قەیرانی ئابوری عێراق بەرەو کوێ دەبات؟

ليست هناك تعليقات

د.مەیادە محمد نجار
-
ناسەقامگیری بازاڕی نەوت، عێراق توشی تەنگەژەیەکی ئابوری دەکات، نەوت %٩٦ بودجەی عیراق پێکدێنێت، ئەمەش لە فەرھەنگی ئابوریدا بە (نەخوشی ھۆڵەندی) ناسراوە، لەو قەیرانەوە سەرچاوەیگرتووە، لە کۆتای شەستەکاندا بە ھۆی پشتبەستن بە ئابوری نەوت ھۆڵەندا توشی قەیرانێکی ئابوری توند بوو، عێراق ئێستا بەرەو ئەو قۆناغە دەڕوا، چونکە تەواوی سێکتەرەکانی تری فەرامۆش کردووە تەنیا پشتی بەنەوت بەستووە.

بازاڕی نەوت:

کۆرۆنا ژیانی لە زۆربەی ولاتە زلھێزەکان و پیشەسازییەکانی جیھان پەکخستووە، سەرجەم کارگە و کۆمپانیا و ھێڵی گواستنەوەی وشکانی و ئاسمانی لەکارکەوتوون، بێ بازاڕی نەوت لەسەر ئاستی جیھاندا دروستبووە، ولاتی (چین) پێشتر رۆژانە پێویستی بە حەوت ملیۆن بەرمیل نەوت ھەبوو، ئیستا تەنیا پێوستی بە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت ھەیە.

لە ساڵانی رابردوو لەکاتی دابەزینی نرخی نەوتدا سەرجەم کارگە زەبەلاحەکانی جیھان رێژەکی بەرچاویان لە نەوت دەکڕی و لەلای خۆیان عەمبارییان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ ھیچ کام لە دامەزراوەکان توانای عەمبارکردنیان نەماوە، لەلایەکی دیکەوە پێشتر لەسەر ئاستی جیھانیدا رۆژانە (١٠٠) ملیون بەرمیل نەوت لەرێگەی ڕێکخراوی ئۆپیک و دەرەوەی رێکخراوەکە دەخرایە بازاڕەوە لەو بڕەش (٧٠) ملیۆن بەرمیل دەفرۆشرا و نزیکەی (٣٠) ملیون بەرمیل نەوت لەخواستی بازاڕ زیاتربوو، بەڵام ئیستا دۆخەکە پێچەوانە بۆتەوە.

ئۆپیک چی دەکات؟

پێشتر رێکخراوی ئۆپیک کۆنترۆڵی %٨٠ی بازاڕی نەوتی جیھان کردبوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە پێچەوانە بۆتەوە، سعودیە و وڵاتانی کەنداو گوێ بەیاسا و رێکەوتنەکان نادەن، ئۆپێک ھیچ رۆڵێکی نەماوە تەنیا %٢٥ تا %٣٠ بازاڕی نەوت لەژیر ھەژموونی ئۆپێکدایە، ئەمەش وایکردووە کۆبوونەکانی ھیچ کاریگەریەکیان لەسەر ئاستی بەرھەمھێنان و بە بازاڕخستنی نەوت و دابەزین و ھەڵکشانی نرخ نەبێت.

ھەرەسھێنانی ئابووری:

ئەگەر زیاتر وردبینەوە ئەوا دەبینین، بودجەی عێراق بەدرێژای ساڵانی رابردوو توشی کورتھێنان ھاتووە، ئەمساڵیش ئەگەر بەرمیلی نەوت بە٧١ دۆلار بفرۆشتایە ئەوکات کورتھێنان دروست نەدەبوو، ئەمەش بابەتێکی مەحاڵە و ئەستەمە، بە گوێرەی ئاماژەکان لە سالی ٢٠٢٠ داھاتی عیراق زیاتر لە %٥٠ دادەبەزێت، ئەگەریش ھەیە دارمانی بەھێزتری بەدواوە بێت، چونکە سیاسەتی نەوتی عیراق بەھێز نییە و ئەگەرێکی زۆرە لە ناکاودا ڕاستەوخۆ سفرببێتەوە، ئەمە بێجگە لەوەی بەگوێرەی داتا فەرمییەکان، بڕی داھات بۆ مانگی چوار ( ملیارێک و ٤٢٣ ملیۆن) دۆلار بووە، لە کاتیکدا لە مانگی یەک ( ٦ ملیارو ١٦٣ ملیۆن) دۆلار بووە، واتا داھاتی نەوتی عێراق بەرێژەی %٤٠٠ کەمیکردووە، ھەر مانێگیک ( ٤) ملیار و نیو کۆرتھێنانی دەبیت، لەلایەکی ترەوە بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرونا زیاتر لە دوو مانگە گومرگەکان و باج و داھاتی ناوخۆ سەرجەمیان وەستاون.

عێراق پەنا بۆچی دەبات؟

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان عێراق بۆ مانگی ئایار تووشی کێشە نابێت، بەڵام گرفتی سەرەکی لە مانگی حوزەیران و تەمووز دەستپێدەکات، چونکە عێراق بۆ دابنیکردنی موچەی فەرمانبەران پێویستی بە ٨١ ملیار دۆلار ھەیە، ئەگەر رەوشی ئابوری بازاڕی جیھان بەم جۆرەبێت ئەوا ئەستەمە چارەکی ئەو پارەش بگاتە خەزینەی دەوڵەت.

لێرەدا چەند بیرۆکەیەک خراوەتەڕوو، لەوانە ڕاکێشانی(FMS)ئەو برە پارەیەی کەلە ئەمریکایە لەکاتی جەنگی داعش بۆ کرینی چەک دانرابوو، ھەرچەندە بۆ راکێشانی نیوەی ئەم بڕە پارەیە پێویستی بەرەزامەندی ئەمریکا دەبێت، لەلایەکی دیکەوە دانانی سندوقی مانگانە بۆ کۆکردنەوەی داھاتە لاوەکیەکان و ڕاکێشانی پارەکانی دەوڵەت لەسەرجەم بانکە جیاوازەکان.

سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی چارەیە؟

عیراق دەتوانێت دوو ملیار دۆلار بە گوێرەی ئاستی یەدەکی بانکی قەرز لە سندوقی نەختینەی نێودەڵەتیIMFوەربگرێت، ھەورەھا فرۆشتنی سەنەدەکانی بانکی نیشتمانیش تاڕادەیەک ھاوکار دەبێت، لە لایەکی دیکەوە بانکی ناوەندی عێڕاقی خاوەنی ٨١ ملیارە لەپارەی گرانبەھای جیھانی لە شێوەی دۆلار و یۆرۆ، دەتوانرێت تەنیا٢٨ ملیار لەو پارەیە دەربھێنردێت، ئەوەی تری وەک سەنەدێکی نیودەوڵەتی پێویستە بۆ پاریزگاریکردن لە ئاستی دراوی عێڕاقی لەم بانکەدا بمێنیتەوە، ھەرچەندە عێراق دەتوانێت وەک دوا کارتی یەدەک پەنا بباتە بەر چاپکردنی دراوی نوێ بەڵام لەم کاتەدا مەرجە زێڕی زیاتر لەبانکی ناوەندیدا عەمباربکات، لێرەدا بە گوێرەی ئەم خاڵانەی باسمان کرد، لە%٤٠ی کێشەی ئابوری عیراق چارەسەر دەبێت، بەوەش عیراق تا پینج مانگی تر بەرگەی دابەزینی نرخی نەوت دەگرێت.

ھەنگاوە چاوەڕوانکراوەکان:

لەم کاتەدا دەتوانرێت کۆمەڵێک ھەنگاوی خێرا بھاوێژرێن، لەوانە کەمکردنەوەی ھاوردەکان بەگشتی و تەنیا رێگە بەھاوردەکردنی پێداویستی سەرەکی وەک خوراک و دەرمان بدرێت، یان دەکرێت سیستەمی سەبەتەی دراوەکان جێبەجیبکرێت وەک نەوت بەرامبەر بەخۆراک، یان نەوت بەرامبەر بە تەکنەلۆژیا ئەمەش بە ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمپانیای ئەو دەوڵەتانەی کە کەمتر مامەڵە بە دۆلار و یۆرۆ دەکەن وەک چین و ھیندستان و روسیا و مالیزیا.

بەم رێگەیە دەکرێت بانکی ناوەندی ئەو دۆلارانەی لەرێگەی فرۆشتنی نەوت دەستی دەکەوێت کەمترین رێژەی بخاتە بازاڕەوە، بەمەش تارادەیەکی زۆر پارەی گرانبەھا بۆ بانکی ناوەندی دەگەڕێتەوە لەجیاتی ئەوەی ١٥٠ ملیون دۆلار دەتوانێت نیوەی ئەو پرە پارەیە بخاتە بازاڕەوە.

ھەروەھا مەرج نییە نەوت بە خاوی بفرۆشیت بەڵکو دەکرێت گەورەترین کارخانەی پترۆکیمیایی دامەزرێنن کە دەتوانێت زۆربەی پێداویستییەکانی کەرەستەی خاوی کارخانەکانی بچوک و مامناوەند بەرھەم بێنێت و لەدەرەوە ھاوردە نەکرێت، ئەمە بێجگە لە گرنگیدان بەکەرتی گەشتوگوزار و کشتوکاڵ، بێجگە لە فرۆشتنی موڵک و سامانەکانی دەوڵەتیش یەکێک دەبێت لە ھەنگاوەکان چونکە بەشێکی زۆری ئەو موڵک و ماانە لەلایەن کەسانێکەوە دەستیان بەسەرداگیراوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif