لە ڕانیە و دەربەندیخان و چەمچەماڵ باڕەزایی بەڕێوەچوو

ليست هناك تعليقات


ئەمشەو دوای ئەوەی قەدەخەی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەشێک لە هاونیشتمانییان لە دەربەندیخان و دواتریش لە رانیە و چەمچەماڵ دەستیان بە خۆپێشاندان کرد و دەڵێن، "پابەندی رێکارەکانی قەدەخەی هاتووچۆ نابن".

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە قەزای دەربەندیخان بە رووداوی راگەیاندوە، خۆپێشاندەران گەنجن و "نیگەرانن" لە بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆ. تائێستا هیچ خۆپێشاندەرێک دەستگیرنەکراوە، چاوەڕوانی بڕیاری قایمقام و پارێزگاری سلێمانین.

ئەو سەرچاوە ئەمنییە ئەوەشی گوت، ئەوان بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە قەدەخەی هاتووچۆ وەک خۆی جێبەجێدەکەن "ئێستا بەڕێوەبەری پۆلیس، ئاسایش و قایمقامی دەربەندیخان لەسەر هێڵن، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخە".

بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، هەندێک کەس لە دەربەندیخان کە خۆیان بە کاسبکار دەناسێنن گلەیی لە بڕیارەکانی قەدەخەی هاتووچۆ دەکەن و ئاماژە بەوە دەکەن، "بەوجۆرە ناتوانن ژیانیان بەڕێبکەن".

هاوکات شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕینیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پابەندی رێکارەکانی وەزارەتی ناوخۆن و "رێکاری یاسایی دژی هەر کەسێک دەگرنە بەر کە دژی ئەو بڕیارانە بێت".

گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەوڵانە کاتییە و هی چەند گەنجێکە، "بە هاوکاریی هێزەکانی ئەمنییەکانی دیکە رێکاری یاسایی دژی ئەو کەسانە دەگرینە بەر کە دەبنە هۆی نانەوەی ئاژاوە".

لەبارەی ئەگەری زیادبوونی ئەو خۆپێشاندانە لە رانیە، شۆڕش ئیسماعیل باسی لەوە کرد، "ئەو کەسانە دەناسین و خەڵکی ناوچەکەن، دەستگیریان دەکەین و هۆشداریشیان دەدەینێ کە کاری وا نەکەنەوە".

هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕینیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوەی دەبینرێت ناڕەزایەتیی خەڵکی کاسبکارە لەبەرامبەر قەدەخەی هاتووچۆ و رێکارەکانی دیکەی تایبەت بە رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا.

هیوا قەرەنی گوتی، بەشداربووانی خۆپێشاندانەکە بەگشتی کاسبکارن و ناڕازیین لە داخستنی دووکان و بازاڕەکان و نەمانی کار و کەسابەت و ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو رێکارانەی گیراونەتە بەر بۆ سەلامەتی و تەندروستیی هاووڵاتیانە. ئەگەر هاووڵاتی خۆی نەیەوێت پابەندبێت و مەترسی بخاتە سەر ژیانی خۆی، ئەوا نازانین چۆن رێکارەکان جێبەجێبکەین. ئێمە بەگوێرەی دۆخی تەندروستی، مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی ناوچەکەماندا دەکەین".

سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان هیچ کەسێکیان دەستگیرنەکردووە و دەیانەوێت لەرێگەی گفتوگۆوە کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان بهێنن و خەڵکی لەو راستییە تێبگەیێنن کە ئامانج لەم رێکارانە پاراستنی سەلامەتیی هاونیشتمانیانە.





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif