سەردەمی پاش حەقیقەت

ليست هناك تعليقات

نەزەند بەگیخانی
-
لە ساڵی ٢٠١٦، فەرهەنگی ئۆکسفۆرد بۆ یەکەم جار دەستەواژەی پاش-حەقیقەت (Post-Truth) ی خستە ناو لیستی واژەکانییەوە و بەمجۆرە پێناسەی کرد: ئەو بارودۆخەیە کە راستی و فاکتە مەوزوعییەکان، بە بەراورد بە عاتیفە و باوەڕی تاکەکەسی، کاریگەرییان لەسەر دروستکردنی رای گشتی کەمتر دەبێ. 
سەردەمی پاش حەقیقەت گوزارشت لە کۆمەڵێ گۆڕانکاری دەکات کە بە شێوەیەکی نابەجێ لە ژیانی رۆژانەمان، لە سیاسەت و کولتوور و میدیا و رەفتاری خەڵک و رای گشتی رەنگیانداوەتەوە. کۆمەڵناس و زانایانی سیاسی رەگی ئەم دیاردەیە دەگەڕێننەوە بۆ رابردوویەکی دوور و دەڵێن لە نووسینەکانی جۆرج ئۆروێل و هانا ئارنت و ئەلدۆس هەکسلی باسی لێوە کراوە، بەڵام لەدوای سەرهەڵدانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیای دیجیتال زۆر بە زەقی لە ژیانمان رەنگیداوەتەوە. دوای هەڵبژاردنی دۆنالد ترەمپ-یش لە ساڵی  ٢٠١٦ لە ئەدەبیات و توێژینەوەی ئەکادیمی و گوتاری میدیایی گرنگی زیاتری پێدەدرێ. 
ئێمە ئێستا لەو سەردەمەدا دەژین کە حەقیقەت چیتر وەک کۆنسێپت و فاکت، وەک بەڵگە و داتا مانای نییە، بەڵکو حەقیقەت بووەتە راو بۆچوون و مشتومڕ و ئەجێندای شەخسیی کەسانێک کە بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسی و ئابووری و پایەی کۆمەڵایەتی دەیشێوێنن. لەم سۆنگەیەوە، حەقیقەتی مرۆڤەکان گرنگ نییە، تۆ لە چ ئاستێکی فیکری و مەعریفیدایت گرنگ نییە، بەڵکو ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە چۆن بتوانی ئەم یارییە بکەیت، چۆن بتوانی پرۆفایلێکی جوان بۆ خۆت دابڕێژی، خۆت بگەیێنیتە پایەی دەسەڵات و یاری بە ئیحساسی خەڵک بکەیت و سنووری نێوان حەقیقەت و درۆ ببەزێنیت، بەجۆرێک  کە هەروەک هانا ئارنت دەڵێ، مرۆڤ ئیتر نەتوانێ درۆ و راستی لەیەک جیابکاتەوە. بە رای هانا ئارنت، تۆتالیتاریزم ئا لەم خاڵەوە سەرهەڵدەدات.
 کۆنسێپتی پاش-حەقیقەت باس لە لێکترازان دەکات لەگەڵ سەردەمێک کە کۆمەڵێ بەهای ئەخلاقی و پرەنسیپ هەبوون لە پەیوەندییەکانی نێوان خەڵک، لە پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی، نێوان میدیا و رای گشتی. لە سەردەمی پاش حەقیقەت بەهاکانی وەکو راستگۆیی و ئازادی رادەربڕین لەسەر بنەمای رێزگرتن لە ئازادیی کەسانی دیکە، هەستکردن بە بەرپرسیارییەتی لەناو کۆمەڵگە، ئەقڵ بۆ راڤەکردن و تێگەیشتن و بەرگریکردن لە حەقیقەت، ئەمانە نەمان و کولتوورێک دروستبوو کە ئاڵۆزی و دژوارییەکانی جیهان سادە و بچووک دەکاتەوە بۆ دوو سەنگەر و دوو جەمسەری رەها و دژ بە یەک: چاک و خراپ، خوداوەند و ئەهریمەن، ئێمە و ئەوان. سەردار و فۆلۆوەر و دەروێشانی ئەم دوو سەنگەرە یەکتری تەواو دەکەن و بە عاتیفە و مەزاج یاری بە ئیحساسی خەڵک دەکەن بە مەبەستی سەپاندنی دەسەڵات و قۆرخکردنی رای گشتی. 
مێتۆدی جێبەجێکردنی ئەم کارەش بریتییە لە دروستکردنی هەواڵی درۆ و ساختەکاری و درۆی ئۆرگانیزەکراو بۆ  هێرشكردن و چاندنی رق و کینە و پچڕاندنی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان و لەخشتەبردن و لەناوبردنی کەسایەتی و کوشتنی سیمبۆلی. هەندێ پسپۆڕ ئەمە وەک 'ئامێرێکی رێکخستن' پێناسە دەکەن کە بە پێی بەرژەوەندیی و ئەجێندا و مەرامی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، هەندێ کەس و لایەن بڵند دەکات و سنوور لەنێوان هاووڵاتیان، لە نێوان خەڵک دروستدەکات: سنوری سیاسی، سنووری شارچێتی، سنووری حیزبایەتی و خانەوادەیی و عەشیرەتگەری، سنووری مەزهەبی و ئایینی، هتد. لەسەر بنچینەی ئەم سنوورانەش تۆوی دوژمنکاری دەچێنێ. خاسیەتی سەرەکی ئەم دۆخە نەبوونی دادوەری و پەیڕەوکردنی غەدرە لە کەسانێک کە جیاوازن و لەم هاوکێشەیە خۆیان نادۆزنەوە و بەرگری لە بیرکردنەوەی قووڵ و راڤەکاری و راستگۆیی دەکەن. نەبوونی دادوەری و هەستکردن بە غەدر لە هەموو کۆمەڵگەیەک کۆتایی بە ئاشتی و ئاسوودەیی دەهێنێ. ئەم دیاردەیە ئەمڕۆ تەواوی جیهانی گرتووەتەوە.
هانا ئارنت دەربارەی درۆ و درۆی ئۆرگانیزەکراو دەڵێ: تۆ درۆ بەرامبەر کەسێ دەکەیت و نائومێدی دەکەیت، بەڵام لە درۆی ئۆرگانیزەکراو کە بە پلان ئامادەکاری بۆ کرابێ، ئەوە تۆ نەک تەنیا حەقیقەت دەشێوێنی، بەڵکو حەقیقەت لەناو دەبەیت. بۆ نموونە، لە سەردەمی کۆڕۆنا، درۆی ئۆرگانیزەکراو لەلایەن ئەو کەس و گرووپانەوە دەکرا کە نکوڵییان لە بوونی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەکرد. لە رووی سیاسییەوە درۆی ئۆرگانیزەکراو کە لە وڵاتە دیکتاتۆرەکان زۆر دەکرێت، نکوڵی لە بوونی ئۆپۆزیسیۆن دەکات و لەناوی دەبات، حاشا لە جینۆسایدی ئەرمەنییەکان و لە هۆلۆکۆست دەکات. لە میدیا هەواڵی نادروست و هەڵە پەخش دەکات و رای گشتی لە خشتە دەبات. لە مزگەوت و کەنیسەکان، گوتارێکی توندڕەو دەڵێتەوە کە گرژیی و دوژمنکاری لێدەکەوێتەوە.
 لە کوردستان رەفتار و کولتوور و سیاسەتی پاش حەقیقەت زۆر بە زەقی دیارە و پیادە دەکرێ. لەگەڵ هەر کەسێ قسە دەکەیت، دەبینی کە  رۆژانە ئازار دەچێژێت و دڵتەنگ و نیگەران و ناکۆکە لەگەڵ خۆی و لەگەڵ دەوروبەری، هەست بە غەدر و نادادوەری دەکات. تاکی کورد لە بارودۆخێکی ناهەموار و پڕ نیگەرانی و سترێس ئەزموونی ژیان دەکات. میدیای ناپیشەگەر و دیجیتالی ٢٤ سەعاتەی حیزبەکان  بەبێ وەستان هەواڵی نادروست و بێ بەڵگە و بنەما بڵاودەکەنەوە کە ختوکەی خەڵک دەدەن، مێشکی خەڵکی پێ دەشۆنەوە و توانای بیرکردنەوە و ئەقڵانیەتیان دەکوژن. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بوونەتە سەکۆی خودپەرستی و هەلپەرستی و خۆنمایشکردن کە بەپێی مەزاج و ئەجێندای گرووپ و حیزب و میدیا و رۆشنبیرە ئۆلیگارشییەکان جێبەجێدەکرێ. سەکۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە فەیسبووک و ئینستاگرام و تویتەر و هتد، لەلایەن ئەو گرووپانەوە بە ترس و هەواڵی درۆ و رقئامێز تەنراون. لەم سەکۆ و میدیایانە رای گشتی نییە، بەڵکو یاریکردن بە ئیحساس هەیە؛ پەیوەندییەکان تێکچوون، زمانی زبر و ناشیرین بووە باو تا ئاستی جنێودان و لەخشتەبردن کە لە رێگای بەکارهێنانی ئەکاونت و ماڵپەڕ و پەیجی ساختە و رەفتاری نابەجێ و ئازاربەخش ئەنجامدەدرێ. گوتار و نووسینی سەنگین و زانستی و ئەکادیمی و  بەڵگەئامێز ئیتر بە دەگمەن دەخوێندرێنەوە و لە بەرامبەردا سادەکاریی و گوتاری ئیحساسی و روواڵەتکاری تا ئاستی پۆرن زاڵە بە مەبەستی مێشک شووشتنەوە و خەساندن و مۆنۆپۆلیزەکردنی رای گشتی. سەنگی مەحەکیش بوو بە ژمارەی کلیک و لایک و فۆڵۆوەر.
ئەم دۆخە بووەتە مایەی جەمسەرگیری  و سەنگەرگرتن لە یەکتری: واتە رای گشتی دابەش بووە لە نێوان 'ئێمە' و 'ئەوان'، خەڵک دەچنە ناو سەنگەر و خانە هاوشێوەکانیانەوە و دەستە و گرووپ دادەمەزرێنن لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و خزمەتکاریی، نەک بنەمای فیکر و دیالۆگ. ئەمانە هێرشدەکەنە سەر هەرکەسێ کە لەوان جیاوازبێ. نووسین چیتر بۆ بەرهەمهێنانی زانست و مەعریفە نییە، بەڵکو بۆ دژایەتیکردنی ئەوانیترە. میچیتۆ کاکوتانی لە کتێبی 'مردنی حەقیقەت' ئەم گرووپانە بە خێڵی ئایدیۆلۆژیگەرا ناودەبات و دەڵێ جیاوازییەکی وایان نییە لەگەڵ تۆڕە تیرۆریستەکان (کاکوتانی، ٢٠١٨). لەم کۆنتێکستەدا، هەرکەسێ جیاواز لەوان بیربکاتەوە لە ئەکاونت و پەیجە ساختەکانیانەوە هێرشی دەکەنەسەر، ناوبەدی دەکەن،  وەک 'ئەهریمەن' و 'خراپەکار' دەیناسێنن. 
ئەم دیاردەیە تەنیا سیاسییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو لایەنی کولتووری و رۆشنبیر و گرووپە ئۆلیگارشییەکانیش دەگرێتەوە. لە سایەی ئەم سیاسەت و کولتوورەدا، هەر کەس و لایەنە خۆی لەناو راوبۆچوون و باوەڕی تاکڕەو و هاوشێوەکەی بەند کردووە و نە دەوێری رەخنە بگرێ، نە دەوێری حەقیقەت بدرکێنێ. ئەوەی کە دەیڵێ گوزارشت نییە لەوەی کە دەیەوێ بیڵێ، یا پێویستە بیڵێ بۆ سەرخستنی حەقیقەت. ئەمە بۆچی روودەدات؟ هۆکار زۆرن و وەڵامی ئەم پرسیارە لێکدانەوەی زۆر هەڵدەگرێ و پێویستی بە راڤەکاری هەیە. ئەگەر لە رووانگەی هانا ئارنت و رەهەندی تۆتالیتاریزمییەوە لێی بڕوانین، ئەوە دەتوانین بڵێین تاک لەناو ئەو سەنگەر و گرووپە حیزبی و کولتووری و میدیایی و کۆمەڵایەتییانە لە سیستەمی ترس و تۆقان بەند کراوە، خەسێندراوە و توانای بیرکردنە و گفتوگۆ و ئارگیومێنتی لێ سەندراوەتەوە و وەک ئامێرێک هەڵدەسوڕێندرێ. هەرکەسێک رەخنە بگرێت و راستیی مەوزوعییەکان بدرکێنێ ئەو تاکە ریسوا دەکرێ، لە گرووپ و دەستە و تۆڕەکان وەدەر دەنرێت، جگە لە کوشتنی سیمبۆلی، ژیانیشی دەکەوێتە مەترسییەوە. 
لەم نێوانەدا شەڕێکی بێ هوودە هاتووەتە ئاراوە کە زۆربەی خەڵک تێیدا بەشدارە و هەمووان تێیدا دۆڕاون. لەم دۆخەدا، میدیاکان دڵی خۆیان بە زۆرترین ژمارەی کلیک و لایک دەدەنەوە. ئەو ئەکاونت و پەیجانەی زۆرترین لایک و فۆڵۆوەر بەدەستدەهێنن، خۆشیەکی فریودەرانە دایاندەگرێ و خۆیان لێ دەبێتە پاڵەوانێکی خەیاڵی. دیموکراسیش لەم نێوانەدا جگە لە قسەی گەورە، هیچ مانایەکی نەماوە.
باشووری کوردستان زەمینەیەکی گونجاو بوو بۆ کولتوور و سیاسەت و رەفتاری پاش حەقیقەت. دوای چل ساڵ لە فەرمانڕەوایی رژێمی بەعسی دیکتاتۆر، دوای ئەنفال و کۆمەڵکوژی و کۆڕەو و راپەڕینی خوێناوی، دوای شەڕی براکوژی و سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی و هێرشی داعشییەکان، خەڵک تامەزرۆی سیاسەت و گوتارێکی ئەلتەرنەتیڤ بوو کە ئومێدی پێ ببەخشێ و ئاسوودەی بکات. بەڵام گوتاری سیاسی و ئۆلیگارشیی رۆشنبیری و تووندڕۆیی ئیسلامی لە سەردەمی پاش حەقیقەت لە رێگای تەکنەلۆژیای نوێوە شەڕ و تووندوتیژی و رقیان هێنایە ناو ماڵ و سەر شاشەی کۆمپیوتەر و مۆبایلەکانمانەوە. شەڕی ساردی ناوخۆ و حیزبایەتیی بەرتەسک و گروپگەرایی و شارچیێتی بوونە نۆڕم و خەڵکێکی زۆر ئەوەندە پێی راهاتوون کە نە دەتوانن دەستبەرداری بن، نە دەتوانن بەشێوەیەکی دروست بیری لێ بکەنەوە بەرەو چارەسەرکردنی.
کاتێ سیاسەتمەدار لەخشتەت ببات، رۆشنبیر درۆ بکات، مەلا و قەشە منداڵبازی بکەن، فێمینیست هەلپەرست بێ و پرەنسیپ ببەزێنێ، ئەوە گوتاری ساختە و درۆ دەبنە نۆرم و خەڵکی خەسێندراویش شاگەشگە دەبێ پێیان. ئاکامی ئەم دۆخە بێزاری و حەزی تێکشکاندن و لەناوبردنە، تا ئاستی لەناوبردنی حەقیقەت و ملشکاندن و لەناوبردنی یەکتری. ئەمە ڤایرۆسە و مەترسییەکانی لە هی کۆڕۆنا زیاترە؛ ئەم ڤایرۆسە لەسەر هەموو وشەکانمانە، لەبن زمان و سەر زمان و هەڵسوکەوتی رۆژانەمانە، بۆیە دەبێ هەمووان پێکەوە بەهەمان شێوەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەرەنگاری ئەم ڤایرۆسە ببنەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif