لە دوو رۆژدا سێ ئەندامی خانەوادەیەک بە کۆرۆنا گیان لەدەستدەدەن

ليست هناك تعليقات


سێ ئەندامی خانەوادەیەک کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببوون، لە ماوەی دوو رۆژدا گیانیان لەدەستداوە کە تەمەنیان 56، 57 و 58 ساڵ بووە؛ ڤایرۆسێک سێ خۆشەویستی لێ بردن کە پێشتر خۆیان باوەڕیان بە بوونی نەبووە.

سدیق شەفیق، کەسوکاری قوربانییەکان دەڵێ "ئەم هەفتەیە سیانمان لێ رۆیشتووە بەم ڤایرۆسە، ئەگەر نەخۆشیی درێژخایەنیشیان هەبێت ڤایرۆسەکە بووە هۆکاری مردنیان، من وەسێتێک بۆ خەڵک دەکەم، ئاگاتان لە خۆتان بێت و تەندروستیی خۆتان بپارێزن، نەڵێن ڤایرۆسەکە درۆیە، منیش هەمان شتم دەوت، پێشتر دەموت درۆیە و بنەمای نییە، باوەڕم نەبوو هەتا دوو خاڵم و پورێکم کۆچی دواییان کرد".

تاوەکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە 749 تووشبووی کۆرۆنا لە کەرکووک تۆمارکراون، 27 تووشبوویان گیانیان لەدەستداوە، ئامارەکە تادێت زیادەکات، رێکارەکانیش تووندوتۆڵتر دەکرێنەوە.

بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان لەلایەک پەیوەستە بە ئەنجامدانی پشکنینی زۆر لە تاقیگەی کەرکووک کە چەند رۆژێکە کەوتووەتە کار، لەلایەکیش تەندروستیی کەرکووک هەستی بەوە کردووە کە ئێستا ڤایرۆسەکە بەتەواوی لە هەموو شوێنێکی شارەکە بڵاوبووەتەوە.

د. سەباح نامیق، بەڕێوەبەری تەندروستیی گشتی لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک دەڵێ "تائێستا 27 گیانلەدەستدان تۆمارکراون، 80%یان لە 60 ساڵان بەرەو سەرەوەن، بەڵام جگە لەوە مردنی گەنجیش هەیە و تائێستا سێ چوار گەنج کە تەمەنیان لە 30 ساڵان بووە، گیانیان لەدەستداوە، بەبێ ئەوەی هیچ نەخۆشیی دیکەیان هەبوبێت".


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif