هێمن باقر: سەرۆك كۆمار، عەڕابی دانانی كازمی

ليست هناك تعليقات

ڕاپۆرت - هێمن باقر
زۆركەس پێی وابوو عینادیەكەی و ملنەدان بۆ كاندیدی زۆرینەی شیعەكان سەری دەخوات و شكست دەهێنێت.

ئەو بەهۆی سوربونی لەسەر هەڵوێستەكانی بۆراسپاردنی كاندیدێكی بیلایەن و دور لە هەژمونی ئێران، لە هەڵبژاردنە ناوخۆیەكانی حیزبەكەیدا باجی گەورەیدا و بە ئاشكرا لەلایەن ئێرانیەكانەوە ڤیتۆی خرایە سەر.

بەهەموو پێوانەیەك پێكهێنانی حكومەتی عێراقی لەلایەن مستەفا كازمییەوە،سەكەوتنێكی گەورەبوو بۆ د.بەرهەم ساڵح،سەرۆك كۆماری عێراق.

دوای شەش مانگ لە ملململانێیەكی توند لەگەڵ زۆرینەی شیعەو هاوكێشە هەرێمایەتییەكان،د.بەرهەم ساڵح چۆن توانی سەرۆك وەزیرانێكی بێلایەن بەسەر شیعەكاندا بسەپێنێت؟ رۆڵی ئەو چی بوو لە هاتنەپێشەوەی مستەفا كازمیدا؟.

لەدوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانی مەیدانی تەحریرەوە،خواستێكی جەماوەری بەهێز پەیدابوو بۆ گۆڕینی حكومەت و روبەڕوبونەوەی سیستمی حوكمڕانی و نوخبەی سیاسی عێراق، بەشێكی گەورەی خۆپیشاندانەكان رەتكردنەوەی هەژمونی فەرمانڕەوایەتی ئەحزابی شیعەی ئاینی بوو،كە لە 17 ساڵی رابردوودا نەیانتوانی دەوڵەتێكی مەدەنی و خۆشگوزەران بونیات بنێن.

سەرۆك وەزیران،د.عادل عەبدولمەهدی، هەرچەندە خۆی كەسێكی بێلایەن بوو،بەڵام زۆرینەی جومگە هەستیارەكانی بەدەست هێزە شیعییە رادیكاڵەكان و فەتح و عەسایبی ئەهلی هەقەوە بوو.لەبری گوێگرتن لێیان،بە ئاگرو ئاسن و تیرۆركردنیان لەلایەن گروپی قەناس بەدەستەكانەوە وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە.

رۆژ لە دوای رۆژ خۆپیشاندانەكان توندتر دەبوون و خوێنی زیاتریش دەڕژا،داواكاری بەدادگا گەیاندنی بكوژانی خۆپیشاندەرانیش بووە خواستێكی جەماوەری.

لەسەر پرسی توندوتیژیەكان و كوشتنی خۆپیشاندەران لەلایەن قەناس بەدەستەكانی ناو دەوڵەتەوە،یەكەم لێكترازانی نێوان سەرۆك كۆمار د.بەرهەم ساڵح و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران،عادل عەبدولمەهدی ڕویدا.

لەو كاتەدا سەرۆك كۆمار دژ بە توندوتیژیەكان بەرامبەر خەڵك چووە بەرەی خۆپیشاندەرانەوە و دژ بە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی وەستا و پشتی بەردا.بەو هۆیەشەوە عەبدولمەهدی هیچ رێگەیەكی لەبەردەمدا نەمایەوە جگە لە دەستلەكاركێشانەوە.

بەڵام سەرۆك كۆمار ئازایانە بە گوێگرتن لە داواكاریەكانی خەڵك،چەند مەرجێكی بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێ‌ دانا كە لە ئاست داخوازی و چاوەڕوانیەكانی خۆپیشاندەراندا بێت.

كاتێك هێزە شیعەكان بێ گوێگرتن لە داواكاریەكانی سەرۆك كۆمار، ئەسعەد عیدانیان كاندید كرد،سەرۆك كۆماریش بێ‌ سڵكردنەوە كاندیدەكەیانی رەتكردەوە، لەكاتێكدا دەیزانی ئێرانیەكانیش لەپشتی بوون.

لەدوای رەتكردنەوەی عیدانی ،هێزە توندڕەوەكانی شیعە لە بەغدا كەوتنە خۆیان و وەك پەرچەكردار بەرامبەر بە خۆپیشاندانەكان،پەلاماری باڵیۆزخانەی ئەمریكایاندا لە بەغدا.

چەند رۆژ دوای ئەوە، لە بەرەبەیانێكی زوودا هەواڵی كوشتنی قاسمی سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە فڕۆكەخانەی بەغدا بڵاوكرایەوە.

هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئێرانیەكان سەرك كۆمار بە هۆكاری روداوەكە دەزانن و پێیان وایە ئەگەر ئەو ئەسعەد عیدانی رەتنەكردایەتەوە ئاراستەی روداوەكان بەجۆرێكی دیكە دەبوون.

هەر لەو سەروبەندەشدا تۆمەتی ئەوە خرایە پاڵ مستەفا كازمی،سەرۆكی دەزگای هەواڵگری كە دەستی هەبوبێت لە ڕوداوەكەدا.

ئەو ڕوداوانەی رویاندا،هێزە شیعیەكانی ناچار كرد كە كاندیدكردنی كەسێك بۆ سەرۆكی حكومەت بدەنەوە دەست سەرۆك كۆمار.

هەرچەندە هێزە شیعەكان چەند ناوێكی نوێیان بۆ سەرۆك كۆمار رەوانە كرد وەك بەحرلعلوم و محەمەد شیاع سودانی،بەڵام د.بەرهەم، محمەد عەلاوی كاندید كرد، كە راوێژكاربوو لەسەرۆكایەتی كۆمار.

عەلاوی،داینابوو حكومەتێكی تەكنۆكرت دوور لە حیزبەكان دروست بكات،بەڵام لەو هەوڵەیدا سەركەوتوو نەبوو،بەناچاری وازهێنانی راگەیاند.


لەدوای ئەو سەرۆك كۆمار، عەدنان زورفی پارێزگاری نەجەفی راسپارد،بە بیانوی ئەوەی كە خاوەنی رەگەزنامەی ئەمریكییە،رەتكرایەوە،بۆ ئەو مەبەستەش هەرزوو قائانی فەرماندەی سوپای قودس گەیشتە عێراق و هێزەشیعیەكانی راسپارد كە دەنگی پێ‌ نەدەن.

لەم كاتەدا سەرۆك كۆمار،كارتی سێیەمی راكێشا كە بریتی بوو لە مستەفا كازمی.
هێزە شیعیەكانی عێراق، لە بەرامبەر كشانەوەی زورفی ئامادەبوون بۆ مستەفا كازمی نەرمی بنوێنن.

مستەفا كازمی سیاسیەكی گەنجە و توانای قەناعەتپێهێنان و مراوەغەی سیاسی بەهێزە.هەرچەندە دۆستی نزیكی سەرۆك كۆمار و ئەمریكیەكانیشە بەڵام دەزانێت چۆن دڵی شیعەكانی نزیك بە ئێرانیش بەدەست دەهێنێت.

تەنانەت لە رۆژی یەكەمی دەستبەكاربونیدا دوا بەدوای یەك پێشوازی كرد لە باڵیۆزی ئێران و ئەمریكا و لەسەر یەك كورسی دای نیشاندن.

كازمی،یەكێكە لە خوێندكار و دۆستە نزیكەكانی د.بەرهەم ساڵح و بژاردەی ژمارە یەكی سەرۆك كۆماربووە بۆ ئەو پۆستە،هەندێك لەوباوەڕەدان بۆیە سەرۆك كۆمار ناوی كازمی دواخستووە چونكە نەیویستوە لەسەرەتاوە كارتی كازمی بسوتێنێت و هەڵیگرت بۆ كاتی گونجاو.

زۆرینەی چاودێران پێیان وابوو ئەم كارەی د.بەرهەم بۆ ڕوبەڕوبونەوەی خواستی هێزە ئیقلیمی و هێزە گەورەكانی شیعە كارێكی سەركەشانەیە و شكستدەهێنێت.بەڵام ئەو توانی بە ریسك كردن بە ئایندەی سیاسیی خۆیەوە،موستەحیل بكاتە ئەمری واقیع و ئەو خەونە بەدیبهێنێت كەلای زۆركەس بەدیهێنانی ئەستەم بوو.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif