مامۆستایان و خوێندكارانی زانكۆ قسە لەسەر بڕیارەكەی خوێندنی باڵا دەكەن

ليست هناك تعليقات


كوردپلات- تایبەت
ئامادەكردنی/ شەماڵ عەبدوڵا
-
بڕیاری هەژماركردنی خوێندنی ئەمساڵی خوێندن بۆ خوێندكاران، لە سەرەتاییەوە بۆ زانكۆكان، لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، بەشێك لە خوێندكاران و مامۆستایان بۆ دۆخێكی لەو شێوەیەی ئێستا كە مەترسی تەندروستی و دۆخی خراپی ئابوری بوونی هەیە بە باشی دەزانن و پێیان وایە ئەوە تاكە ڕێگایەك بوو كە خوێندكاران زیانمەند نەبن

بە پێچەوانەوە، بەشێكی تری لە مامۆستایان و خوێندكاران بە زیانی گەورە بۆ پرۆسەی خوێندن حسابی دەكەن و پێیان وایە ئەمە لە كۆڵكردنەوە و خەمساردیە، وە هۆكاری سیاسیش لە پشتیەوەیە بۆ خۆدەربازكردن لە ناڕەزایی.

زەردەشت بیلال، كە خوێندكاری یاسەیە و لە ساڵی كۆتایی خوێندنیدایە پێی وایە كە بڕیارەكەی وەزارەت لە جێی خۆیدایە و دەڵێ: ئەم بڕیارەی وەزیری خوێندنی باڵا جێگای دەستخۆشی و سوپاس کردنە ٫ چونکە دۆخی ئابوری و تەندروستی بۆتە هۆی شڵەژانێکی دەرونی گەورە لای خوێندکار و زۆر قورس ئەبوو بتوانن بەشداری تاقیکردنەوە بکەن . 


ئاسۆ گڵالی، دەرچووی زانكۆ و ئەندامی سكرتاریەتی ڕیكخراوی قوتابیانی كوردستان لەو بارەوە بۆ كورد پلات وتی: بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و تەنانەت ئەوەی پەروەردەیش بە دەرچوونی گشتیی قوتابیان، ئامانج لێی لەکۆڵبوونەوەی بۆڵەبۆلی مامۆستاو فەرمانبەران و رزگاربونە لە کێشەی نەدانی موچەو هەڵوێست وەرگرتن و خۆپیشاندان و...هتد، جگە لەمەش پێم وانیە ئامانجی تری تەندروستی و زانستیی هەبێ.

سەبارەت بە كاریگەریەكانی لەسەر خوێندن، ئاسۆ گڵاڵی دەڵێ: بێگومان نەخوێندنی بەشێکی زۆر لە مەنهەج و کۆکردنەوەو کەڵەکەکردنی بۆ ساڵانی داهاتوو کە دیاریش نیە سالانی داهاتوو چۆن دەبێ، کاریگەریی خراپی دەبێت بەسەر ئاستی زانستی و مەعریفیی دەرچوانەوە، بەڵام قوڕەکە خۆی خەستە، ئەم بڕیارە تەنها هێندەی تر خەستی دەکاتەوە.

زانیار قەرەداخی، خوێندكاری بەشی ئەندازیاریە و وەك ڕازی بوون بەرامبەر بڕیارەكە و ڕەخنەیەك بەرامبەر ئەوانەی كە دەڵێن نەدەبوو وەزارەت بڕیاری دەرچونی خوێندكارانی بدایە بەبێ تاقیكردنەوە زۆر بە كورتی وتی: بەداخەوە ئەمساڵ زانای گەورە و داهێنەری بەتوانامان نابێت وەک ساڵانی پێشوو بەهۆی تەواو نەکردنی ۲ هەفتەی کۆتای خوێندن


ژیار مستەفا، خوێندكاری دوا قۆناغی بەشی یاسا لەو بارەوە بۆ كورد پلات وتی: ھێشتا بەشێکی زۆری زانکۆ و پەیمانگاکان ھەن تەنھا ٣٠ لە سەدی خوێندنی ئەمساڵیان خوێندووە، بەبێ دانانی پلانێک و خوێندنەوە بۆ دەرھاویشتە خراپەکانی بۆ ساڵانی ئایندە ...

ژیار مستەفا، پێی وایە كێشەكە تەنها ئەمساڵ نیە و ساڵانی ڕابردووش خەمساردانە مامەڵە لەگەڵ خوێندن و پرۆسەی پەروەردە كراوە و دەڵێ: ساڵانێکە وەزارەتی پەروەردە و حکومەت بە گشتی خەم سارد و بێ باکن بەرامبەر بە پڕۆسەی پێگەیاندن و دروستکردنی تاکی تەندروست و پەروەردەکراو ، جگە لە لایەنە زانستیەکە کە وێرانکراوە !



لەگەڵ شکاندن و بێ ئەھمیەتکردنی ڕۆڵ و کاریگەری مامۆستا ، قوتابیان ئەگەر چەندین مانگ داببڕێن لە خوێندن و دورکەوتنەوە لە ھۆڵەکانی خوێندن ، نەگرتنەبەری ڕێگەی دروست و ئاسان و ھاندان بۆیان بۆ بەدیلی ئەوە، ئەوا بۆ ساڵانی داھاتووتر، ئەو نەوەیەی گەورە دەبێت خاوەنی شێواوی و کەمی زانیاری و نەنگی دەبێت


هاوكات مامۆستایەكی زانكۆ  پشتیوانی بڕیارەكە ی خوێندنی باڵا دەكات و لەو بارەوە  دەڵێت: بەرای من بریارەکانی خوێندنی بالا بۆ دۆخی ئەمرۆ لە جێگای خۆیەتی

فرمێسك عوسمان، مامۆستای زانكۆ لە لێدوانێكیدا بۆ كوردپلات وتی: بێگومان پەروەردە و خوێندنی باڵا دوو لە گرنگترین سێکتەرەکانن کە پەیوەندیان بە ژیانی نەوەکانمان و دوارۆژیان ھەیە، بەڵام بە داخەوە، ئێستا ئەم دوو سێکتەرە لە رووی زانستی و لە رووی مافی مامۆستایان و خوێندکاران لە دۆخێکی سەختدان. دیارە کۆمەڵێک ھۆکار ھەیە، بەلام زەقترینیان کە ئەمرۆ بوەتە بەربەست لەبەردەم پرۆسەی خوێندن پەتای کۆرۆنایە کە ئەویش مەترسییەکی گەورەیە لە سەر ژیانی خوێندکاران و مامۆستایان.


بەرای من بریارەکانی خوێندنی بالا بۆ دۆخی ئەمرۆ لە جێگای خۆیەتی، چونکە دۆخی تەندروستی و نەخۆشخانەکان لە ھەرێم بەشێوەیەک نین  کە بتوانن ژمارەیەکی زۆر نەخۆش لە ئەستۆ بگرن، لە ھەمان کاتدا، زانکۆکان پێشینەیەکی باشیان لە خوێندنی ئۆنلاین نیە، کاتێک باسی خوێندنی ئۆنلاین ھاتە ئاراوە، زۆرێک لە مامۆستایان و خوێندکاران نارەزاییەتیان دەربری بە حوکمی نەبوونی پێداویستی تەواو لە بەردەستیاندا، ھەروەھا مامۆستایان لەم قەیرانی داراییەدا مافی تەواوی خۆیان وەرناگرن، بۆیە بریارەکان تا رادەیەک لە جێگای خۆیەتی ئەگەر بە پێی توانا زانکۆکان بەرنامەدارێژی بۆ بکرێت و بە شێوەیەک کە خوێندکاران لە رووی زانستیەوە زەرەرمەند نەبن. 

فرمێسك عوسمان، نەیشاردەوە كە كاریگەری نەرێنی دەبێت بەڵام وێڕای ئەو كاریگەریانەش بڕیارەكە بەدروست دەزانێت و وتی: بێگومان پرۆسەکە کاریگەری نەرێنی ھەیە، بەلام سەلامەتی گشتی وا ئەخوازێت کە ئەوپەری ئاسانکاری بکرێت لە بەرژەوەندی خەلک، ئەکرێت وەزارەت لەگەل زانکۆکاندا بەرنامەی تۆکمە دارێژن بە پێی برگەکانی بریارەکان بۆ ئەوەی لە رووی زانستیەوە خوێندکار زەرەرمەند نەبێت.


هەواڵی پەیوەندیدار
لینكی وردەكاری بڕیارەكەی خوێندنی باڵا






ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif