ئەمریکا و عێراق بەرەو قۆناغێکی نوێ

ليست هناك تعليقات


بورهان شێخ ڕەوف
-
دوای گۆڕانکارییە خێراو چاوەڕوان نەکراوەکانی ناوچەکە و ئاڵۆزبوونی بارودۆخی ناوچەی ڕۆژھەلاتی ناوین، لە دوای بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەرەتای ئەمساڵ بە تایبەتی لایەنە شیعیەکان بە کشانەوەی ھێزە بیانیەکان ڕوونتر ئەمریکیەکان لە عێراق ئێستا گەڕێکی تری گفتوگۆ لە نێوان ھەردوو حکومەتی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و حکومەتی ناوەندی عێراق و نوێنەرێکی ھەرێمی کوردستانیش دەستیپێکردووە.

دۆسیەی گفتوگۆکە چوار بواری گرنگ لە خۆدەگرێت:

١.سیاسی

٢.ئاسایش

٣.ئابوری

٤.ڕۆشنبیری

لە بواری سیاسیدا ھەردوولا تێبینی و زانیاری لە سەر نێردە دبلۆماسیەکانی یەکدی دەگۆڕنەوە، بەڵام پێدەچێت بوار و دۆسێیەی گەرم و گرنگ لایەنی تەناھی و ئاسایش بێت کە لە نێو بڕگە و بەندەکانیدا ئایندەی مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەبێت، ھەرچەندە سەرەتا وتوێژەکان تەکنیکی دەبێت و لە شەش مانگ تاوەکو ساڵێک دەخایەنێت، لەسەر ئاستی بریکار و جێگری وەزیر بەڕێوەدەچێت، ئامانج لێی ڕێکەوتنێکی ئیستراتیجی نوێیە.

خاڵی لاوازی عێراق لەم گفتوگۆیەدا:

ھەرچەندە دکتۆر فوئاد حوسێن دوای ڕۆژێک لە دەستبەکاربوونی وەکو وەزیری دەرەوە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق (ماسیۆ تولەر) ڕایگەیاند، ھەموو ئامادەکارییەکان کراوە بۆ گفتوگۆکانی نێوان دوو وڵات، ھەرچەندە بە درێژی و بە ڕاشکاوی جۆری ئەو ئامادەکارییە ڕوون نەکرایەوە، چونکە پێناچێت عێراق لە ئێستادا ھیچ کارتێکی بەھێزی بە دەستەوە بێت بۆ ئەوەی گفتوگۆیەکی ھاوسەنگ لەگەڵ ئەمریکادا بەڕێوەبەرێت، بە ھۆی شپرزەیی بارودۆخی عێراق لە ڕووی ئابوری و دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کێشەو ململانێ درێژ خایەن و کەڵەکە بووەکانی عێراق، لەبەر ھەموو ئەو فاکتەرانە گومان لە توانای وتوێژکارانی عێراقی دەکرێت کە بتوانن وتوێژێکی بەرھەمدار و ڕاشکاو بەڕێوەبەرن لە بەرامبەر وتوێژکارانی ئەمریکا کە بەرچاویان ڕوونەوە دەزانن چی دەخوازن.

جگە لەوانەش کاتی وتوێژەکەش کاتێکی گونجاو لەبار نییە بۆ حکومەتی عێراق، کە مانگێک و چەند ڕۆژێکە پێکھاتووە و ھەموو دۆسیەو وەرەقەکانی ناودەستی خۆی ڕێکنەخستووە وەکو پێویست، ترسی ئەوە ھەیە لە لایەن زۆر لایەنی عێراقییەوە کە سازشبکرێت و عێراق بەرگەی فشارەکانی ئەمریکا نەگرێت لە بەرئەوەی لە ئێستادا عێراق پێویستی بەکۆمەک و ھاوکاری یە لە ڕووی ئاسایش و ئابوریشەوە.

لە لایەکی تریشەوە ھەندێک لایەنی عێراقی بە دیاریکراوەی میلیشاکانی حەشدی شەعبی نزیک لە ئێران دەخوازن ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکەنە دەرەوە، ھەرچەندە کورد و سونەکان لەکەڵ ئەم بۆچوونەی شیعەکاندا یەکناگرنەوە، ھەرچەندە شیعەکانیش ھەموو ھاوڕانین، بەڵام دواجار ئەوە بەرژەوەندی و خواستی ئەمریکا یەکلایی دەکاتەوە ئەگەر خواستی مانەوەی ھەبێت دەمێنێتەوە و عێراق قایلدەکات بە شێوازی تایبەتی خۆی ئیتر لە ڕێگەی ھێز یان پێدانی ئیمتیاز و ئیغرائات و سازش.

لەلایەکی تریشەوە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە لێدوانێکدا بۆ میدیایاکان ڕایگەیاند کە گفتوگۆکانیان گشتی دەبێت و ھەموو بوارەکان دەگرێتەوە و دۆسێەی ئاسایش یەکێکە لە دۆسێە گرنگەکانی تری وەکو ئابوری و سیاسی مافەکان و ڕۆشنبیری ھیچیان لە یەک جیا ناکرێنەوە.

ھەرچەندە بڕیار بوو گفتوگۆکان راستەوخۆ و ڕوبەڕو لە بەغداد ئەنجامبدرێت، بەڵام دواتر بە ھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە شێوازی بەڕێوەچوونەکەی گۆڕا بۆ کۆنفرانسی تەلەفزیۆنی داخراو.

لە کۆتاییدا ئەوەی بەدی دەکرێت ھەرچەندە ئەمریکیەکان وەکو ھەندێک سەرچاوە باسی دەکەن بە مستەفا کازمیان ڕاگەیاندووە، کە ئامادەن ھێزەکانیان لە عێراق بە تەواوی بکشێننەوە لە سەر بڕیاری پەرلەمانی عێراق، بەڵام ھەندێک سەرچاوەی تر دەلێن ئەو لێدوانەی ئەمریکا تەنھا ڕووکەش و لەو متمانە زۆرەوە ھاتووە بە کازمی کە شارەزایەکی زۆری بواری ئاسایشەوە ڕیسک بەوەوە ناکات کە پشتیوانی سەربازی و ئاسایشی ئەمریکا لە دەستبدات، لە کاتێکدا جموجوڵی داعش بەزۆری بەدی دەکرێت لەزۆر لە ناوچەکانی عێراق، عێراق لە بەر مەترسی گەورەدایە و بە تایبەتی سەرھەڵدانەوەی سیناریۆی ٢٠١٤ لە دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە ٢٠١١ لە سەردەمی ئۆبامادا.

بۆیە عێراقیەکان لە ھەوڵی ئەوەدان کە پاڵپشتی و ھاوکاری ئەمریکا لە دەستنەدەن و بە تایبەتی لە ڕۆژئاوای عێراق لە بنکەی عێن ئەلئەسەد و لە باکوریش لە ھەرێمی کوردستان لە بنکەی حەریر، چالاکییە سەربازییەکانیان ئەنجامبدەن، جگە لەوانەش یارمەتی ئابوری بۆ دەرچوون لە قەیرانی ئابوری و پیدانی قەرز و فشار لە کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی پەلە لە عێراق نەکەن بۆ گێڕانەوەی قەرزەکان.

لە بەرامبەریشدا ئەمریکیەکان دەخوازن حکومەتی عێراق سنورێک بۆ جموجۆڵی میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران دابنێت، کە پەلاماری باڵوێزخانە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەدەن لە عێراق.
NRT

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif