دیمانەیەكی گرنگ لەگەڵ پسپۆرێکی نەخۆشیەکانی خوێن

ليست هناك تعليقات


لەكاتێكدا لەرێگەی بەخشینی خوێنەوە دەتوانیت پلازما ببەخشیت، بەڵام چەد جیاوازییەكیان هەیە، پرۆسەی بەخشینی پلازما كە ئێستا بەشێك لە توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان و جیهانیش بۆ پەڕاندنی ڤایرۆسەكە پێویستیان پێی هەیە لای بەشێكی خەڵك نامۆیە.

پلازما بۆ چارەسەركردنی چەندین جۆر نەخۆشی بەكاردەهێنرێت، لەوانە شێرپەنجەی خوێن، و نەخۆشی كاواساكی كە توشی منداڵان دێت، لەناو خوێندایە و بەشێكی گرنگە كە پێكهاتوە لە ئاو، خوێن و ئەنزیم، مادده‌یه‌كی تیواری زه‌ردباوه‌ له‌ناو خوێنی مرۆڤدا و له‌رێگه‌ی وه‌رگرتنی خوێن و خستنه‌ ناو ئامێری "سێنتریفیوج"ه‌وه‌ مادده‌كه‌ له‌ خوێن جیاده‌كرێته‌وه‌ و دواتر وه‌ك ده‌رمان به‌ ده‌رزی ده‌درێته‌ نه‌خۆش.

له‌ورێگه‌یه‌وه‌، دژه‌ ته‌نه‌كانی ناو پلازمای توشبوانی چاكبوه‌وه‌، ده‌بێته‌ هۆی به‌هێزكردنی به‌رگری جه‌سته‌ی نه‌خۆشانی وه‌رگری ده‌رمانه‌كه‌ و ئه‌گه‌ر ده‌رمانه‌كه‌ به‌هێزبێت، نه‌خۆشه‌كان چاكده‌بنه‌وه‌.

هەركەسێك خواستی بەخشینی پلازمای هەبێت، سەرەتا پشكنینی خوێنی بۆ ئەنجامدەدرێت، دوای ئەوەی پشتڕاستدەكرێتەوە خوێنی تۆ گونجاوە بۆ بەخشین، بڕێك لە پلازمای خوێنی جەستەت دەبەخشیتە نەخۆش، پرۆسەكە بۆ كەسی بەخشەر هەر ئەوەندەیە.

سەبارەت بە توشبوانی كۆڤید-19، ئەو پلازمایەی لە خوێنی كەسێكی چاكبوەوە وەردەگیرێت، دژەتەنی تێدایە كە توانای بەرگرییان دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەهێزە، بۆیە هاوكاردەبێت بۆ توشبوی وەرگر، تا دۆخی باشتربێت و پەتاكە بپەڕێنێت.

دكتۆر شوان عەلی تۆفیق، پزیشكی پسپۆری نەخۆشییەكانی خوێن و هەڵگری بڕوانامەی بۆردی كوردستانی لە بواری نەخۆشییەكانی خوێن، لەمیانی لێدوانێكی تایبەتدا بۆ خەندان، تەواوی وردەكارییەكان دەخاتەڕو و وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی پەیوەست بە پلازما و چۆنییەتی بەخشینی بە توشبوانی كۆرۆنا دەداتەوە. 

خەندان: پلازما چییە و چۆن دەتوانیت بیبەخشیت؟

دكتۆر شوان: وەرگرتن و جیاكردنەوەی پلازما بە دو شێواز دەكرێت، شێوازی یەكەم لەكاتی خوێن وەرگرتنی ئاساییدا دەكرێت، كەسێكی ئاسایی كە خوێن دەبەخشێت، ئەو كەسە خۆی ئاگاداری نییە و تەنها خوێنەكە دەبەخشێت، دواتر پلازماكە جیادەكرێتەوە.

خوێن پێكهاتوە لە خڕۆكە سورەكان، خڕۆكەی سپی و خەپلەكانی خوێن لەگەڵ پلازما، لەو خوێنەی بەخشراوە لە بانكی خوێن، لەرێگەی ئامێری تایبەتەوە كە پێی دەوترێت "سێنتریفیوج" پێكهاتەكانی خوێن جیادەكرێتەوە و هەر پێكهاتەیەك بۆ جۆرێك لە نەخۆشی بەكاردەهێنرێت، یەكێك لەوانەش پلازمایە.

شێوازی دوەم لە بەخشینی پلازما كە بەمەبەستی وەرگرتنی بۆ چارەسەر و سودوەرگرتن لێی دەردەهێندرێت، جیاوازترە لە خوێنبەخشینی ئاسایی، لەو پرۆسەیەدا ئامێرێك خوێن وەردەگرێت لە خوێنهێنەرێك "قۆڵی راست بۆ نمونە. جۆری ئامێرە خوێن وەرگرەكە بەشێوەیەك كاردەكات، لە هەمان دەمارەوە پێكهاتەكانی دیكەی خوێنەكە بێجگە لە پلازما دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو جەستە، یاخود لە دەمارێكی دیكەوە، كەسی خوێنبەخش خڕۆكە سور و سپی و خەپلەكانی خوێن دەچێتەوە ناو جەستەی و تەنها پلازماكە بەمەبەستی چارەسەركردنی كەسێكی دیكە وەردەگیرێت.

خەندان: پرۆسەكە چەندی پێدەچێت و ئایا زیانی بۆ بەخشەر هەیە؟

دكتۆر شوان: پرۆسەكە بەگوێرەی كاركردن و توانستی ئامێرەكە و قەبارەی ئەو بۆری خوێنەی پلازماكەی لێ وەردەگیرێت كاتی پێدەچێت، لەنێوان كاتژمێرێك بۆ دو كاتژمێردا، بە شێوەیەكی گشتی 90 خولەكی پێدەچێت و هیچ زیانێكی توند بەو كەسە ناگەیەنێت كە پلازماكە دەبەخشێت.

كەسی بەخشەر دوای پرۆسەكە بێكێشە دەتوانێت بچێتەوە ماڵەوە و خوێنیشی كەم ناكات، تەنها لەوانەیە بۆ ماوەیەكی كورت و كاتی دەستی سڕبێت، یاخود هەست بە گێژبونێكی كاتیی بكات كە ئەوە زۆر ئاساییە و تا ئێستا زیانێكی زۆر بەهۆی بەخشینی پلازماوە لە جەستەی بەخشەراندا تۆمارنەكراوە.

بەپێچەوانەوە ئەگەری زۆرە توشبوی وەرگری پلازماكە، بەهۆی وەرگرتنی ئەو چارەسەرەوە بەرێژەی لەسەدا 50 ژیانی رزگاربێت، واتا دەكرێت تەنها بە بەخشینی پلازما ژیانی كەسیك رزگاربكەیت كە ئەو پرۆسەیە هیچ زیانێكی نییە بۆت، تەنها بە بەخشینی 90 خولەك لە كاتت.


خەندان: كێ دەتوانێت پلازما ببەخشێت بە توشبوانی كۆرۆنا؟

دكتۆر شوان: تەنها كەسێك دەتوانێت پلازمای خوێن ببەخشێت بە توشبوانی كۆرۆنا، كە خۆی پێشتر توشبو بێت بەو ڤایرۆسە و دواتر چاكبوبێتەوە، پێویستە دوای چاكبونەوەی بە 14 رۆژ ئەو پلازمایە ببەخشێت، كاتێك هیچ نیشانەیەكی كۆرۆنای تێدا بەدینەكرێت و پكشنینەكانیش نەمانی ڤایرۆسەكە لە جەستەیدا پشتڕاستبكەنەوە.

هەر چاكبوەوەیەك لە پەتای كۆرۆنا، دوای دو هەفتە جەستەی دژەتەن دروستدەكات دژ بە ڤایرۆسەكە، دەیگرێت و ناهێڵێت لە جەستەی توشبویەكی دیكەدا زیادبكات كە پێویستی بەو پلازمایە هەیە.

تەمەن و كێشی كەسی بەخشەر كاریگەری هەیە لەسەر بەخشینی خوێنەكە و بەشێوەیەكی گشتی منداڵان بێ رەزامەندی دایك و باوك رێگەنادرێت پلازمایان لێوەربگیرێت، پێویستە كەسی بەخشەر كێشی لە 45 كلیۆ كەمتر نەبێت و لەسەرو 18 ساڵەوە بێت باشترە.

خەندان:هەر تاكێكی چاكبوەوە، دەتوانێت چەند جار پلازما ببەخشێت؟

دكتۆر شوان: بەخشینی پلازما بەمەبەستی چارەسەری كۆرۆنا كارێكی نوێیە، بەڵام بەگوێرەی ئەو توێژینەوانەی پێشتر بۆ نەخۆشیی دیكە ئەنجامدراوە، بۆ نەخۆشییەكانی دیكە كەسێك یەكەمجار پلازما ببەخشێت، دەتوانێت لەماوەی 4 بۆ 6 هەفتە جارێكی دیكە پلازما ببەخشێتەوە، بەڵام دەكرێت لەماوەی ئەو چەند هەفتەیەدا خوێنی مرۆڤەكە دژەتەنەكان دروستبكاتەوە، ئەوە لەكاتێكدایە بۆ نەخۆشی كۆرۆنا بەخشەر دەتوانێت دوای یەك هەفتە لە بەخشینی پلازما، سەرلەنوێ پلازما ببەخشێتەوە، قەبارەی ئەو پلازمایەش كە وەردەگیرێت نزیكەی 600 ccە.

خەندان: جۆری خوێن كاریگەری هەیە؟

دكتۆر شوان: بەدڵنیاییەوە جۆری خوێن كاریگەری هەیە، لە بەخشینی پلازمادا پێچەوانەی خوێنبەخشین، ئەو كەسانەی گروپی خوێنیان ABە دەتوانن خوێن ببەخشنە سەرجەم گروپە خوێنەكانی دیكە و بەخشەری گشتییە، ئەوانەی گرپوی خوێنیان Oیە، تەنها خوێن دەدەنە هاوگروپەكانیان، گروپەكانی A و B دەتوانن پلازما ببەخشنە هاوگروپەكانی خۆیان و گروپی O.

خەندان: ئایا كەسێك گومانی هەبێت پێشتر توشی كۆرۆنا بوە و پەڕاندویەتی، دەتوانێت پلازما ببەخشێت؟

دكتۆر شوان: بەهۆی ئەوەی پشكنینەكانی تایبەت بە دروستبونی بەرگری جەستە دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە قۆناغی سەرەتاییدایە، كەسێك كە تەنها گومانی هەبێت پێشتر توشی كۆرۆنا بوە و دواتر ڤایرۆسەكی پەڕاندوە ناتوانێت پلازما ببەخشێت.

هاوكات بەهۆی ئەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا چەندین جۆری هەیە و ئەم جۆرەی ئێستا بەربڵاوە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێیە، پشكنینە سەرەتاییەكان ئاشكرای ناكەن كە ئایا ڤایرۆسەكە كۆرۆنای نوێیە یاخود نا.

كەواتە، هەركەسێك لەرێگەی پشكنینی PCRەوە پشكنینی نەكردبێت و پێشتر بونی ڤایرۆسەكە لە جەستەیدا تۆمارنەكرابێت، ناتوانێت پلازما ببەخشێتە كەسی توشبو بە كۆرۆنا.

دكتۆر شوان داوا لە هاوڵاتیانیش دەكات لەم دۆخەدا بەتەواوی خۆیان بپارێزن و لە شوێنە داخراوەكاندا و نزیك لە كەسانی چواردەور دەمامك بپۆشن، چونكە ئەگەرەكانی توشبون بە كۆرۆنا كەمتردەكاتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif