تا ئێستا یەكلانەبووتەوە كۆرۆنا سەربەچ حزبێكە؟

ليست هناك تعليقات

محمد نووری
-
تا ئێستا یەكلانەبووتەوە كۆرۆنا سەربەچ حزبێكە؟، ئەویش لەدیگەڵەیە
١
ئەوەی روودەدا گەورەتر و مەترسیدارترە لەوەی دەردەكەوێت ،ئەوەی ئێستا لە كوردستاندا هەیە و تۆڕی كۆمەڵایەتی تەنیوە حەشاماتێكە گەیشتوەتە رادەی گاڵتەكردن بە نەخۆشی وڤایرۆس ومردنیش ،بێ باكبوون لە هەموو راستییەك و دروستكردنی نیوە دێڕێك بۆ هەموو مەترسییەك كە ئەوەش ئیدیۆمی هەمووی فشەیە.بەتایبەت ئەم دێڕە لە بەرامبەر ڤایرۆس ونەخۆشییەك كە ناوی كۆرۆنایە و جیهان لەبەردەم ئەم تاجدارە چۆكی داوە عاقیبەتی باش نابێت .

حەشامەتێك لەفەیسبوك پەلاماری هەموو شتێك دەدەن و تەنانەت گەیشتووەتەوە ئەوەی كە توشبوویەك بە كۆرۆنا قسەدەكات كۆمێنتبارانی دەكەن بەوەی فشەیە و پارەی وەرگرتوە،هەناسە توندی وهەڵبزڕكاندنی رەنگی بە فلمدروستكردن ناودەبەن.ئەمەشی شەرعیەتی داوە بەم حەشاماتە كە واقسە بكات ئەو خاڵە سیاسییە كە هەیە ،بەكورتی ناكۆكی یەكێتی و پارتی وایكردوە بەرەی فشەیە و راستە لەبەرامبەر كۆرۆنا دروستبێت (واتا یەكێتی وپارتی كۆرۆناشیان بەشكرد).

ناڕەزایی بەرامبەر حكومڕانیی هەیە (موچەخۆر وكەسانی ئاسایی مافیانە توندبن بەرامبەر دەسەڵاتی حكومڕانیی،نەك پەرلەمانتارو سەركردایەتیی حزبەكان)بۆیە كاتێك هەر بەرپرسێك لە حكومەت دەڵێت كوردستان لەبەردەم مەترسییەكی نوێی كۆرۆنادایە،حەشامێك دەڵێن فشەیە و پروپاگەندەیە (ئەگەر ئەو بەرپرسە بەرێوەبەری كەرتی تەندروستی ئاغجەلەریش بێت ،مادەم سەربەحكومەتە،قسە زانستییەكەی لەلایەن مەفرەزەكانی فشەوە لەفەیسبوك رەتدەكرێتەوە).

هانا ئارنێتی گەورە فەیلەسوف دەنوسێت:بكەری سەرەكی پشتی تۆتالیتاریەت ،نەسێبەری نازی بوو نە تارمایی شیوعیەت بوو ،بەڵكو هۆكارەكەی ئەو تاكە بوو كە جیاوازی نەدەكرد لەنێوان هەقیقەت و درۆدا،هەڵە وراستی لێ ونبوبوو.

هەمان نەخۆشی توشی هاوڵاتی كوردیش بووە ،نازانێت راستی لەكوێیە؟ دەسەڵات هەمیشە درۆی بۆ كردوە بۆیە ناتوانێت ئیستا بچیتە بەرەیەكەوە دان بە راستییەكدا بنێت ،ونبوە لەنیوان درۆ و راستی موعارەزە وسەركردە دروستكراوەكان وپەرلەمانتارەكان وبەڵگە زانستییەكاندا. هاوڵاتی ئێمە نازانێت راستی كوا؟ئایا كۆرۆناش دروستكراوە یان راستییە ؟ئایا هەرێم رووبەڕووی شەپۆلی سەختی كۆرۆنا ڤایرۆس بووەتەوە یان ئەمەش درۆیەكی ترە؟ 

خیتابی ساسییەكان هەرچۆنێك بێت گرنگ نییە ،لاشت وانەبێت كە راستیی لەپێناو میللەت لەناو گوتاری گشتی هیچ سیاسییەك بدۆزیتەوە ،بەڵام ئاماری مەترسیدار لەعێراقدا بڵاودەبێتەوە كە چاوەڕواندەكرێت كۆرۆنا زەفەرێكی باش بەرێت بەم وڵاتە ،كە هەرێمیش پشكی بەردەكەوێت ،بەڵام چونكە لە هەرێمدا یەكێتی وپارتی ئێستا لە دۆخی گرژییدان بەتایبەت لەناو میدیای سێبەریاندا، بۆیە كۆرۆنا وەك ڤایرۆس لەبەردەم فشە وراستیدا رۆژانە خەڵك توش دەكات، تا ئەم دوو هێزە كۆدەبنەوە ،چارەنووسی راستی كۆرۆناش لەهەرێمدا بە ڵێڵی دەمێنیتەوە و خەڵك باج دەدات و خۆپارێزیش وەك سنوری دیگەڵە دابەشبوە .گرنگ ئەوەیە هاوڵاتی خۆی بپارێزیت تا كۆرۆنا زەفەری پێنەبات ، لەبەرئەوەی ئەوان هەركۆدەبنەوە ،جا بۆ تۆ بە ئامیری ئۆكسجینەوە سەیری قاقای ناو كۆبوونەوەكەیان بكەیت.

٢

هینریك ئەپسن(١٨٢٨-١٩٠٦) یەكێك لە شانۆنامە بەناوبانگەكانی بەناوی دوژمنی گەلەوەیە ،ئەم شانۆنامەیە باس لە دكتۆر تۆماس ستۆكمان دەكات كە ئەفسەرێكی پزیشكە وخێزاندارە ،دكتۆر ستوكمان بەبەڵگەی زانستی ئەوە دەچەسپێنیت كە ئاوی گەرماوەكان پیسن وپڕن لە میكرۆب ودواجار زیانی گەورەی دەبێت بە تەندروستی گشتی و هەمووئەوانەی كە گەرماوەكان لەشارەكەیدا بەكاردەهێنن . لەرۆژنامەیەكی ناوخۆیی وتارەزانستییەكەی بڵاودەكاتەوە. بەڵام هەرزوو رووبەڕووی پارێزگاری شارەكەی دەبێتەوە،جەنابی پارێزگار بە دكتۆر دەڵێت:ئەوەی تۆ وروژاندووتەوە پەیوەندی بەزانستەوە نییە ئەوە مەترسی ئابوری وسیاسیی هەیە،بەڵام دكتۆر ستۆكمان سوردەبێت لەسەر بوچونەكەی خۆی ولای وایە ئەمە بابەتێكی زانستییە وپەیوەندی بە ژیان ومردنی خەڵكەوە هەیە ،بەڵام جەنابی پارێزگار هەموو دەرگایەكی دەربڕین و دەرخستنی مەترسییەكان لەم دكتۆرە دادەخات ،هاوارە گەورەكەی دكتۆر ستوكمان ئەوەیە بە پارێزگاری شارەكەی دەڵێت:ئێمە لەناو نەخۆشی وپیسی وگەندەڵیدا دەژین،راستە زۆرینە بەهێزە بەڵام مەرج نییە زۆرینە لەسەر هەق بێت .

هەمان شانۆگەری بەڵام لەسەر واقعێكی تر دور لە نەرویژی ئەپسن و روداوێكی تر دور لەمەسەلەی گەرماوەكان دوبارەدەبێتەوە.

پزیشكەكانی هەرێم لەبەردەم مەترسی تەشەسەندنی كۆرۆنا و بەسیاسیكردنی تەواوی ئەم كەیسە لەنێوان دوو دۆزەخدان. ئەوان لەرووی زانستییەوە دەزانن مەترسی هەیە ،بەڵام حەشاماتێك كە بەشێك لە سیاسییەكان هانیان داوون بە گاڵتەو لاقرتییەی كۆمێنتەوە تەنز بارانیان دەكەن،یەكێك لە پزیشكەكان بە ئاشكرا دەڵێت:بڵێن هەیە (كەبەڵێ هەیە)دەچێتە خزمەتی حزبییەكەوە ،بڵێن نییە دەچیتە خزمەتی حزبێكی ترەووە.لەنێوان نەوتن وتندا لێدەگەڕێن بۆ یەكلابونەوەی لای خەڵك .

تازەلای زۆرینە ئەوە چەسپاوە هەموو ئەومەترسیانەی بەناوی كۆرۆنا هەیە درۆیە و فشەیە وسینارێویە ،كە هۆكارەكەشی بۆ متمانەنەبوون وسواخدانی بەسیاسەت دەگەڕێتەوە ،بۆیە گوتاری خۆپارێزیی لەنێوان زەرد وسەوز ونیلی و قاوەیدا بزربوە،زۆرجار هەستدەكەیت كۆرۆنا پارتییە ویەكێتی وگۆڕانی پێدەترسێنرێت ،زۆرجاریش هەستدەكەیت كۆرۆنا یەكێتییە و پارتی نایەویت داخڵی هەولێر بێت و دیگەڵەی لێگرتوە .

دونیا موبەتەلا بووە بەدەست ئەم ڤایرۆسەوە بەڵام لە كوردستان موبەتەلای راستی ودرۆ بووە لەنێوان حزبەكان ،تا تێپەڕاندنی ئەم دۆخە خۆپارێزیی گرنگە ،با باجەكەی هاوڵاتی نەیدا وەك پێشتر لەسەركەپكی حەمەد ئاغا دامان.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif