆرتێکی لە بارەی تێکچوونی رەوشی سەقامگیریی جیهان لە ساڵی 2020دا بڵاوکردەوە، بەپێی ئەنجامی راپۆرتەکە عێراق سێیەم ناسەقامگیرترین وڵاتە لە جیهاندا. 

پەیمانگەکە بە پشتبەستن بە تووندوتیژییەکان، شەڕی نێوخۆ، ململانێی سیاسی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لێکۆڵینەوەیەکی لە 163 وڵات کردووە، بەپێی ئەنجامەکەی، عێراق لەمساڵدا لە رووی ئەمنی و ئاساییشەوە یەک پلە بەراورد بە ساڵی رابردوو پاشەکشەی کردووە و لە دوای ئەفغانستان و سووریا بە سێیەم نائارامترین وڵاتی جیهان دێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا عێراق رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری ناوخۆیی و دەرەکی بووەتەوە، لەوانە:

1- تووندوتیژیی خۆپیشاندانەکان

2- گرژییەکانی نێوان گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لەگەڵ ئەمریکا.

3- رووداوەکانی کوشتن و رفاندنی خەڵکی سڤیل.

4- زیادبوونی چالاکییەکانی داعش.

5- تێکچوونی دۆخی ئاوارە و کۆچبەرەکان لە عێراقدا.

هاوکات راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، لەمساڵدا باری سەقامگیری لە 80 وڵات خراپتربووە و لە 81ی دیکەش باشتربووە.

بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە، 10 ئارامترین وڵاتی جیهان بە دوای یەکدا بریتین لە ئایسلاند، نیوزلاند، پورتوگال، نەمسا، دانیمارک، کەنەدا، سەنگاپوور، چیک، ژاپۆن و سویسرا.

هەروەها 10 لە ناسەقامگیرترین وڵاتانی جیهانیش بریتین لە: ئەفغانستان، سووریا، عێراق، سوودانی باشوور، یەمەن، سۆماڵ، لیبیا، کۆنگۆ، ئەفریقای ناوەڕاست و رووسیا. 

بەشێوەیەکی گشتی، ئاستی سەقامگیری لە سەرانسەری جیهاندا بە رێژەی 0.34٪ دابەزیوە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بە ناسەقامگیرترین ناوچەی جیهان ماونەتەوە. 

پەیمانگەی ئابووری و ئاشتی (IEP) پەیمانگەیەکی سەربەخۆی قازانجنەویستە، ساڵی 2007 لە شاری سیدنیی ئوسترالیا دامەزراوە و ئێستا لە شارەکانی نیویۆرک، لاهای، مەکسیکۆ، بروکسل و هەراری نووسینگەی هەیە. 

سەرنجی سەرەکیی پەیمانگەکە ئەنجامدانی توێژینەوەیە لەسەر ئاشتی و سەقامگیری جیهان و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراو و دامەزراوە جیهانییەکان کاردەکات. 

پەیمانگەکە هەوڵدەدات لە رێگەی بەکارهێنانی کۆمەڵێک پێوەر، ئاشتی، سەقامگیری، پەیوەندییە بازرگانییەکان و خۆشگوزەرانی وڵاتان هەڵبسەنگێنێت و هەوڵدەدات ئەو هۆکارە سیاسی، کولتووری و ئابوورییانە بدۆزێتەوە کە دەتوانن ببنە پاڵنەر بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری. 

پەیمانگەی (IEP) ساڵانە راپۆرتێک لە بارەی ئەنجامی توێژینەوەکانی بڵاودەکاتەوە و تێیدا رەوشی سەقامگیری هەر وڵاتێک دەخاتەڕوو. راپۆرتەکانیشی لە لایەن ناوەندە نێودەوڵەتییەکانەوە باوەڕپێکراون و پشتیان پێدەبەسترێت.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif