بۆمبەكانی بۆڵتن ئەمەشی تێدایە

ليست هناك تعليقات


راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە پەرتووکە نوێکەیدا چەندین نهێنی لەبارەی دۆناڵد ترەمپ ئاشکرا دەکات و دەڵێت: دۆناڵد ترەمپ بۆ هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆکی ئەمریکا بەدوای ئەوە بووە سەرۆکی چین هاوکاری بکات. هەروەها بەڵێنی بە سەرۆکی تورکیا داوە کێشەی جێگری سەرۆکی هالک بانکی بۆ چارەسەر دەکات.

جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لەدوای دەستلکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی و چوونە دەرەوەی لە کۆشکی سپی، پەرتووکێکی بەناوی (The Room Where It Happened: A White House Memoir) واتە "ئاوێنەی کۆشکی سپی.. ئەو ژوورەی شتەکانی تێدا روویدا" بڵاوکردووەتەوە. لە پەرتووکەکەدا چەندین زانیاری نهێنی لەبارەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و خودی دۆناڵد ترەمپ ئاشکراکردووە.

بۆڵتن دەڵێت: "دۆناڵد ترەمپ بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆکی ئەمریکا بەدوای ئەوەیە، شی جینگ پینگ، سەرۆکی چین هاوکاری بکات". 

بۆڵتن لە پەرتووکەکەیدا نووسیوویەتی لەکاتی کۆبوونەوەی لووتکەی جی 20 لە ژاپۆن بەڕێوەچووە و سەرۆکانی ئەمریکا و چین کۆبوونەتەوە: ''ترەمپ بە رێگەیەکی زۆر سەرنجڕاکێشانە گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرۆکی چین بردووەتە سەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا'' و ترەمپ ویستوویەتی سەرۆکی چین بەو شێوەیە قسە بکات کە هاوکاربێت بۆ دووبارە دەرچوونەوەی وەک سەرۆکی ئەمریکا.

بۆڵتن ئاماژەی بەوەشداوە، کاتێک سەرۆکی چین ئامادەبووە بەدڵی ترەمپ قسە بکات، دۆناڵد ترەمپ شی جینگ پینگی وەک گەورەترین سەرکردە لە مێژووی چین ناوبردووە.

ئەم نووسینەی بۆڵتن لەکاتێکدایە لە هەڵبژاردنی پێشووی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بەوە تۆمەتبارکرا لەلایەن رووسیا و خودی ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا هاوکاری کراوە و رووسیا دەستوەردانی لە هەڵبژاردنەکەدا کردووە.

کێشەی هالک بانک

بۆڵتن باسی لە چەندین نهێنی دیکەی کۆشکی سپی و بۆچوونەکانی ترەمپ سەبارەت بە پرسەکانی جیهان کردووە.

لە بەشێکی دیکەی پەرتووکەکەیدا جۆن بۆڵتن باسی لەوەکردووە کە ترەمپ بایەخی بەو سەرکردە دیکتاتۆرانە داوە کە خۆشیویستوون "وەک نموونە سەرۆکی چین و سەرۆکی تورکیا."

هەروەها دەڵێت: لە ئایاری 2018 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا نامەیەکی بۆ ترەمپ ناردووە و پێیگوتووە، محەممەد ئاتیلا، جێگری سەرۆکی هالک بانک بێتاوانە، ترەمپیش بە هاوتا تورکەکەی گوتووە، ئەو ئەم کێشەیە چارەسەر دەکات کاتێک ئەو دادوەرانە گۆڕان کە سەر بە باراک ئۆبامان و دادوەرەکانی نزیک لە خۆی دەستبەکاربوون.

هالک بانک، گەورەترین بانکە لە تورکیا کە سەر بە حکومەت بێت، لە ساڵی 1938 دامەزراوە لە مێژووی خۆیدا رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە بەرەوپێشبردنی ئابووریی تورکیا. 

ئۆفیسی سەرەکی ئەم بانکە لە ئیستانبووڵە، زیاتر لە 18 هەزار و 967 کارمەندی هەیە و 1006 لقیشی هەیە. 

سەرمایەی بانکەکە لە ساڵی 2019 نزکەی 13.4 ترلیۆن لیرەی تورکی بووە و داهاتەکەشی گەیشتووەتە 1.7 ترلیۆن لیرە. 

لە ئاداری 2017 محەممەد هاکان ئاتیلا، جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری بانکەکە لەلایەن ئەمریکا بە تۆمەتی پێشێلکردنی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستگیرکرا و دواتر لەسەر ئەم پرسە و چەند پێشێلکارییەکی دیکە بە 30 ساڵ زیندانیکردن سزادرا، تورکیا هەوڵێکی زۆریداوە بۆ ئازادکردنی ئاتیلا تەنانەت ویستوویەتی لەگەڵ ئاندرو برانسن، کە قەشەیەکی ئەمریکی بوو لە تورکیا دەستگیرکرابوو بیگۆڕێتەوە یان بەلایەنی کەمەوە سزاکەی سەر ئاتیلا سووک بکات. 

ئەمریکا و تورکیا لەسەر کەمکردنەوەی سزاکانی سەر ئاتیلا رێککەوتن بەجۆرێک ماوەی زیندانیکردنەکەی لە ماڵەکەیدا بەسەربببات، دواتر وەزارەتی دەرەوەی تورکیا داوایان لە ئەمریکا کرد، سەرجەم لێکۆڵینەوەکان لەسەر محەممەد هاکان ئاتیلا بوەستێنن، ئەمەش وایکرد رێککەوتنەکەی ئەنکەرەو واشنتن لەسەر ئاتیلا لەباربچێت.

پەرتووکەکەی بۆڵتن زۆرترین داواکاری لەسەرە

ئەم پەرتووکە هێشتا بڵاونەبووەتەوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای تووڕەکردووە و دەیەوێت رێگە لە بڵاوبوونەوەی بگرێت.

بڕیارە ئەم پەرتووکەی بۆڵتن لە 23ی حوزەیران بڵاوبکرێتەوە، لە بەشێکی دیکەی پەرتووکەکەیدا بۆڵتن باسی لەوەکردووە ترەمپ هێندەی بەلایەوە گرنگە جارێکی دیکە ببێتەوە سەرۆکی ئەمریکا هێندە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای بەلاوە گرنگ نییە، هەر لەسەر ئەم بنچینەش بڕیارەکانی دەردەکات.

تائێستا لە ماڵپەری ئەمازۆن زۆرترین داواکاری پێشوەختە بۆ کرینی ئەم پەرتووکە پێشکەشکراون.

لەسەر نووسینی ئەم پەرتووکە کۆشکی سپی سکاڵای لە دژی بۆڵتن تۆمارکردووە و دەیەوێت بەهەر رێگەیەک بێت نەهێڵێت پەرتووکەکە بڵاوبکرێتەوە، وڵیام بار، سەرۆکی داواکاریی گشتیی ئەمریکاش دەڵێت نابێت کەسێک ئەو زانیارییانە بڵاوبکاتەوە کە نهێنین و بەهۆی پۆستەکەیەوە دەستیکەوتوون.

جۆن بۆڵتن لە ساڵی 2018 بۆ 2019 وەک راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کاریکردووە و کەسێکی نزیک بووە لە دۆناڵد ترەمپ لە هەندێک شوێن ترەمپ بە "هەڵۆ"کەی کۆشکی سپی ناوی دەبرد، بەڵام دواتر لەسەر ناکۆکییەکانی لەگەڵ ترەمپ لەسەر سیاسەتی کۆشکی سپی بەرامبەر بە کۆریای باکوور دەستیلەکارکێشایەوە و ترەمپ و بۆڵتن لە دوو دۆستەوە بوون بە نەیاری یەکدی.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif