داگیرکاری تورکیا و ھەڵوەشانەوەی ھەرێم!

ليست هناك تعليقات


ئارێز عەبدوڵا
-
قەوارەی ھەرێم بۆ گەلی کوردستان ھێندە گرنگە دەبێ ھەموومان وەک بیلبیلەی چاو بیپارێزین، بەڵام پاراستنی ئەو قەوارەیە ھەر تەنیا بەپێی پێویستیی و حەز و نزا ناکرێت، بەڵکو دەبێ حکومەت و لایەنە سیاسییەکان ھەموو ڕێکارەکانی ئەو پێویستییە بگرنەبەر.

ئێمە باش لە سیاسەت و ستراتیژیەتی دەوڵەتی تورک تێدەگەین، پیلان و کردارەکانیشی لەناو خودی تورکیا و لە رۆژئاڤا و باشور ھێندە زەقن شرۆڤەکردنی ناوێ.

لەبەر ئەوەی تا ئێستاش بۆی چۆتە سەر ڕۆژ دوای ڕۆژ پیلان و پلانەکانی لە دژی مافە ڕەواکانمان گەورەتر و چڕتر دەکاتەوە.
چەندین ساڵە لە زەوی و ئاسمانەوە بۆردوومانی ناوچە سنوورییەکان دەکا و بەو ھۆیەشەوە وێڕای شەھید و بریندار بوونی سەدان ھاوڵاتی سڤیل، دەیان گوندیشی خاپور و وێران کردوون، بەڵام ھێرش و پەلامارەکانی ئەمجارەی ھەر تەنیا سەربازی نین، بەڵکو مەرامێکی سیاسی گەورەتریشی ھەیە.

بۆ ئەو مەرامەشی:

١- بە ھەر شێوەیەک و ھەر ھۆکارێک بێ ئەمریکای بێ دەنگ کردوە.
٢- لەگەڵ ئێران ھەماھەنگی ھەیە.
٣- باروودۆخی نالەباری عێراقی قۆستۆتەوە.
٤- ئەگەر بەڕێککەوتن بێ، یان نا حکومەتی ھەرێمی بێ دەنگ کردووە.
ئەو داگیرکاری و پەلامارانەی تورکیا ئەگەر لەلایەک پێشێلکردنی یاسا نێودەڵەتییەکان و سەروەری خاکی عێراق و ھەرێم بێ، لەلایەکی دیکە ئەوەندەی بۆ دواڕۆژی خودی ئەو ھەرێمە بێدەنگە مەترسیدارە ھەرگیز ھێندە بۆ پەکەکە نا، چونکە: -
مانەوەی ھێزەکانی تورکیا دەبێتە دومەڵێکی شێرپەنجەیی سەر جەستەی ھەرێم.
- بێ دەنگ بوونی حکومەتی ھەرێم لە یٔاست یٔەو داگیرکاری و پێشێلکاریانەی تورکیا ھانی حکومەتی عێراق دەدا کە ھێزەکانی بەرەو ناو ھەرێم و ناوچە سنورییەکان بجولێنێت.
- ئێستا لە ناوەندە سیاسی ڕاگەیاندنەکانی عێراق دەنگێکی گەورە دەبیسترێ کە دەڵێن: بۆچی حکومەتی ھەرێم ڕێگە بە سوپای داگیرکەری تورکیا دەدا، بەڵام ڕێگە بە سوپای نیشتیمانی عێراقی نادا؟.

کەواتە ھەبوونی ھێزەکانی تورکیا لەسەر خاکی کوردستان مەترسیدارە و لە دوا ڕۆژیشدا ئەگەر لەلایەن عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ناچاریش بە پاشەکشەکردن بکرێ، ئەوا بەبێ گەڕانەوەی ھێزەکانی عێراق ناوچەکە چۆڵناکات و گەورەترین بیانوشی داوەتە دەست ئەو عێراقەی کە دوای خەبات و قوربانیدانی سەد ساڵەی گەلەکەمان ئەم ھەرێمەمان لێ وەدەستھێناوە، ئەمڕۆش ئەو بە نوێژی نیوەڕۆ ستراتیژیەتی ھەڵوەشاندنەوەی جێبەجێ دەکا.

بە دڵنیاییەوە پێشێلکاری و سیاسەتی دوژمنکارانەی تورکیا ئایندەی قەوارەی ھەرێم بەرەو ھەڵوەشاندنەوە دەبا.
بۆیە بێ دەنگبوون لێی لە خیانەتی نیشتیمانی بترازێت ھیچی تر نییە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif