ڕاپرسیەك: ئێستا غەمبارترین ساتی ئەمریكیەكانە

ليست هناك تعليقات


لە سێ مانگی رابردوودا، ئەمریکا رووبەڕووی سێ قەیرانی گەورە بووەتەوە؛ پەتایێکی جیهانی، بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری و، تووندوتیژی خۆپیشاندانەکان. زۆرینەی دانیشتووانی ئەمریکاش پێیانوایە ترەمپ هۆکاریی سەرەکی دۆخی ئێستای وڵاتەکەیانە.

راپرسییەکی زانکۆی شیکاگۆ کە بە هاوکاری ئاژانسی ئەسۆشیەتیدپرێس ئەنجامدراوە دەڵێت، لەبەر ئەم هۆکارانە، لە 50 ساڵی رابردوودا، ئەمریکییەکان هیچ کات وەکو ئێستا خەمبار و بێزار نەبوون. بەجۆرێک کە تەنیا 24%ـی ئەمریکییەکان پێیانوایە وڵاتەکەیان بە ئاراستەیەکەی راستدا دەڕوات.

جەنیفەر بێنز، لێکۆڵەر لە سەنتەری AP-NORC دەڵێت، راپرسیەکە پیشانیدەدات کە خەڵک هەست بە قورسایی ئەو دوو تراژیدیە دەکەن کە لەو مانگە روویاندا. هەروەها رای سێ لەسەر چواری خەڵکی ئەمریکا بە نموونە دەهێنێتەوە کە پێیانوایە وڵاتەکەیان گەییشتووەتە شوێنێکی خراپ و بڕواش بەوە ناکەن لە ماوەیەکی نزیکدا دۆخەکە باشتربێت.

64%ـی خەڵکی ئەمریکا پێیانوایە ترەمپ هۆکاری دووبەرەکی و ناکۆکییەکانی نێوخۆی ئەمریکایە و بڕوایان وایە کە ترەمپ رۆژ دوای رۆژ دۆخی وڵاتەکەیان خراپتر دەکات و رێژەی ئەوانەی پەسنی سەرکردایەتی ترەمپ دەکەن، لە دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە 43%ـەوە بۆ 39% دابەزیوە.

جەنیفەر بێنز پێیوایە زۆربەی خەڵکی وڵاتەکەی شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ بابەتی رەگەزپەرستی و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە باش نابینن کە بەگوتەی ئەو لێکۆڵەرە، ئەو دوو بابەتە زۆرترین گوشاریان لەسەر دەروونی خەڵک بەجێهێشتووە. 

لێکۆڵەرەکەی سەنتەری AP-NORC باس لەوەدەکات کە زۆربەی خەڵک پێیانوایە ترەمپ هێزێکی دابەشکارە. جەنیفەر بێنز لەگەڵ هەمان بۆچوونە و دەڵێت "روونە کە لانیکەم هەوڵی ئەوە نادات وڵات زیاتر یەکگرتووبێت لەم کاتەدا."

بە گوێرەی راپرسییەکەی زانکۆی شیکاگۆ و ئەسۆشیەتیدپرێس، ئەمساڵ تەنیا 14%ـی ئەمریکییە پێگەییشتووەکان خۆیان بە دڵخۆش دەزانن لەکاتێکدا ساڵی 2018 رێژەکە 31% بوو.

هەروەها لە ساڵی 2018 رێژەی ئەو کەسانەی رایانگەیاندبوو هەندێجار هەست بەوە دەکەن پەراوێزخراون و دڵخۆش نین 23%بووە، بەڵام ئەمساڵ رێژەی ئەوانەی وا دەڵێن گەیشتووەتە 50%. 



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif