كازمى هه‌نگاو بۆ دروستكردنى ره‌وتێكى سیاسى ده‌نێت‌

ليست هناك تعليقات


پێده‌چێت مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، زوو له‌و راستییه‌ گه‌یشتبێت هاوشێوه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشوو بێ راوه‌ستانى كوتله‌یه‌كى په‌رله‌مانیى له‌ پشتیه‌وه‌، ناتوانێت ئاشى حكومڕانییه‌كه‌ى تا سه‌ر بسوڕێنێت، بۆیه‌ش زانیارى هه‌یه‌ له‌ پشتى په‌رده‌وه‌ ده‌ستى به‌ جموجوڵ كردووه‌ بۆ دروستكرنى كوتله‌ى په‌رله‌مانیى و دواتریش لیست بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو.

كازمى به‌هێواشى به‌ په‌یژه‌یه‌كى سه‌ختدا به‌ جلوبه‌رگى كه‌سایه‌تى بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆوه‌ بۆسه‌ر ته‌ختى حكومڕانى سه‌ركه‌وتن، ره‌نگه‌ بییه‌وێت بۆ هه‌میشه‌ جێ پێى خۆى له‌ بازاڕى جه‌نجاڵى سیاسی عێراقدا قایم بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ سه‌ركێشى ده‌وێت، لایه‌نه‌كان وه‌ك كه‌سێكى سه‌ربه‌خۆ پاڵیان نا بۆ سه‌ركه‌وتنی بۆ سه‌ر ته‌ختى ده‌سه‌ڵات، ئێستا پێناچێت به‌ ئاسانى په‌سه‌ندى بكه‌ن وه‌ك سه‌رۆك ره‌وتێك ده‌ربكه‌وێت و ده‌نگه‌كانیان به‌رێت و له‌رێگه‌ى كورسى سه‌رۆك وه‌زیران رێگه‌ خۆش بكات بۆ ئه‌و خه‌ونه‌ى. 

جوڵه‌یه‌ك له‌ په‌ڕله‌مانه‌وه‌

میدیا عێراقییه‌كان بڵاویان كرده‌وه‌، جوڵه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆ دروستكردنى رێكخستنێكى سیاسى كه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك په‌رله‌مانتار پێكدێن له‌ چه‌ند كوتله‌یه‌كى جیاواز به‌ سه‌رپه‌رشتى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق.

سه‌رچاوه‌ى زانیارییه‌كان ده‌ڵێت، ئه‌م جوڵه‌یه‌ بۆ دوو ئامانجى سه‌ره‌كییه‌، كازمى ده‌یه‌وێت هه‌ڵبژاردنى داهاتوو لیستێك دروست بكات و خۆى كاندید بكات، جگه‌ له‌وه‌ش ده‌یه‌وێت له‌م ماوه‌یه‌دا له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ كوتله‌یه‌كى په‌رله‌مانى هه‌بێت پشتیوانى كاره‌كانى بكات. كازمى راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتى جموجوڵه‌كان ده‌كات، له‌رێگه‌ى كۆبوونه‌وه‌كانیه‌وه‌ بۆ تێپه‌ڕینى پڕۆژه‌كه‌.

ره‌وتى حیكمه‌ى تێدا ده‌بێت

ره‌نگه‌ كازمى نه‌یه‌وێت بێ پشتیوانى كوتله‌ى گه‌وره‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ بنێت، به‌وپێیه‌ى هه‌ر هه‌نگاوێكى له‌وجۆره‌ ئه‌گه‌ر ده‌ستى هه‌ندێك له‌و كوتلانه‌ى تێدا نه‌بێت كه‌ پشتیوانى كازمییان كرد، ئه‌وە ده‌توانن له‌ پەڕله‌مانه‌وه‌ یارییه‌كه‌ى لێتێك بده‌ن، به‌ تایبه‌ت ئێستا نورى مالیكى و ره‌وته‌كه‌ى ئه‌یاد عه‌لاوى به‌رهه‌ڵستكارى توندى كابینه‌كه‌ى كازمین، سه‌رۆك وه‌زیران به‌رگه‌ى زیادكردنى نه‌یارى دیكه‌ ناگرێت.

ره‌حیم عه‌بودى ئه‌ندامى ده‌سته‌ى سیاسى ره‌وتى حیكمه‌، چه‌ند رۆژیك پێش ئێستا رایگه‌یاند، به‌ ئاڕاسته‌ى پێكهێنانى كوتله‌یه‌كى پشتیوان له‌ حكومه‌ت هه‌نگاو ده‌نێن گوتى:"ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان ‌نییه‌ به‌ ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌، به‌گوته‌ى خۆى ئه‌و هه‌نگاوه‌ له‌پێناو تێپه‌ڕاندنى دۆخى ئێستاو گێڕانه‌وه‌ى هاوسه‌نگى سیاسییه‌ كه‌ له‌رابردوودا نه‌مابوو". 

پێده‌چێت كازمى خواستى ئه‌وه‌ى هه‌بێت، ده‌ستپێكى ئه‌م هه‌نگاوه‌ى له ‌رێگه‌ى پێكهێنانى هاوپه‌یمانییه‌كه‌وه‌ بێت و لایه‌نى كاریگه‌ر تێیدا به‌شداربن، تا هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ نه‌كه‌وێته‌ به‌ر تیرى نه‌یاره‌كان و ره‌وته‌كه‌ى وه‌ك ره‌وتى كازمییه‌كان ده‌رنه‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌م جموجوڵه‌ خێرایه‌ى دواى ماوه‌یه‌كى كه‌م له‌ ده‌سبه‌كاربوونى جددیه‌ت و خواستى زۆرى ئه‌و له‌ كاره‌كه‌دا روون ده‌كاته‌وه‌، ره‌نگه‌ ره‌چاوى ئه‌وه‌شى كردبێت بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن كاتێكى زۆر له‌ پێش نییه‌ بۆ خستنه‌ سه‌رپێى ره‌وتێكى سیاسى.

هه‌نگاوه‌كانى كازمى

له‌و ساته‌وه‌ى كورسى سه‌رۆك وه‌زیرانى وه‌رگرتووه‌، هه‌نگاوه‌كانى به‌ ئاڕاسته‌ى جوڵاندنى عاتیفه‌ى شه‌قام له‌هه‌ر شتێك له‌ پێشتره‌ لاى ئه‌و، یه‌كه‌م كارى به‌ گێڕانه‌وه‌ى عه‌بدولوه‌هاب ساعدى فه‌رمانده‌ى دژه‌تیرۆر ده‌ستپێكرد، ئه‌وه‌ى شه‌قام چه‌ند مانگ بوو چاوه‌ڕێى بوون، هاوكات له‌گه‌ڵ روودانى هه‌ر توندوتیژییه‌ك به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران كازمى بێدوودڵى فه‌رمانى لێپێچنه‌وه له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌رده‌كات. 

ره‌نگه‌ كازمى بییه‌وێت له‌ رێگه‌ى ئه‌و رۆڵه‌ى پێیدراوه‌ له‌ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران، رێگاكه‌ بشێلێت بۆ دروستكردنى ره‌وتێكى سیاسى نوێ و شه‌قامى ناڕازى عێراقى به‌لاى خۆیدا رابكێشێت، ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى له ‌كاتێكدایه‌ كازمى ناتوانێت دۆستایه‌تى هیچ كام له‌و لایه‌نانه‌ له‌ ده‌ست بدات كه‌ پشتیوانى بوون، پێناچێت كازمى تا سه‌ر بتوانێت دڵى شه‌قام و حزبه‌كانیش رابگرێت و ئه‌م هێلكه‌یه‌ به‌سه‌ر په‌ته‌كه‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌كى درێژ بوه‌ستێنێت. 

له‌ راستیدا حزبه‌شیعییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ كازمییان نه‌كردووه‌ته‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیران، ره‌وتى سیاسى دروست بكات و ره‌نجى ئه‌وان لووشبدات، له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ له‌سه‌ر كه‌سێك رێكنه‌ده‌كه‌وتن بۆ ئه‌وه‌بوو ئه‌و كه‌سه‌ له‌ هیچ كام له‌و حزبانه‌ نه‌بێت، بۆیه‌ پێناچێت حزبه‌كان تاسه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌م جموجوڵانه‌ى كازمى بن، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر بایه‌كه‌ پێچه‌وانه‌وه‌ى ئاڕاسته‌ى شه‌نى ئه‌وان هه‌ڵبكات. 

هه‌ڵوێستى وڵاتان

له‌عێراق هه‌ر گۆڕانكارییه‌كى سیاسى بێ ئیراده‌ى یاریكه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تى و هه‌رێمییه‌كان ئه‌سته‌مه‌ رووبدات، ئێستا له‌ هه‌ركات زیاتر سه‌رنج له‌سه‌ر رۆڵى ئێران و ئه‌مریكایه‌ له‌ عێراق، به‌ تایبه‌ت دانوستانه‌كانى عێراق و ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ئه‌م گفتوگۆیانه‌ چاره‌نووسسازن و ره‌نگرێژى قۆناغى داهاتوو ده‌كه‌ن.

هه‌ر جوڵه‌یه‌كى مسته‌فا كازمیش به‌ ئاڕاسته‌ى دروستكردنى ره‌وتى سیاسى، هه‌نگاوه‌كانى ماوه‌ى حكومڕانى سه‌رۆك وه‌زیران و خواستى تاران و واشنتن له‌ رۆڵى ئه‌و پیاوه‌، كاریگه‌رى گه‌وره‌یان هه‌یه‌ له‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌یدا، هه‌ر هه‌نگاوێكیشى له‌ داهاتوو بارگاوى ده‌بێت به‌و ململانێیه‌، تا ئێستا كازمى ده‌یه‌وێت دڵى هه‌ردوولا رابگرێت، ئه‌گه‌ر به‌م جۆره‌ رایبكێشێت ره‌نگه‌ هه‌لێكى كه‌م وێنه‌ى بۆ بڕه‌خسێت بۆ ماوه‌یه‌كى زیاترى حكومڕانیى. 

پرۆسەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران بۆ کازمی، هەمووی قازانج بوو چونکە مایەی نەبوو بێ دروستکردنی حزبی سیاسی و ماندووبونی زۆر ئەو پۆستەی بردەوە، ئێستا کە لەوێوە خواستی زیاتری هەیەو دەیەوێت سوود لەو هەلە ببینێت بۆ گەورەکردنی پێگەی سیاسی خۆی، دیار نییە قازانج سەری مایە دەخوات، یاخود ئەو گرەوەش دەباتەوە.
پەیسەرپرێس


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif