ڕەوشت محمد
-
لە ڕۆژ گارێکدا، عەشق ئیتر بێبەرە؛ نە چاوەڕوانی دەگرێ، نە داستانى گەورە، نە تەنیایی، نە ئێش و ئازار. وەخێک عەشق دێوانەیی ناگرێ، کێوەکان چۆڵن لەدێوانە، یانى کە شارەکان خاڵین لە عاشق، وەختێ عاشقان پاڵەوانانە ناژین، (نا عیشقکارى کوڕوکاڵان نییە – عیشق کارى پاڵەوانانە کوڕم) وەختێ عاشقان ناتوانن بەگژ مەحاڵدا بچنەوە، ناتوانن لە ئێشدا نۆش و لە ئازاردا بە نازدار بگەن، سەردەمێک نێوان فرۆڤەکان بووە بە بیایان، لەنێوان دوو عاشقدا ئیتر نە باخ هەیە نە شاخ هەیە، نە دەریا... لە نێوان دوو عاشقدا ئاسمان نییە ئەستێرە نییە. باران نییە. لە نێوان دوو دۆستدا هیچ رووبارێک رێ ناکات، هیچ کانییەک هەڵناقوڵێ، هیچ سەوزاییەک نییە. ئەوکاتەى لەنێوان عاشقەکانا داستانى گەورە لەدایک نابن، ئێستە ئیتر نێوان خۆشەویستان تەنیا زەنگى مۆبایل و ئیمۆجى ساردوسڕە.
بەڵێ شیعر پەناگەیە.. تا نێوان دایک و منداڵ گەرمکاتەوە، تا نێوان هاوڕێ و هاورێ پڕکا لە سەوزایی، شیعر پەناگەیە تا لەبەردبوون بمان پارێزێ، پەناگەیە تا لە بەردەم زوقمى ئەم جیهانە ساردوسڕەوە بمانتباتە بەردەم کوورەى خۆشەویستى. پەناگەیە پەنامان دەدا لە وشکبوونەوە لەبەردەم شاشەیەکى بچووک. پەنامان دەدات و یادمان دەخاتەوە کە دایکێک هەیە چاوەروانى پێکەنینیکى ئێمەیە. بیرمان دەخاتەوە کەسێک هەیە هەر چاوەڕوانى ئەوەیە دەست بخەینە نێو دەستى و دوو چپە بەکوێیا بکەین. شیعر پەنامان دەدا لە دێوى ئاسنین، دیوى ئامێر و ئەلیکترۆن جاران دێوى نێو ئەفسانەکان خۆشەویستانى کۆدەکردەوە ئێستە دێوى ئاسنین هەر یەکەمانى لە ژوورێکدا بەند کردووە.
تەنیا شیعر دەتوانێ پەنامان بدات و لەم دێوە دوورمان خاتەوە، شیعر دەتوانێ بمانباتەوە لاى کانى و دەست بخەینە دەستى خوڕەخوڕ و چاوچاوێنە لەگەڵ مانگدا بکەین. شیعر دەتنوانێ بمانباتەوە بەردەم خۆشەویست و چاو لەچاوى ببڕین بڵێن: دادەى بزانین کاممان درەنگتر چاو دەتروکێین!! شیعر دەتوانێ بمانباتەوە لاى گوڵى حەوشەکەمان ئەوەى کە وێنەکەیمان گرتووە و لەسەر شاشەى مۆبایلەکەمان دامان ناوە هەموو رۆژێ سەدجار تەماشاى دەکەین بەڵام نایبیین. بەڵێ شیعر پەناگەیە گەر دەمانەوێ ڕەق نەبینەوە و نەیبەستین.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق