ڕاپۆرتێكی پڕ زانیاری لەسەر قەبارەی گەندەڵی لە عێراقدا

ليست هناك تعليقات


راپۆرتەکانی رێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی دەریدەخەن، عێراق لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام یەکێک بووە لە گەندەڵترین وڵاتەکانی جیهان. لە راپۆرتی رێکخراوی دەستپاکیی G.A.Nی ئەمریکیشدا هاتووە: حکومەتی عێراق رووبەڕووی هەندێک ئاستەنگی جیدی بووەتەوە، کە وادەکەن بەلاوازیی بمێنێتەوە و یەکێک لەوانیش گەندەڵییە. 

بەگوێرەی یاسا، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، بەرتیل و بەدەستهێنانی موڵک لە رێگەی هەڕەشە و هێزەوە تاوانە، رێکخراوە ئەمریکییەکە نووسیویەتی: "حکومەتی عێراق نەیتوانیوە یاساکانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەشێوەیەکی کاریگەر جێبەجێبکات و بەرپرسانیش بەبێ هیچ جۆرە لێپێچینەوەیەک گەندەڵی دەکەن". 

ئەو رێکخراوە ئەمریکییە، کە پۆرتاڵێکی تایبەتی بە وردبینیی داتا هەیە و کاری لەسەر گەندەڵی لە عێراق کردووە لە راپۆرتەکەدا دەڵێت: "بەرتیل و بەخشش بەمەبەستی راپەڕاندنی کارەکان لە عێراقدا زۆر بڵاون، ئەوە سەرەڕای ئەو راستییەی کە نایاسایین". 

گەندەڵی بە ژمارە

گەندەڵی کاریکردووەتەسەر کەرتە جیاوازەکانی وڵات و گەشەی ئابووری و دەرفەتی پەیداکردنی هەلی کاریشی سستکردووە. لە بودجەی گشتیی ساڵی 2014دا ئاماژە بەوەکراوە، نزیکەی 190 ملیار دۆلار بۆ 6 هەزار پرۆژە خەرجکراون، کە تەواونەکراون یان وەستاون یان پرۆژەی وەهمین و بەهەدەردانەکانیش لەو چوارچێوەیەدا لە ساڵی 2003وە بە نزیکەی 300 ملیار دۆلار مەزەندە کراوە.

لە بواری پیشەسازییدا 50 هەزار پرۆژەی پیشەسازی لە کەرتی تایبەتدا هەن، کە 85٪یان وەستاون، ئەوە جگە لەوەی کە 250 کارگەی سەر بە وەزارەتی پیشەسازی وەستاون یان بەرهەمهێنانیان زۆر کەمە.

بەپێی داتا و ئامارە کۆکراوەکان لە عێراق، قەبارەی گەندەڵی لە ساڵی 2003ەوە 400 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. ئەوە لەکاتێکدایە، بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، هەژاریی لە عێراقدا بۆ 31% بەرزبووەتەوە و هەژارییەکی زۆریش لە ناوچەکانی باشووری وڵاتدا دەبینرێت. 

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن هۆکارێکی سەرەکی ئەو قەیرانانەن بەسەر خەڵکی عێراقدا هاتوون، هەربۆیە جەخت لە ئەنجامدانی چاکسازی دەکاتەوە. 

حکومەتیش هەوڵی بەدەستهێنانی قەرزی دەرەکی و نێوخۆیی دەدات بەجۆرێک دەیەوێت لەماوەی دوو مانگدا 5 ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی و 15 ملیاریش قەرزی نێوخۆیی بکات، لیژنەی دارایی پەرلەمانیش پەسندکردنی ئەو هەنگاوەیان گرێداوە بە بەرنامە چاکسازییەکانی حکومەت.

عێراق لە لیستی وڵاتانی گەندەڵدا 

2019
162ەمین وڵات لە لیستی 180 وڵاتدا 

2018
168ەمین وڵات لە لیستی 180 وڵاتدا 

2017
169ەمین وڵات لە لیستی 180 وڵات 

2016
166ەمین وڵات لە لیستی 180 وڵات

2003
113 وڵات لە 180 وڵات

گەندەڵی لە عێراق بە ژمارە

2007
200 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی 6000 ئامێری ئاشکراکردنی تەقەمەنی

لە ساڵی 2007 عێراق نزیکەی شەش هەزار ئامێری هاوردەکرد بۆ ئاشکراکردنی تەقەمەنی، گرێبەستەکەی 200 ملیۆن دۆلاربوو. دوای چەند ساڵێک میدیای ئەمریکی راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و باسی لەوەکرد، ئەو ئامێرانە ساختەن و تەقەمەنی ئاشکراناکەن. لە ساڵی 2010 بەریتانیا هەناردەکردنی ئەو ئامێرانەی قەدەخەکرد و بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیایەی دەستگیرکرد کە دروستیکردبوون. 

2008
کڕینی 6 فڕۆکەی مەدەنی لە کەنەدا هەر یەکێک بە 38 ملیۆن دۆلار 

لە ئایاری ساڵی 2008 عێراق شەش فڕۆکەی سڤیلی لە کەنەدا کڕی، هەر فڕۆکەیەک بە 38 ملیۆن دۆلار کڕدرا، فڕۆکەکە 76 سەرنشینی بوو. دواتر دەرکەوت ئەو فڕۆکانە زۆر لە نرخی خۆی گرانتر لەسەر عێراق وەستاون.

2008
280 ملیار دینار بۆ پرۆژەیەکی جێبەجێنەکراو

ئەردەڵان نورەدین، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق لە مانگی ئایاری 2015 رایگەیاند، خوزەیر خوزاعی کە وەزیری پەروەردەی عێراق بووە لە ساڵی 2008 لە حکومەتەکەی نووری مالیکی، پڕۆژەی دروستکردنی 200 قوتابخانەی ئاسنینی داوە بە کۆمپانیایەکی ئێرانی بە بڕی 280 ملیار دینار. کۆمپانیاکە بەشێوەی سلفەی 50 ملیار دیناری پارەکەی وەرگرتووە، بەڵام پڕۆژەکە جێبەجێنەکراوە.

2014
50000 فەرمانبەر و سەربازی بندیوار لە وەزارەتی بەرگریی

لە مانگی ئەیلوولی 2014 حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق رایگەیاند، 50 هەزار فەرمانبەر و سەربازی بندیوار تەنیا لە وەزارەتی بەرگریی عێراقدا هەن کە مووچە وەردەگرن.

2003-2015

450 ملیار دۆلار گەندەڵی

لە مانگی ئابی 2015، عادل عەبدولمەهدی کە ئەوکات وەزیری نەوتی عێراق بوو، رایگەیاند، بودجەی عێراق لە ساڵی 2003وە گەیشتووەتە 850 ملیار دۆلار و گەندەڵیش لە عێراق 450 ملیار دۆلاری بەهەدەرداوە. هەروەها گوتی کە بەکارهێنانی پۆستەکان لەلایەن بەرپرسان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان 25 ملیار دۆلار لەسەر دەوڵەت کەوتووە.

2016
312 ملیار دۆلار لە مەزادی دراودا

لە کانوونی یەکەمی 2016دا بورهان مەعمووری، ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق لە پرێس کۆنفرانسێکدا لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامی دیکەی لیژنەکە لەناو پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بانکی ناوەندیی عێراق نزیکەی 312 ملیار دۆلاری لە مەزادی دراودا فرۆشتووە و 80%ی ئەو پارەیە چووەتە دەرەوەی عێراق.


2008-2017

29 ملیار دۆلار بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا

لە مانگی تشرینی دووەمی 2018 دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، ئەو پارەیەی لە بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی کارەبا لە ساڵانی 2006 بۆ 2017 بۆ کارەبا خەرجکراوە ، بریتییە لە 29 ملیار دۆلار. لەکاتێکدا تەنیا نیوەی ئەو بەرهەمەی کارەبای پێ بەرهەمهێنراوە و پلانی بۆ دانراوە، گەیشتووەتە 16010 مێگاوات، لەکاتێکدا پلان ئەوەبووە بەرهەمهێنان بگاتە 33595 مێگاوات.

2017
90 ملیار دۆلار بەقاچاخبردنی نەوت 

ئەردەڵان نووری، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق لە 25ی ئۆکتۆبەری 2017 بە رووداوی راگەیاند، قەبارەی بەقاچاخبردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لە 5 ساڵدا گەیشتووەتە 90 ملیار دۆلار. 

2003-2017

2016
150 ملیار دۆلار گرێبەستی چەک 

لە کانوونی یەکەمی 2018 پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی دروستکرد بۆ لێکۆڵینەوە لە گرێبەستەکانی کڕینی چەک کە عێراق کردوونی لەگەڵ وڵاتانی دیکە. لێکۆڵینەوەکە لە لایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراقەوە کرا و ئەو کاتە عەباس سەرووت، ئەندامی لیژنەکە رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکە هەموو گرێبەستەکانی کڕینی چەک لە 2003وە تاوەکو کۆتایی شەڕی داعش دەگرێتەوە.

تاوەکو ساڵی 2016 کۆی گرێبەستەکانی عێراق بۆ کڕینی چەک گەیشتبووە 150 ملیار دۆلار، بەڵام گومانی زۆر لەسەر گەندەڵی ئەو گرێبەستانە هەیە. هەربۆیە پەرلەمانی عێراق دەستیکرد بە لێکۆڵینەوە، بەڵام ئەنجامەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە دەرنەکەوت.

2018
لەنێوچوونی 7 ملیار دینار

لە 13ی ئەیلوولی 2018 عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بانگهێشتی پەرلەمانی عێراق کرا لەبارەی لەنێوچوونی حەوت ملیار دینار لە بانکی ناوەندیی عێراق. عەلی عەللاق گوتی ئەو بڕە پارەیە لەنێوچووە بەهۆی ئەوەی قاسەی بانکی رافیدەین تێکچووە و ئاوی باران چووەتە ناوی. ئەوەش بووە مایەی گاڵتەجاڕی لەلایەن خەڵکەوە لە عێراق.

2016
25 ملیۆن دۆلار بەرتیلدان

لە ساڵی 2016 راپۆرتێک بڵاوبووەوە بە ناوی "گەورەترین سکانداڵی بەرتیل لە جیهان" کە لە گرێبەستەکانی نەوتدابوو لە عێراق. 

بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوەیە کۆمەڵێک بەرپرس لە عێراق، لەنێویاندا حوسێن شەهرستانی، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری پێشووتری نەوت لە حکومەتی عێراق، بەرتیلەکان گەیشتبووە 25 ملیۆن دۆلار کە کۆمپانیای ئۆنائۆیڵ دابووی.

دواتر تەڵاڵ زەوبەعی، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، یەکێک لەو بەرپرسانەی تێوەگلاوە بڕی 600 ملیۆن دۆلاری لە وڵاتێکی دراوسێدا هەیە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif