کازمی و سیناریۆیە چاوەروانکراوەکان

ليست هناك تعليقات


مەیادە نەجاڕ
-
مستەفا کازمی لەسەرەتای دەست بەکاربوونیەوە، ئەوەی خستەروو کە دەیەوێت گۆرانکاری سەرەکی بکات و نابێتە بەشێک لەسیاسەتی حکومەتەکانی پێش خۆی ئەمەش بە تەواوەتی نامەیەک بوو بۆ بەشێکی زۆر لەسەرکردە شیعەکان، ئێستا کازمی خۆی لەناو چەند سیناریۆیەک دا دەبینیتەوە. 

ئۆپەراسیۆنێکی جیاواز 

شەوی بیست و شەشی حوزەیران کاتێک زۆربەی دانیشتوانی بەغدا لەخەودابوون، ئەوەندەیان زانی ھیزەکانی دژە تیرۆر گەمارۆی بارەگایەکی حزبوڵلای عیراقیان داوە تەواوی ئەندامانی نیو بارەگاکەشیان دەستکیردووە کە ژمارەیان ١٤ کەس دەبێت دەست بەسەر چەندین جۆری چەکی جیاواز لە چەکی قورس و سووک دوو سەکۆی ھەڵدانی موشەکیشدا گیراوە، بەتایبەتی، ئەمە بیجگە لەو ھەنگاوانەی تری کازمی بانگەشەی بۆ ‌دەکات، ھەمووی بە زیانی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کۆتایی دیت، بە تایبەتی کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و چەککردنی گروپە چەکدارەکان، بۆیە روودانی ھەر گرژیی و پەرچەکردارێک چاوەڕوانکراوە و پێناچێت گروپەکان دەستەوەستان بن. یەکێک لەسیناریۆ دیارەکانی کازمی بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە داراییەکانی گروپە شیعەکانە، تەواوی دەروازە سنوورییەکانیش لەژێر کۆنترۆلی گروپە شیعەکاندان، بەمەش داھاتێکی خەیاڵی دەست ئەو گروپانە دەکەوێت، ئامانجی سەرەکی لەم ھەنگاوەدا ئەوەیە کە تەواوی دەروازەکان لە دەست گروپە چەکدارەکان بھێنێتە دەرەوە، بەم ھەنگاوەش ئێرانیەکان تووشی گەورەترین زیانی ئابووری دەبن. 

گەمارۆکان و ئێران 

ئاساییە کازمی بۆ رازیکردنی ئەمریکا، سنوور بەرووی کەلوپەلی ئێرانیدا دابخات، بەمەش دەتوانێت بە تەواوەتی گەمارۆکان لەسەر ئێران چربکرێتەوە، چونکە ئێستا عیراق بۆتە بۆرسەیەک بۆ گواستنەوەی دراوە گران بەھاکانی وەک(دۆلار و یۆرۆ ) بۆ ئێران، کازمی دەیەوێت لەرێگەی کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکانەوە ئەو گورزە لەئێران بدات، لەکاتیکدا بەھۆی سزاکانی ئەمریکاوە ئێران ڕووبەڕووی فشاری گەورەی ئابوری بۆتەوە ، دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دۆخەکەیان لە ئێران ئاڵۆزتر کردووە. سیاسەتی دەرەکی یەکەم سەردانی فەرمی کابینەکەی مستەفا کازمی بۆ دەرەوەی عێراق، لەرێگەی عەلی عەلاوی وەزیری داراییەوە بۆ ولاتانی کەنداو بوو یەکەمیان بە کوەیت دواتر بۆ سعودیە بوو، لەکاتێکدا ئەم ھەنگاوەش لەلایەن ئەمریکاوە پێشوازی لێکراوە، واشنتن دەیەوێت عیراق بگەرێینتیەوە بۆ نێو جیھانی عەرەبی و کۆتای بەھەژموونی ئێرانیەکان بھێنیت، ئەمە بێجگە لەوەی کازمی بەنیازە بۆ کرینی غازی سروشتی و کارەبا روو لە سعودیە بکات، ئەمە بێجگە لەوەی بەنیازە بەشێکی زۆری کەرتی غازی سروشتی بەتایبەتی (کێڵگەی عوکاز)عێراق رادەستی کۆمپانیا سعودیەکان بکات، ئەم ھەنگاوەش زیاتر ئێرانیەکان توورە دەکات. 

ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوینەران 

یەکێکی تر لەھەنگاوەکانی ئەمجارە کازمی بۆ بەھێزکردنی پێگەی خۆی ، ھەولدانە بۆ ھەلوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەمەش کارێکی زۆر قورس و ئەستەمە لەرووی یاسایی و دەستوورییەوە، بەلام کازمی ئەوەی نەشاردۆتەوە کەخۆی بۆ ھەلبژاردنی پێش وەخت ئامادە دەکات، لەم حالەتەشدا ئەنجوومەنی نوێنەران ھەلدەوەشێنیتەوە، رەنگە کازمی ئەم بژاردەیە بۆیە دەوێت بەکاربھێنت بۆ ئەوەی بتوانێت لەم رێگەیەوە کۆنترۆڵی دەستەلاتی یاسادانان بکات، بەتایبەتی زۆرینە ئەنجوومەنی نوێنەران لەھیزە شیعەکان پێکدێن و رێگری لەکارەکانی دەکەن، لەلایەکی تریشەوە ئەگەر ئەنجوومەنی نوێنەران نەما ئەوکات حکومەتێکی بچووکراوە دروست دەکات بەشێوەیەی کاربەرێکەری فەرمانرەوایی ولات دەکات، ئەمەش بابەتێکی زۆر ئەستەمە چونکە عێراق دەخاتە نێو بۆشاییەکی دەستووری و یاساییەوە. 
جەنگی ناوخۆیی 
لەکۆتایدا ھەنگاوەکانی کازمی ھەرچۆنێک بێت و چ ئامانجێکی ھەبێت کازمی لەنێوان دوو بژاردەدایە یەکەمیان ئەوەیە لە ھەنگاوەکانی بۆ سنوردارکردنی گروپەکان دەستی ئێران بەردەوام بێت، بەلام ئەمەش ئاسان نییە چونکە عێراق لە ژیر نفوزی ئێراندایە و بەشێکی دانیشتوانی عێراق وەلائیان بۆ ئێران لەخودی ولاتی خۆیان زیاترە، ئەمەش وادەکات جارێکی دیکە عێراق ببێتە گۆڕەپانی شەڕی ناوخۆی لەم بارەشدا عێراق بەرەو داڕوخان دەروات، یان دەبێت ھەولبدات رەچاوی بەرژەوەندییەکانی تاران و واشنتن بکات،دۆخی عێراق بەھاوسەنگی لەنێوان بەرژەوەندییەکانی ئێران و ئەمریکییەکاندا رابگرێت، بەڵام ئەمەشیان زۆر ئەستەمە ئێستا چونکە کازمی لەیەکەم دەستپیکی کارەکانیدا خۆی بەھاوسۆزی ئەمریکیەکان نیشان داوە ھەوڵەکانی بۆ سنوردارکردنی دەسەڵاتی گروپەکانی لایەنگری ئێران چرکردۆتەوە. 

قۆناغی دوای قاسم سولەیمانی 

ئەوەی زیاتر بۆ کازمی مایەی دڵخۆشیەو ئومێدی سەرکەوتنی لەلای ئەو دروستکردووە ئەوەیە کە ئێستا غیابی قاسم سلەیمانی لە شانۆی ھەرێمی و بەتایبەت لە عێراقدا بە روونی بەدیدەکرێت، بە ئاشکراش ھەست بە نەمانی ئەو توانایەی سولەیمانی دەکرێت کە لە کپکردنەوەی کێشەکان و چارەسەردا لە بەرژەوەندی تاران بەکاری دەھێنا بەتایبەت لەناو ریزەکانی شیعەدا کە پەیوەندییەکی دێرینی لەگەڵ زۆرینەی سەرکردەکاندا ھەبوو و بەشێکیشیانی بە بەرژەوەندی و دەسەڵات رازی کردبوو، بەڵام دوای بێدەنگبوونی ئێران و رێگەدان بە گەیشتنی مستەفا کازمی بۆ سەر کورسی سەرۆک وەزیران. بە ئاشکرا ھەست بە لاوازی پێگەی تاران دەکرێت، بەتایبەتی لەچەند مانگی داھاتوودا گۆرانکاری زۆر گرنگ لە عێراقدا روودەدات چونکە زۆر لەو سەرکردە شیعییانە ئێستا لە دەسەڵاتدان ھەوڵی نزیکبوونەوەی زیاتر لە ئەمریکا دەدەن، ئەمەش رەھەندێکی نوێ لە سیاسەتی ئەمریکا لەعێراقدا دەردەخات . 

لەکۆتایدا کازمی بەرەو قۆناغێک ھەنگاودەنێت ئەستەمە سەرکەوتووبێت بەتایبەتی پیدەچێت پەنا بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەرێت لەپێناوی سەرقاڵکردنی حزبە سیاسیەکان بە ھەلبژرادنی پێشوەختەوە ئەمەش ئەوەندەی تر عێراق دەخاتە نێو تونیلێکی تاریکەوە کە دیوی ئەو دیوی دیارنییە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif