ناتۆ داواکاریەكی تورکیا سەبارەت بە پەیەدە و یەپەگە رەتدەکاتەوە

ليست هناك تعليقات


تورکیا داوا لە ئەندامانی هاوپەیمانی باکووری ئەتلەنتیک (ناتۆ) دەکات پەیەدە و یەپەگە وەک "تیرۆرست" بناسێنێت، بەڵام زۆربەی ئەندامانی رێکخراوەکە داواکارییەکەی تورکیایان رەتکردووەتەوە، بۆیە تورکیا دەیەوێت رێگری لە پلانێکی ناتۆ بۆ رۆژهەڵاتی ئەوروپا بکات.

ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا DPA لە راپۆرتێکدا باس لە رێگری تورکیا لە پلانێکی ناتۆ دەکات کە تایبەتە بە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا. هۆکارەکەشی وەک ئەوەی لە راپۆرتەکەدا باسکراوە، داواکارییەکی تورکیایە بۆ تیرۆرست ناساندنی هەر یەک لە پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) و باڵە چەکدارییەکەی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە لایەن وڵاتانی ئەندام لە ناتۆدا. بەڵام زۆربەی ئەندامانی ناتۆ داواکارییەکەی تورکیایان رەتکردووەتەوە.

لە ساڵی 2015وە ناتۆ پلانێکی وەڵامدانەوەی بەرگری لە بەرامبەر رووسیا بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا داڕشتووە، کە بە (Graduated Response Plans) ناسراوە. ناوەڕۆکی پلانەکە لەوەدا کورتدەکرێتەوە کە رێکارەکانی ترساندنی رووسیا لە لایەن ناتۆوە دەگرێنەبەر، ئەگەر بارودۆخێکی نەخوازراو بێتە پێش، یان هێرش بکرێتە سەر ئەندامێکی رێکخراوەکە لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا. 

لە کۆبوونەوەی لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە مانگی دیسێمبەری ساڵی رابردوو، لە لەندەن، سکرتێری ناتۆ ئەو پلانەی بە نیمچە پەسەندکراو راگەیاندبوو، تەنیا پێویستی بە هەندێک روونکردنەوە ماوە بۆ وڵاتانی بالتیک و پۆلەندا.

میدیاکەی ئەڵمانیا باس لەوە نەکردووە ئەم داواکارییەی تورکیا کەی پێشکێش بە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆدا کراوە، هەروەها ناوی هیچ وڵاتێکی هاوڕای تورکیا یاخود ئەوانەی رەتیانکردووەتەوە، نەهێناوە. تەنیا ئاماژە بەوە دراوە کە ناتۆ نەیویستووە لەسەر ئەو پرسە وەڵامیان بداتەوە و تەنیا لەسەر زاری گوتەبێژێکی ناتۆوە هاتووە: "بەهۆکاری ئەمنییەوە نامانەوێت وردەکاری بابەتەکە باس بکەین، بەڵام ناتۆ پلانی بۆ بەرگری لە هەموو ئەندامانی هاوپەیمانییەکە هەیە". گوتەبێژێکی نوێنەرایەتیی تورکیاش لە ناتۆ دەڵێت: "ئێمە بە باشی نازانین، ئەو مژارانەی هەستیارن و سروشتیی نهێنیان هەیە، ببنە مژاری راگەیاندنەکان". 

وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لە رۆژانی 17 و 18ی ئەم مانگە لە رێگەی تێلێکۆنفرانس کۆدەبنەوە. بەپێی ئەجێندای کۆبوونەوەکەدا، جگە لە بابەتەکانی پەیوەست بە ڤایرۆسی کورۆنا و داواکاری سکرتێری ناتۆ بۆ زیادکردنی خەرجییەکانی بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ، گفتوگۆ لەسەر ئەو پلانەی ناتۆ بۆ رۆژهەڵاتی ئەوروپاش دەکرێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif