ئەندامێكى لێژنه‌ى دارایى پەرلەمانی کوردستان ڕوونکردنەوە لەبارەی چارەنووسی دەرماڵەی فەرمانبەران لە ئەنجامی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەخاتە ڕوو.
لیزا كاكه‌یى، ئه‌ندامى لێژنەی دارایى په‌رله‌مانى كوردستان ڕایگەیاند: ”به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری له ده‌رماڵه‌كان له ئامانجه‌كانی یاسای چاكسازییه، له‌ژێر رۆشنایی ئه‌م ئامانجه‌دا، یه‌كێك له‌و ده‌رماڵانه‌ی كه تا ئاستێك ناهاوسه‌نگی له خه‌رجكردنی به‌دی ده‌كرێت بریتییه له ده‌رماڵه‌ی (ترسناكیی پیشه) كه له هه‌ندێك حاڵه‌تدا به‌بێ بوونی مه‌رجه یاساییه‌كان، به‌ستراوه و خه‌رجكراوه، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆكارێك بۆ په‌یدابوونی نادادپه‌روه‌ری له نێوان كارمه‌ندێك كه به کردەیی ئه‌ركه‌كه‌ی هه‌ڵگری ترسناكییە، له‌گه‌ڵ كارمه‌ندێكی دیکە كه هه‌مان ده‌رماڵه‌ی بۆ خه‌رج ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌ركه‌كه‌ی ئه‌و ترسناكییه‌ی نییه“.
ڕوونیشی کردەوە: ”به‌گوێره‌ی پیشه و وه‌زاره‌ت، له لیستی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستاندا ٢٤ جۆر ده‌رماڵه هەیە. له‌وانه یازدەیان به یاسا رێكخراون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له هه‌ندێك حاڵه‌تدا دیسان نادادپه‌روه‌رییه‌ك هه‌یه، هه‌روه‌ها سێزدە ده‌رماڵه‌كه‌ی دیكه به بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وەزیران خه‌رجكراون كه له چوارچێوه‌ی یاسای چاكسازیدا حكوومەت ده‌توانێت ده‌رماڵه ناشایسته‌كان ده‌ستنیشان بكات و رایانبگرێت“.
بە گوتەی لیزا کاکەیی کە ئەندامی فراکسیۆنی پارتییە لە پەرلەمانی کوردستان، حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان بۆ دابینكردنی مووچه‌ی مانگێك، پێویستی به ٧٥٥ ملیۆن دۆلاره و له‌و بڕه، ٣٥٥ ملیۆن دۆلار بۆ خه‌رجیی ده‌رماڵه‌كانه كه ده‌كاته له ٪٥٣ی كۆی مووچه. ئه‌مه‌ش ”واتا ناهاوسه‌نگییەک له خه‌رجی، له‌كاتێكدا یه‌كێك له ستراتیژییه‌ته‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حکوومەتی هەرێمی کوردستان، كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجیی ناشایسته‌یه“.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق