نوێ بوونەوەکەى یەکێتى و چەند سەرنجێک!

ليست هناك تعليقات

كمال ڕەوف
-
• لەدواى گۆنگرەى یەکێتى کەناوى "نوێ بوونەوە"ى لێنرابوو، دەبوو یەکەم کارى هاوسەرۆکەکانى یەکێتى، رادەستکردنەوەى بیناى مەکتەب سیاسییەکەیان بوایە، کە موڵکى وەزارەتى پەروەردەیە، ئاخر ناکرێت ئەو هەموو ساڵە یەکێتى حاکمى یەکەمى ئەم ناوچەیە بێت و بەشى ئەوە زەوى و موڵکى نەبێت کە مەکتەب سیاسییەکەى لە بینایەکى پەروەردەدا بێت و لەناو ئەو بینایەوە گفتوگۆى چاکسازى بکرێت و بەڵینى و نوێ بوونەوە بدرێت.

• کەس نییە نەزانێت کە ساڵانێکى زۆرە غەدر لە سلێمانى ئەکرێت، بۆیە هەق وابوو یەکێتى دواى کۆنگرە هەنگاوى یەکەمى ئەوە بوایە لەئیدارەى سلێمانى کە لەبندەستى خۆیەتى، گۆرانکارى ریشەى بکات و و بەشەفافیەت داهاتى ئەم ناوچەیەى بخستایەتە روو، دەستى لەبازار و زانکۆ تێکەڵ کردنى ئیشى حزب و حکومەت هەڵگرتایە تا جیاوازى خۆى لەگەڵ پارتى لێرەوە نیشانبدایە و ئەوکاتە لامەرکەزیەتى پێشنیار بکردایە، نەک بەشێوازە کلاسیکییەکەى ململانێ کە بەردەوام پارتى تیدا براوە بووە.

• ئێستا لەم دۆخەدا کە ڤیرۆسى کۆرۆنا تەنگى بەخەڵک هەڵچنیوە، سێکتەرى تەندروستى بن دەستى قەڵەمرەوى یەکێتى لەپەرێشان خراپترە، سەربارى لەخۆبوردەى کارمەندانى تەندروستى ودکتۆرە بەرێزەکان و کەفائەتى زۆر، کەچى تەندروستى سلێمانى واحاڵیان خراپ بووە، تەنانەت ناتوانن پشکنینى پێویست بۆ بەرکەوتوەکان بکەن، لەبەرامبەردا هاوسەرۆکەکانى یەکێتى هیچ بەرپرسیارێتیەکیان نەخستۆتە سەرشانیان، کەدەکرا لەرێگەى گەرانەوەى بەشێک لەداهاتى سنورەکان و داهاتى کۆمپانیاکانیان، دۆخەکەیان بگۆریایەو بەدەستپێشخەرى یەکێتى کە ساڵانێکى زۆرە پشکى گەورەى کۆنترۆڵکردنى ئەو داهاتەى لەلایە، بەبرێکى بەرچاو لەبەخشتنى پارە، هەڵمەتى نیشتمانى کۆکردنەوەى کۆمەکیان بکردایە، هاوشێوەى ئەوەى پێشتر بۆ نەخۆشخانەى هیوا و چەند پرۆژەیەکى تر کرابوو.

• هەموو لایەک بەسەرکردەکانى پارتى و یەکێتیشەوە خۆیان باشتر لەخەڵک دەزانن، کە حکومەتى هەرێم، نە ئەوساو نەئێستاش، لەسەرهیچ شتێک، لەجەوهەردا یەک دەست و یەک دەم ویەک هەڵوێست نەبوون، تەنها لەسەر پشک و بەشکردنى دەسەڵات وداهات نەبێت، بەلەبەرچاوگرتنى کەموزۆری پشکەوە لەنێوانیاندا. یەکێتى ئەوکاتە ئەیتوانى فشارێکى کۆمەڵایەتى لەدەرەوەى چوار چێوەى حزبییەوە لەسەرشێوازى حوکمرانى پارتى دروست بکات، کە دواى کۆنگرە خاڵى وەرچەرخانى دروست بکردایەو دەستى خۆى بەهەموو کەموو کورتیەکانەوە بۆ خەڵک بخستایەتە روو، تا چیتر بزنس و سیاسەت تێکەڵ نەکرێت و جیاوازى ئیدارەى قەڵەمرەوى دروست بکردایە ودژى گەندەڵى هەنگاوى عەمەلى هەڵبگرتایە.

• سەرکردایەتى نوێى یەکێتى دەبوو مەرجى سەرکەوتنى نوێ بوونەوەى دواى کۆنگرەیان ببەستایەتەوە، بەرادەى ئاستى سەرکەوتنیان لەئاشتکردنەوە و نزیک کەوتنەوەیان لەخەڵک و دروستکردنى گۆرانکارى لەدۆخى ژیان و گوزەرانى خەڵک، نەک بەسەرخستنى کۆمەڵێک وگۆرانکارى لەخیتاب لەگەڵ پارتى، چونکە گەر یەکێتى برواى بەکارى ئایندە و هەستانەوەى خۆى هەیە، دەبوو ئەوەبکات چونکە ئەوە رێگا دروستەکە بوو، دەبوو بەشێنەی و مەحکەمى بەئیرادەوە، لێرەوە هەنگاوى هەڵبگرتایە بۆ نوێ بوونەوەکەى، نەک بە گرتنەبەرى هەڵوێستى پەرچەکردار لەبەرامبەر ئەوانى دى.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif