ھەموانتان خستە سەرزەوی!

ليست هناك تعليقات

د. کاروان حەمەساڵح
-
هەموانتان خستە سەر زەوی، ھەم سیاسەت و ئابووری، ھەم ھاوڵاتیان و ھەم مێژووتان

زۆر دووبارەیە گەر بڵێین سیاسەت و ئابووری دوو ڕووی یەک دراون، بەلام لەوە زیاتر لە ئێستادا و لەم سەردەمی کرانەوەی زیاتری سیاسەت و ئابووری بەڕووی یەکدیدا، دەتوانین بڵێین بوونەتە یەکڕوو. ھەر بۆیە ئەرکە قورسەکە لێرەوە دەست پێ ئەکات...

ئەرکی گران ئەوەیە کە ھاوسەنگی لە نێوانیان سیاسەت و ئابووری دروست بکەیت، چونکە کارتی ھەر یەکێکیان باش نەخرێتە گەر، راستەوخۆ کارتی ئەویش دەسوتێنێت، وە لە کۆتاشدا ھەموو شت پێکەوە دەسووتێنێت.

زۆر دوور ناڕۆین بۆ نموونە ھێنانەوە، باسی ھەرێمەی خۆمان دەکەین. تۆ ببینە؛ سەردەمانێک ئێمە وەک دەولەت مامەڵەمان دەکرد لەگەل بەغداد، وولاتانی زلھێزی خاوەن نفوسی سیاسی و ئابوریش لە عێراقدا ھەر وەک دەولەتێکی ڕانەگەیەنراو مامەلەیان لەگەل دەکردین. ووردتر بڵێین زۆر جار خستنە سەرپێی حکومەتی بەغداد چاوەڕێی ئۆکەی ھەرێمی دەکرد! ڕێک بیزەبت لەو کاتانەدا بوو زۆرێکمان دەمانووت دەبێت مامەلەی ئابووریانەی دروست بکەین بە سەرچاوەکانی داھات و پاشان ڕێخستنی دیدگای ئابووریەکی نیشتیمانیی لە پێناو استیقراریەتی سیاسی و پاراستنی بەھا و شکۆی سیاسیمان و بەھێزکردنی متمانەمان لەگەڵ دەرەوە و ناوخۆ و شەقامیش!

بەلام بەداخەوە، گەندەڵی و ناشەفافیەتی ئابووری، پاشان پەیوەندی نانیشتیمانیی نێودەولەتی، ھەروەھا بەردەوام گەورەبوونی درزی متمانە لە نێوان کاراکتەر و لایەنە سیاسیەکان لەسەر پرسە نیشتیمانیەکان، (کە پارەی زۆری نەوت پەردەپۆشی کردبوو!) پاشان نەبووی متمانەی ھاولاتیان بەھەموویان; ھەموو ئەمانە کارێکیان کرد، زۆرینەی کارتە سیاسیەکانیشمان بسووتێ و بەغدادێک کە جاران سەرۆک وەزیرانە راسپێراوەکەی پەسەندێتی ھەرێمی وەردەگرت ئەوجا دڵنیا دەبووەوە کە دەبێتە سەرۆکی حکومەت! بەلام بە داخەوە لە کۆتا قۆناغی لاوازیمان؛ بینیمان نەک سەرۆکوەزیرانی نوێ چاوەرێی ئۆكەی ھەرێمی نەکرد، بگرە ئامادەبوو کورسی بەتاڵ، بە دڵی خۆی جێ بھێڵێت بۆ کورد، وەک بێ منەتیەک لەوەی کورد بەشداریی بکات یان نەیکات! کە حەتمەن بێ گڵۆپی سەوزی وولاتانی دەرەکیش شتی وا ناکات! ئێستاش کۆتا حەرەکەی، نەک ئامادەی ڕێکەوتنێکی ھاوشێوەی پێشوو نیە، بەڵکو خەریکی "بەڕێکردن" و "کات کوشتن" و زیاتر  لاوازکردنی کارتی دانوستانەکانشمانە! دیسان ئەمەش بە بەرچاوی وولاتە زلھێزەکان دەکرێت!.

ھۆکاری ئەمانە زۆرن، بەلام لە کورتی بیبڕێنینەوە،
 ھەموو ئەم لاوازبوونی پێگەیە، دەرنجامی نائیستقراریەتی سیاسی و ئابووری و گەندەڵی سیستەماتیک و  نا نیشتیمانیی بوونی کۆی کایەکانی حکومڕانیی و نەبوونی ھەمەئاھەنگیەکی دڵسۆزانە بۆ چاکسازی، کە بە کورتی لە حکومەت و کۆی سیاسیەت و ئابووریدا، ھەر لایەو بەڕەکەی بۆ ژێر خۆی ڕادەکێشا بە ئێستاشەوە؛ تا دواجار ھەموان کەوتنە سەرزەوی، ھەرێم لە ڕووی سیاسی و ئابووریەوە، ھاولاتیانیش لە رووی خۆشبەختی و ئومێدەوە! نیشتیمانیش لە ڕووی مێژوویەوە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif