ڕاپۆرتێكی گرنگ لەسەر نەوتی هەرێم

ليست هناك تعليقات


پێش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-19 هەرێمی کوردستان چاوی لەوەبوو بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە 2020 پەرەپێبدات، بەڵام زۆری نەخایاند بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا جارێکی دیکە پیشەسازیی نەوتی خستە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسەوە.
چەند مانگێک پێش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-19 پێشبینی دەکرا، پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕووی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوە نزیک ببێتەوە لە 550 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، بەڵام بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤیدـ١٩ لە جیهان و کەمبوونەوەی خواست بۆ نەوت وایکرد پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان و هەڵکەندنی بیری نوێی نەوت لە هەرێمی کوردستان رابگیرێت. 
دابەزینی نرخەکانی نەوت و کەمبوونەوەی خواست بۆ نەوت لەسەر ئاستی وڵاتانی بەکارهێنەری نەوت، هەرێمی کوردستانی تووشی دوو بژاردەی قورس کردووە، کە یەکێکیان دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و ئەوەی دیکەیان پێدانی شایستە دارییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکانە. 
لە کۆتاییەکانی مانگی نیسان، کۆمپانیای گەنەل ئیَنرجی بڵاویکردەوە کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە رێککەوتنێک سەبارەت شایستە داراییەکان و چۆنیەتی وەرگرتنەوەی هەقدەستی کارکردنیان لە کیڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. بەپێی رێککەوتنەکە هەرێمی کوردستان لە مانگی ئادارەوە هەقەدەستی مانگانەی کۆمپانیا نەوتییەکان 15 رۆژ لە دوای وادەی خۆی دابیندەکات، واتە 45 رۆژ جارێک هەقدەستی مانگانەی کۆمپانیاکان دەدات. جیا لەمە هەقەدەستی دواکەوتووی دوو مانگی کۆتایی 2019 و دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵ نادرێت تاوەکو نرخی نەوت بۆ سەرووی 45 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزدەبێتەوە. 
کەمکردنەوەی خەرجییەکان لە پەرەپێدان و خزمەتگوزاریی بیرە نەوتییەکان وهەڵکەندنی بیری نوێ لە لایەن کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتەوە پێشبینییەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە 2020ی لە کوردستان هەڵوەشاندەوە.
ئێستا بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان خەریکە نزیک دەبێت لە 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، ئەویش بەهۆی ئەوەی هەندێک لە کۆمپانیاکان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ تەوژمی دابەزینی نرخەکانی نەوت لە سێ مانگی رابردوو هەم خەرجییەکانی ئەمساڵیان کەمکردەوە و هەم خزمەتگوزاریی کێڵگە نەوتییەکانیان دواخست و هەندێکیشیان بە تەواوی بەرهەمهێنانیان راگرت. 
بەپێی زانیارییەكانی کاپلەر و میس، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەراورد بە چارەکی یەکەمی 2019 بەبڕی 6 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمیکردووە. هەرچەندە ژمارەکە کەم دەردەکەوێت، بەڵام هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-19 لە هەرێمی کوردستان و جیهانیش کەوتە دوای مانگەکانی چارەکی یەکەمی ئەمساڵ و لێکەوتەکانی لەسەر بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە مانگەکانی نیسان و ئایاردا دەرکەوت، نەک لە مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵ. 
بەپێچەوانەی ئەوەی باسدەکرێت کە کڕیاری یەکەمی نەوتی هەرێمی کوردستان ئیسرائیلە، لە چارەکی چوارەمی 2018 تاوەکو چارەکی یەکەمی 2020، کڕیاری سەرەکی نەوتی هەرێمی کوردستان ئیتالیا بووە، بەڵام لە دوای چارەکی یەکەمی ئەمساڵەوە چین بە کڕینی 157 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بووەتە کڕیاری یەکەمی نەوتی هەرێمی کوردستان، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە چین دابەزینی نرخەکانی نەوتی وەک دەرفەتێک بۆ پڕکردنەوەی ئەمبارەکانی وڵاتەکەی قۆستەوە. 
ئیسرائیل تەنیا لە چارەکی یەکەمی 2017 دا یەکەم گەورەترین کڕیاری نەوتی هەرێمی کوردستان بووە، بەڵام لە دوای ئەوەوە هەر یەک لە ئیتالیا، یۆنان و چین بوونەتە کڕیاری سەرەکی نەوتی هەرێمی کوردستان. 
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆری جەیهانەوە لە چارەکی یەکەمی 2017وە تاوەکو چارەکی یەکەمی 2020 هەزار بەرمیل رۆژێکدا بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:

سەرچاوە: کپلەر و میس
دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان لە دۆخی رۆژانی دوای ئۆکتۆبەری 2017 دەچێت، کاتێک هێزە عێراقییەکان توانیان دەست بەسەر کەرکووک و کێڵگە نەوتییەکانی ئەو ناوچەیەدا بگرن و بەم هۆیەشەوە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکرد. 
دابەزینی نرخی نەوت لە مانگەکانی ئادار و نیسانی ئەمساڵدا گورزێکی تووندی لەو وڵاتانەدا کە ئابوورییەکەیان بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ئەم قەیرانە سەرئیشەی زۆری بۆ دابینکردنی بودجەی تەرخانکراو بۆ راپەڕاندنی کارەکانی ئەو وڵاتانە دروستکرد. بەڵام دابەزینی نرخەکانی نەوت لەبەر دوو هۆکار کێشە گەورەی دیکەی بۆ هەرێمی کوردستان دروستکردووە.
یەکەمیان هەرێمی کوردستان پارەی خەزنکراو (یەدەکی) نییە و ناشتوانێت قەرزی دەرەکی بکات، ئەمەش وادەکات بە مەبەستی وەرگرتنی قەرز بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە پەنا بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان ببات. دووەمیان ستراکچەری پیشەسازی نەوتی هەرێمی گونجاو نییە بۆ وەرگرتنی قەرز و دواخستنی هەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان بەتایبەت کە دەکرێت رۆژانە گۆڕانکاری خێرا و پێشبینینەکراو لە بەهای نەوتدا رووبدات. 
لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا هەرێمی کوردستان بەرمیلێک نەوتی بە 6.7 دۆلار فرۆشتووە
بەپێی راپۆرتی دیلۆیت لەبارەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2019، تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان 52.7 دۆلار بووە، واتە نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان 11.5 دۆلار کەمتر بووە لە نرخی نەوتی برینت لە بازاڕەکانی جیهان. 
تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا 18.37 دۆلار بووە، بەو پێیە بێت بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان بە 6.7 دۆلار لە بازاڕەکاندا فرۆشراوە، ئەمەش وایکردووە لە مانگەکانی ئادار، نیسان و ئایار داهاتی نەوت بۆ هەرێمی کوردستان کەمەرشکین بێت، لە کاتێکدا کاتێک تێکڕای نرخی نەوتی برینت لە مانگی ئادار بە 32.01 دۆلار، مانگی نیسان بە 18.37 دۆلار و مانگی ئایار بە 29.37 دۆلار بوو. 
دابەزینی نرخی نەوت وایکرد هەرێمی کوردستان شایستە دارییەکانی دوو مانگی کۆتایی 2019 و دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵی کۆمپانیا نەوتییەکان دوابخات، هاوکات کۆی قەرزی پیشوەختەی کۆمپانیا نەوتییەکان کە حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی 2019 وەریگرتوون گەیشتووەتە 3.9 ملیار دۆلار. 
وەرگرتنی قەرزی پێشوەختە لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لەجیاتی فرۆشتنی نەوت بووە لە داهاتوودا، بەڵام شکانی بەرچاوی نرخەکانی نەوت لە دوومانگی رابردوودا وایکردووە رەوشەکە بۆ دانەوەی قەرزەکان قورستر بێت.
سەرەڕای قەیرانی نرخەکانی نەوت لە 6 ساڵی رابردوودا و ئەو ئاستەنگە داراییانەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان دروستیکردووە، کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی خۆی رابگرێت. 
کۆی قازانجی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان لە نیوەی یەکەمی 2019 بە بەراورد بە نیوەی یەکەمی 2017 بەبڕی 310 ملیۆن دۆلار(یان 12.4%) کەمیکردووە، ئەویش بەهۆی کەمبوونەوەی کۆی بەرهەمهێنانی نەوت لە 612.4 هەزار بەرمیل بۆ 470.6 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
خەرجی و داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان لە نیوەی یەکەم و دووەمی 2019 بە بەراورد بە نیوەی یەکەم و دووەمی 2017 و 2018

سەرچاوە: دیلۆیت، میس و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان 
هەناردەکردن و خواستی نەوتی هەرێمی کوردستان لە نیوەی یەکەم و دووەمی 2019 بە بەراورد بە 2017 و 2018

سەرچاوە: دیلۆیت، میس و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان 
بەپێی ئەو داتایانەی دیلۆیت بڵاویکردوونەتەوە، لە کۆی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان لە نیوەی دووەمی ساڵی رابردوو، 43٪ی قازانج بووە. کۆی داهاتی نەوتی کوردستان لە شەش مانگی کۆتایی 2019 نزیک 4.1 ملیار دۆلار بووە و بە بەراورد بە نیوەی یەکەمی هەمان ساڵ بە رێژەی 20.5% دابەزیوە.
لە 2019، کۆی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان 8.44 ملیار دۆلار بووە، لەو بڕە 4.52 ملیار دۆلاری قازانج بووە. پێشبینیدەکرێت کۆی قازانجی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 2020 نیوەی قازانجی ساڵی رابردوو کەمتر بێت. 





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif