وەزیری ناوخۆ: لە رۆژانی جەژندا هێزەكانمان دەگەڕێنەوە سەر شەقامەکان

ليست هناك تعليقات


لە رۆژانی جەژندا قەدەغەی هاتووچۆی گشتگیر لە هەرێمی کوردستان پەیڕەودەکرێت، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێ "هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە دەگەڕێنەوە سەر شەقامەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتووچۆ".

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ لەبارەی دوایین رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دوان. وەزیری تەندروستیش باسی لە هاوکارییەکانی رێکخراوی GIZـی ئەڵمانی کرد.

لە بەشێکی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 21-5-2020) د. سامان بەرزنجی رایگەیاند رێکخراوی GIZـی ئەڵمانی سپۆنسەری پرۆگرامێک دەکات بۆ دۆزینەوەی حاڵەتەکانی کۆرۆنا و، بۆ چارەسەرکردن و پشکنین و گەڕان بەدوای تووشبووان."210 کارمەندیان لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا. پاڵپشتیی ئەو رێکخراوە و وەزارەتی ناوخۆ و سەنتەری هەماهەنگی قەیرانەکان زۆر گرنگە پڕۆژەکەش راستەوخۆ دوای جەژن دەستپێدەکات".

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆش باسی لەوەکرد "مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا هێشتا لەئارادایە و ئەو حاڵەتانەی لە رۆژانی رابردوودا لە هەولێر و سلێمانی تۆمارکراون، جێگەی نیگەرانین و دەبێت هەڵوەستەیەکی جیدی لەسەر بکەین وەکو حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان".

وەزیری ناوخۆ ئاماژە بەوە دەکات "هەمیشە گوتوومانە مەترسییەکە هەیە، راستە ئێمە لە حکومەتەوە هۆکاری خۆپارێزیمان لە کاتێکی زووەوە دەستپێکرد، ئەوەش هۆکاری سەرکەوتنمان بوو. ئێمە وەکو حکومەت و خەڵک سەرکەوتووبووین لە خۆپارێزی، بەڵام بۆ ئەوەی سەرکەوتنی یەکجاری بەدەستبێت، دەبێت خەڵک گوێڕایەڵی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی بێت".

حکومەت بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە رۆژانی جەژن قەدەغەی هاتووچۆی تەواو پەیڕەودەکات. رێبەر ئەحمەد جەختی کردەوە لەوەی "داوا دەکەین خەڵک لە رۆژانی جەژندا لە ماڵەوە نەیەنە دەرەوە، چونکە هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە دەگەڕێنەوە سەر شەقامەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتووچۆ، جا هەر جۆرە هاتووچۆیەک بێت".

هەرچەندە چەند رۆژێک بوو، هیچ تووشبووی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەرێمی كوردستان تۆمارنەکرابوون، بەڵام چەند رۆژێكە ژمارەیەک هاووڵاتی دیکە تووشی ڤایرۆسەکە بوون، هەر دوێنێ لە پارێزگای هەولێر 15 کەس و لە سلێمانیش سێ کەس پشکنینیان پۆزەتیڤ بوو.

تائێستا لە هەرێمی کوردستان 442 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەنێویاندا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە، 383 نەخۆش چاکبوونەتەوە و، 54 نەخۆشیش لەژێر چاودێریی پزیشکی دان.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif