رۆژی 19ـی ئەم مانگە، د. عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد کە چەند خاڵێکی لەخۆگرتووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دارایی نێوان هەولێر و بەغدا، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانیش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت، رازین بەو بڕگانە.
لە نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراقدا ئاماژە بەوە کراوە، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 400 ملیار دیناری مانگی نیسان بۆ هەرێمی کوردستان خەرجدەکات.
لە بەشێکی نووسراوەکەدا هاتووە، نوێنەرانی حکومەتی فیدراڵی و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی چڕ ئەنجامدەدەن، بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێکی کۆتایی لەنێوان هەردوولا کە لە 30 رۆژ زیاتر نەخایێنێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانیش لە وەڵامی ئەو نووسراوەدا کە ژمارە 802ـە و لە 19-5-2020 دەرچووە، رەزامەندی هەرێمی کوردستانی نیشانداوە لەسەر ناوەڕۆکەکەی.
ئەو 30 رۆژەی حکومەتی عێراق دایناوە لە رۆژی خەرجکردنی 400 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و بەپێی نووسراوەکە، دیاریکردنی ئەو وادەیە پشتی بە یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵی بەستووە.
وەزارەتی دارایی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، دیوانی چاوێریی دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتی (گومرگ و داهاتی خاڵە سنوورییەکان) حیساب دەکەن و وردبینی تێدا دەکەن.
بەپێی نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق "ئەو پارەی ماوەتەوە لە مانگی نیسان دوای گەیشتن بە رێککەوتن لە کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوولا خەرجدەکرێت"
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق