بەرهەم ساڵح دەتوانێت هاوپەیمانێكی بەهێزی مستەفا كازمی بێت

ليست هناك تعليقات



مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێرق،‌ لە 12 مایۆ نیازمەندییەكی بوێرانەی ڕاگەیاند، لەو بەیاننامەیەی پێشكەشی پەرلەمانی عێراقی كرد، ئەو جەختی لە پلانەكەی خۆی كردووە بۆ سەپاندنی سام و شكۆی دەوڵەت، ئەمەش لەڕێگەی كۆنتڕۆڵكردنی گروپە چەكدارەكان.

بۆ چاودێرانی سیاسی دوای سەردەمی سەدام حوسێن ڕوون و ئاشكرایە، كە ئەو بەیاننامەیە بە پلەی یەكەم ئاماژە بەو زەرەر و زیانانە دەدات بەر پێگەی دەوڵەتی عێراق كەوتووە لە لایەن‌ گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران، كە لە بری گوێڕایەڵی بۆ فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق، گوێڕایەڵی سوپای پاسدارانی ئێرانن.

میلیشیا چەكدارە عێراقییەكانی نزیك لە ئێران وەك كەتیبەكانی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی هەق و كەتیبەكانی سەروەری شەهیدان و لایەنی دیكەش، لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراقدان. 

ئەو میلیشیایانە بەشێكن لە هێزەكانی حەشدی شەعبی، كە ڕێكخراوێكی سەربازی كۆكەرەوەی هەموویانە و بەناو سەر بە فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراقە، بەڵام لەداكەوتدا (واقع) بەشێكی دانەبڕاوە لە هێزەكانی ئێران لە هەموو ناوچەكەدا.

حكومەتەكانی پێشووی عێراق، كۆششی ئەوەیانكرد هەژموونی ئەو میلیشیا چەكدارانە سنوردار بكەن‌، بەڵام شكستیانهێنا، حەیدەر عەباد و عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە 2014 -2018، هەوڵیاندا ئەو هێزانە بخاتە ژێر ڕكێفی دەوڵەتەوە و بەرزەفڕییە سیاسییە‌كانیان سنوردار بكەن، هەوڵیاندا خەرجییەكانیان بێگرێوگۆڵبن (شەفاف) و باڵە سەربازییەكەی‌ لە باڵە سیاسییەكەی جیابكاتەوە، بەڵام لە كۆتایدا سیاسییەكانی نزیك لە ئێران بەسەر عەبادی و عەبدولمەهیدا زاڵبوون، عەبدولمەهدی لە ساڵی 2019 ، بودجەی حەشدی بە ڕێژەی 20% زیاد كرد، توانستی دایە میلیشیاكان لە ناوچە ستراتیژییەكان شوێنپێی خۆیان قایم بكەن، بە تایبەتیش لەسەر سنوری عێراق- سوریا كە ئازادانە تیایدا هەڵدەسوڕان.

ئەوەی ڕوون و ئاشكرایە، كە سەرۆك وەزیری نوێ‌،‌ بە بەراورد بەوانەی پێش خۆی، بۆ جڵەوگیركردنی میلیشیا چەكدارەكانی نزیك لە ئێران و سنورداركردنی خودی هەژموونی تارانیش، هەلێكی باشتری لە بەردەمدایە.

خاڵی وەرچەرخان
ڕاپەرینە جەماوەرییەكەی ئۆكتۆبەری 2019، كە هاوكاتیش بوو لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەو شۆڕشە بوو سەرنەكەوت و قین لەدڵانە سەركوتكرا، زۆرینەی خۆپیشاندەران شیعەبوون و بە توندی ناڕەزاییان لە بەرانبەر دەستتێوەردانی ئێران لە كاروباری وڵاتەكەیان دەربڕی، لە نۆڤەمبەری 2019 ، لافیتەكانی وێنەی خومەینی و موڕشیدی باڵای شۆڕشی ئێرانیان خستەژیرپێ خۆیان و زۆرینەشیان بێ دەمامك لە شەقامەكان بوون، قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەوەی پێیكرا كرد بۆ شكاندی شكۆی خۆپێشاندەران.

خۆپێشاندانەكان دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی لێكەوتەوە، لە دوای ڕوخانی سەدامەوە لە 2003‌، ئەمە یەكەمجار بوو كە ڕەووتێكی نەتەوەیی شیعەكان دژ بە ئێران هاتنەسەر شەقام. خۆپیشاندەران داوای دەوڵەتێكی خاوەن سەروەرییان دەكرد كە بە دوور بێت لە هەژموونی ئێرانی و ملكەچی و پشتیوانی خۆشیان بۆ عەلی سیستانی گەورە بۆگەڕاوەی نەجەف نیشاندا.

كازمی لە دوای ئەو ڕووداوانە جڵەوی فەرمانڕەوایی گرتەدەست، بۆیە پێدەچێت بتوانێت هەژموونی ئێران سنوردار بكات.

ڕۆڵی سیستانی لەو هاوكێشەیەدا زۆر گرنگە، كاتێكیش داعش لە ساڵی 2014 دەستی بەسەر ڕووبەرێكی فراوانی خاكی عێراقدا گرت، سیستانی فەتوایەكی دەركرد و داوای كرد هەموو ئەوانەی دەتوانن چەك هەڵگرن، بچنە ڕیزی دامەزراوە ئەمنییەكانی دەوڵەتەوە، لێرەدا میلیشیا عیراقییەكانی نزیك لە ئێران ئەو هەلەیان قۆزتەوە و حەشدی شەعبییان دامەزراند كە میلیشیاییەكی سەربازییە و بودجەكەی 2.16 ملیۆن دۆلارە و 135 هەزار چەكداری هەیە، بەمەش حەشدی شەعبی بووە ڕەگەزێكی سەرەكی لە پلانەكانی سوپای پاسدارانی ئێراندا بۆ سەپاندنی هەژموونیان لە عێراق و دەرەوەی عێراق.

لە ئێستادا سیستانی كۆششی ئەوە دەكات بەرگ و شەرعیەتی ئاینی لەو میلیشیایانە داڕنێت، بۆیە چوار گروپ لە حەشدی شەعبی‌ جیابوونەوە كە سەر بە سیستانین (فیرقەی عەباس، فیرقەی ئیمام عەلی، لیوای عەلی ئەكبەر، كەتیبەكانی لایەنگرانی بۆگەڕاوە (مەڕجەعیەت). ئەو گروپانە ئامادەباشی خۆشیان دەربڕیووە یارمەتی گروپەكانی دیكەی‌ هاوشێوەی خۆیان بدەن لەوەی هەمان هەنگاو بهاوێژن، بەمەش‌ سیستانی لە پشتیوانیكردنی حەشدی شەعبی كشایەوە، ئەمەش زیانی گەورە بەو شەرعییەتە ئاینییە دەگەیەنێت كە ئەو گروپانە پشتیان پێدەبەست و لە هەمان كاتیشدا خستبوویانە خزمەت ئێرانەوە. 

بە كوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە سەرەتاكانی كانونی دووەمی ڕابردوو، حەشدی شەعبی گورزێكی كووشندەی بەركەوت‌، ئەو دوو سەركردەیە رۆڵی كاریگەریان هەبوو لە برەودان بە هەژموونی ئێران لە عێراقدا، بۆیە كوژرانیان بۆشاییە‌كی گەورەی لە قەڵای هەژموونی ‌ئێران لە عێراق دروستكرد كە ئیسماعیل قانی نەیتوانی پریبكاتەوە، بۆیە لە ئێستادا هەلی بەردەم كازمی گونجا و لەبارە ئەو میلیشا چەكدارانە بخاتە ژیر ڕكێفی دەوڵەتەوە.

لەو هەوڵ و كۆشانەی كازمیدا، بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار دەتوانێت هاوپەیمانێكی بە هێزی سەرۆك وەزیری تازە بێت.

بەرهەم ساڵح توانی ڕۆڵێكی سیاسی چالاكتر لە فوئاد مەعسومی سەرۆكی پێشووی عێراق بگێڕێت، كە لە سەردەمی ئەویشدا حەیدەر عەبادی خەریكی جڵەوگیركردنی میلیشیاكان بوو. 

بەرهەم ساڵح ڕۆڵێكی گەورەی هەبوو لە بەربژێركردنی كازمیدا، ئەمەش ئێرانییەكانی زۆر توڕەكرد، بە تایبەتیش كاتێك لە مانگی مارسی ڕابردوو سەرۆك كۆمار ڕەتیكردەوە بەربژێرەكەی‌ ئێران بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ڕاسپێرێت، بەرهەم ساڵح ئەو كات وتی كە دەستلەكاركێشانەوەی پێ باشترە لەوەی كەسێك بۆ ئەو پۆستە ڕاسپێرێت كە دڵخوازی جەماوەری سەر شەقام نەبێت

لێژبوونەوەی گڵۆڵەی ئێران 
ئەگەر قەرار بێت پلانێك بۆ سنورداركردنی هەژموونی ئێران لە عێراقدا هەبێت، ئەوا ئێستا كاتییەتی، نەك هەر لەبەر ئەوەی دۆخەكە بۆ عێراق لەبارە، بەڵكو دۆخی ئێستای ئێرانیش یارمەتیدەری ئەو هەنگاوەیە.

ئیدارەكەی دۆناڵد ترامپ سیاسەتی ئەوپەری فشارخستنەسەر ئێرانی پەیڕەوكرد كە كاریگەری نەر‌ێنی هەبوو بۆسەر تواناكانی ئێران لە پاڵپشتیكردنی لە بریكارە هەرێمییەكانی. 

بە گوێرەی قسەكانی "بریان هۆك" ی نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكای تایبەت بە ئێران، تاران لەم ساڵانەی دوایدا ناچار بووە پشتیوانی و خەرجی سەربازی خۆی كەم بكاتەوە.

لە مارسی 2019 حەسەن نەسروڵای سەرۆكی حزبوڵای لوبنانی داوای لە لایەنگرانی كرد پارە ببەخشنە حزبەكەی، چونكە جەنگاوەرانی حزبەكەی پێویستیان بە پارەداركردن هەبوو. لە فبرایەری 2020، گەورە بەرپرسێكی ئێرانی وتی كە قاسم سولەیمانی هاتۆتە لایی بەو مەبەستەی بریكارەكانی سوپای پاسدارانی ئێران لە سوریا پارەدار بكات و كۆمەكیان بۆ كۆبكاتەوە.

بریكارەكانی ئێران لە سوریا، هەر‌ لە ڕووی داراییەوە لە ژیر فشاردا نین، بەڵكو لە ژێر فشاری سەربازی ئیسڕائیلیشدان، لە یەنایەری 2019 "جادی ئیزكەنۆت" ی سوپاسالاری ئیسڕائیل ڕایگەیاند كە بێ ئەوەی‌ ڕایگەیەنێن، گورزی سەربازیان لە هەزارەها ئامانجی ئێرانی وەشاندووە، لەوانەش لێدانی میلیشیا چەكدارە عێراقییەكانی ناو حەشدی شەعبی بووە.

لە كۆتایی ئیپڕیلی 2020، نفتالی بینیت- ی وەزیری بەررگی ئیسڕائیل بە میدیاكانی ئیسڕائیلی ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی هەڵمەتی خۆی چڕكردۆتەوە بۆ سەر ئێران لە سوریا، لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە ئیسڕائیل نزیكەی 11 هێرشی ئاسمانی كردۆته ‌سەر ئامانجەكانی ئێران.

ساویلكەییە پێمان وابێت لە شەو و ڕۆژێكدا هەژموونی ئێران لە عێراقدا لەناو دەچێت، بەڵام بێ هیچ دوودڵی گومانێك، ئەم دۆخەی كازمی دەسەڵاتی تێدا گرتۆتەدەست، لە هەموو ساڵانی پێشوو لەبارتر و گونجاوتر و باشترە بۆ كورتكردنەوەی دەستی ئێران. 

كازمی دەتوانێت زیاتر و زیاتر حەشدی شەعبی كۆت و بەند بكات، دەبێت كازمی لە ڕێگەی‌ ڕێكخراوێكی سەربازییەوە بەرپرسیاریەتی لە نێوان فەرماندەكانیدا دابەش بكات.

كاتێك ئەبو مەهدی موهەندیس فەرماندەی حەشدی شەعبی بوو، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە قاسم سولەیمانییەوە هەبوو، سلێمانیش بە تەواوی ئەوی كۆنتڕۆڵ كردبوو. دەبێت كازمی دامەزراوە سەربازییەكەی خۆی جیاوازتر لە جاران ڕێكبخاتەوە، دەبێت بەرپرسیاریەتی دابەشی نێوان فەرمانده ‌سەربازییەكانی بكات، دەبێت كازمی وا بكات خەرجییە داراییەكانی حەشدی شەعبی بێگرێوگۆڵتربن، دەبێت كازمی پەیوەندی كاری توندوتۆڵ لەگەڵ ئەو لایەنانە‌ لە حەشد جیابوونەوە پتەوتر بكات، ئاسانكاریش بۆ گروپەكانی دیكەی ناو حەشد بكات تاوەكو‌ لەو ڕێكخراوە جیاببنەوە، ئەگەر میلیشیا نزیكەكانی ئێرانیش چاكسازییەكانی كازمی ڕەتبكەنەوە، ئەو كات هێزە نیمچە سەربازییە شیعەكەی لاگیری دەوڵەتی عێراقی، دەبێتە جێگرەوەی میلیشیا شیعە عیراقییەكانی نزیك لە ئێران.
پشتیوانگەلێك لە پشت كازمییەوە وەستاون، تەنها ئەوەی لەسەرە پلانەكەی‌ جێبەجێ بكات.

سەرچاوە: FOREIGN AFFAIRS 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
و/شارپرێسەوە

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif