تویتەر 32 هەزار هەژماری ئەم وڵاتانەی داخست

ليست هناك تعليقات


توویتەر زیاتر لە 32 هەزار هەژماری داخست، کە لە لایەن حکومەتەکانی تورکیا، چین و رووسیاوە بەکارهێنراون و یاسا و مەرجەکانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەیان پێشێلکردووە.

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی توویتەر، 7 هەزار و 340 لەو هەژمارانە سەر بە تورکیا بوون و زانیاری هەڵەیان بڵاوکردووەتەوە و هێرشیان کردووەتە سەر بەکارهێنەرەکانی توویتەر لە تورکیا بە تایبەتیش ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە. 

لەو بارەیەوە توویتەر دەڵێت ئەو هەژمارانە "بۆ بانگەشەکردن بۆ سیاسەتەکانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) پشتگیریکردنی بەهێزی ئەردۆغانی سەرۆکی ئەو وڵاتە بەکارهاتوون."

هەروەها 23 هەزار و 750 هەژماری دیکەش بەردەوام توویتیان بە زمانی چینی بڵاوکردووەتەوە و بەرگرییان لە سیاسەتەکانی پارتی کۆمەنیستی چین کردووە و زانیاری هەڵبەستراو و هەڵخەڵتێنەریان لە بارەی هۆنگکۆنگ بڵاوکردووەتەوە.

جگە لەوەش، هەزار و 152 هەژماری سەر بە میدیای پارتی رووسیای یەکگرتوو کە ڤیلادمیر پووتین سەرۆکایەتیی دەکات، بۆ هەمیشە داخراون کە کاریان بریتیبووە لە بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست بۆ پاڵپشتیکردن لە ڤیلادیمێر پووتین و هێرشکردنە سەر رکابەرەکانی. 

هاوکات پێش چەند رۆژێک، ئەنجوومەنی ئەوروپا مۆسکۆ و پەکینی تۆمەتبارکرد بەوەی کەمپەینێکی بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاستیان لە دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستپێکردووە. 

کۆمپانیای توویتەر کە تۆڕێکی هەواڵی و کۆمەڵایەتییە لە 21ی ئاداری 2006 واتە 14 ساڵ بەر لە ئێستا لەلایەن چوار کەسەوە دامەزراوە و جاک دۆرسی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکەیە.

ناوەندی سەرەکی کۆمپانیای توویتەر لە شاری سان فرانسیسکۆیە لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا، زیاتر لە 4600 کارمەندی هەیە. لەسەر ئاستی جیهاندا زیاتر لە 321 ملیۆن بەکارهێنەری چالاکی هەیە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif