100 ساڵە هەنگەوانە

ليست هناك تعليقات


لە گوندی بەردەڕەشەی مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان هاونشتیمانییەکی تەمەن 118 ساڵ ماوەی 100 ساڵە هەنگەوانی دەکات. باش شارەزای ژیانی هەنگ و هەنگەوانی بووە، مام ئەحمەد دەڵێ، بەس تەماشای هەنگەکان بکەم، دەزانم کامیان نەخۆشە، کامیان شاژنە و نێر و مێیشیان جیادەکەمەوە.

مام ئەحمەد دەڵێت، هەرساڵێک هەنگی کەم پێوەی بدات، تەندرووستی باش نابێت و ژەهری هەنگ دەوای هەموو دەردێکە.

مام ئەحمەد خەڵکی ئاوایی بەردەڕەشەی مەریوانە. لە ئاواییەکانی مەریوان بەهۆی کەشوهەوای گونجاو و زۆریی گوڵ و گیا، ساڵانە 200 تۆن هەنگوین بەرهەمدێت. 30 هەزار پوورەی هەنگوین لەو ئاواییانە هەیە کە هێشتا شێوازی سێ هەزار لەو پوورانە بە هەمان شێوازی کۆنە.

مام ئەحمەد یەکێکە لەوانەی هەر بە شێوازە کۆنەکە هەنگوین بەرهەم دەهێنێت و دەڵێت، بەرهەمهێنانی هەنگوین بە ساڵە. 100 ساڵ هەنگەوانی وای لێکردووە بە سەیرکردنێکی ئاسایی نێر و مێی هەنگەکان لێک جیا دەکاتەوە. 

مام ئەحمەد باس لەوە دەکات، "لە کەس فێر نەبووم. هەر خۆم فێر بووم. ئێستا دنکەدنکەی ئەو هەنگانە دەزانم کامیان نەخۆشە، شاژنە، مێیە و نێرە".

لە کاتێکدا کە باس لە کاریگەریی ژەهری هەنگ لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دەکرێت، مام ئەحمەدیش ئەو ئەزموونەی لە ژیانی خۆیدا هەبووە و وەکوو زۆر کەسی دیکە ئەو ژەهرە بە دەرمان دەزانێت. ئەو پێی وایە ئەگەر ئەو هەنگانە پێوەی نەدەن تەندروستیی باش نابێت.

مام ئەحمەد دەڵێت، "پێرار هەنگم کەم بوو. هەنگ زۆر پێوەی نەدەدام، خەریک بوو دۆخم باش نەدەبوو. هەر پێرار هەنگێک دای بە گۆشەی چاومەوە، چزەکەیم دەرهێنا و هیچ ئێشم پێنەگەیشت و بۆ چاویشم باش بوو".

بە هەستیارییەوە خەریکی ئەو پیشەیە و کەسێکی راستە لە بەرهەمهێنانی هەنگویندا. لە کاتێکدا کە بەشێکی زۆری هەنگوینی ئێران بە شەکر بەرهەمدێت و لە رووی تەندروستییەوە زیانی هەیە، بەڵام ئەو دەڵێت هەرگیز نەبووە بۆ بەرهەمهێنانی زیاتری هەنگوین شەکر بەکاربهێنێت. 

100 ساڵە بەو شێوە ژیانی تێدەپەڕێنێت و پێی وانییە رۆژێک بتوانێت بەبێ هەنگەکانی بژی.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif