جمیل بایك: دار کرمی لە خۆی نەبێت، ناڕزێت

ليست هناك تعليقات

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان - کەجەکە دەزگای زانیاری و پاراستن تۆمەتباردەکات بە "هاوکاریکردنی" دەوڵەتی تورکیا و هەڕەشەی "کوشتن" لەو کەسانە دەکات کە ئەو بە "خیانەتکار" و پیاوی میت ناویان دەبات.

لەمیانی پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنی لەگەڵ کەناڵی ستیرک تیڤی، ئەو سەرکردەیەی کەجەکە باسی لە دۆخی هەرێمی کوردستان و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا کرد و گوتی "دار کرمی لە خۆی نەبێت، ناڕزێت".

بایک بە ئاماژەکردن بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە ناوچە سنوورییەکان باسی لەوە کرد، گەلی کورد دەبێت سوود لە مێژوو وەربگرێت و وەکو رابردوو جارێکی دیکە دووبەرەکیی ناوخۆیی دەستکەوتەکان لەناونەبات. ئەو دەشڵێ "گەریلا" پارێزەری دەستکەوتەکانی باشووری کوردستانە و پشکی لە سەرکەوتنەکان هەیە، بانگەشەی ئەوەش دەکات گەر خەباتی پەکەکە نەبوایە، ئەوا دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان لەنێودەچوون.

بایک باس لە پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات و باس لەوە دەکات گوایە "هەندێک لە کادیرەکانی" ئەو دوو پارتە وادەزانن زانیاری لەسەر پەکەکە بۆ حیزبەکانیان کۆدەکەنەوە، بەڵام "ئاگاداری ئەوە نین کە زانیارییەکان دەدرێنە میت".

بە گوتەی بایک، "میت پەرە بە سیخوڕی دەدات و گەریلا کۆمەڵکوژ دەکات...بەڵام چەند دەزگایەکی هەواڵگری لە باشوور هاوکاریی میت دەکەن... کاتێک هەڤاڵانمان شەهید دەکرێن، هۆکارەکەی ئەوەیە لە باشوور دەزگای پاراستن هەیە، دەزگای زانیاری هەیە، لەناو ئەواندا هاوکاریی میت دەکرێت".

بایک بەناوی کەجەکەوە دەڵێ، ئەوان تاوەکو ئێستا "ئارامیان گرتووە" و چاوەڕێ بوون کە هەرێمی کوردستان هەندێک رێکار بگرێتەبەر، "بەڵام دەبینرێت هیچ رێوشوێنێک ناگرنەبەر، لێرەدا هەرکەس ئاشکرابکەین بەسەریدادەدەین. جا با دواتر ئەو پارت و رێکخستنانە نەڵێن پەکەکە خەڵکی ئێمە دەکوژێت و سیاسەتی دژی ئێمە دەکات".

لەبارەی ئەوەی کە کێن ئەو کەسانەی ئەم هەڕەشانە دەیانگرێتەوە، جەمیل بایک گوتی "هەر کەسێک دەستی بچێتە خوێنی گەریلا، دەبێتە ئامانجی ئێمە... بۆ نموونە، کاتێک ئەو کەسانە دەستبەسەردەکەین کە دەستیان چووەتە خوێنی گەریلاکانمان، دەبینین چەند رێکخراو و لایەنێک خاوەندارییان دەکەن. دەڵێن ئەوانە خەڵکی ئێمەن و ئازادیان بکەن. دەڵێن، ئەوەتا پەکەکە خەڵکی ئێمەی دەستبەسەرکردووە و دووژمنداری دەکات. ئەوان خاوەنداریی ئەو خائینانە دەکەن. نابێت هیچ کەسێک خاوەنداریی ئەو خائینانە بکات".

بایک گوتیشی، هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانە ناگەڕێتەوە بۆئەوەی کە سەر بە کێن، بەڵکو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە چییان کردووە.

رۆژی 15-06-2020 وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی بە بەشداری فڕۆکە ئێف-16ـەکانی بۆسەر بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد و ناوچەکانی شنگال، قەرچووخ، قەندیل، زاپ، ئاڤاشین، باسیان و خواکورکیان لە باشووری کوردستان بۆردوومانکرد.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif