خۆپیشاندان لەبەرامبەر كوشتنی پیاوە ڕەشپێستەكە

ليست هناك تعليقات


هەزاران کەس بەهۆی گیانلەدەستدانی پیاوێکی رەشپێست "لەژێر قاچی پۆلیسێکی سپیپێست" لە ئەمەریکا هاتنە سەر شەقامەکان بۆ خۆپیشاندان، لە هەندێک شوێنیش خۆپیشاندانەکان تووندوتیژیان تێکەوتووە، تەنانەت کەسێکیش کوژرا.

جۆرج فلۆید، پیاوێکی تەمەن 46 ساڵی رەشپێست بوو، رۆژی 25-5-2020 لەلایەن تیمێکی پۆلیسەوە دەستگیردەکرێت، بەڵام ڤیدیۆی دەستگیرکردنەکەی و مامەڵەی پۆلیسە سپیپێستەکان لەگەڵی، وایانکرد هەزاران کەس خۆپیشاندان لەدژی ئەو پۆلیسانە بکەن، کە "بوونە هۆی گیانلەدەستدانی".

خۆپیشاندانی هەزاران کەس لە شاری مینیاپۆلیس لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمەریکا دوو شەوە تووندوتیژی تێدەکەوێت، بەجۆرێک شەوی رابردوو (چوارشەممە)، لەنزیک شوێنی خۆپیشاندانەکە کەسێک کوژرا.

رەوشی ئەو شارە بەگوتەی بەرپرسانی ئەمنی "زۆر ترسناک بووە"، لەدوای رووداوی گیانلەدەستدانی فلۆید.

هاوشێوەی هەزاران ئەمەریکیی دیکە، جۆرج فلۆید بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخستنی زۆربەی شوێنەکان، کارەکەی لە رێستۆرانتێک لەدەستدابوو و بەدوای کارێکی دیکەدا دەگەڕا.

شەوی دووشەممە (18-5-2020) کارمەندی دووکانێکی خۆراک، پەیوەندیی بە پۆلیسەوە کردووە و سکاڵای لەدژی فلۆید تۆمارکردووە، بەهۆی ئەوەی 20 دۆلاری ساختەی داوە، دوای ئەوەی پۆلیس دۆزییانەوە، بەبێ ئەوەی چەکی پێبێت، بە تووندوتیژی مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، یەکێکیان قاچی دەخاتە سەر ملی و بەو زەویدا دەدات، هەرچەندە فلۆید دەپاڕێتەوە و دەڵێ هەناسەی نایەت، پۆلیسەکە گوێی پێنادات، تەنانەت کاتێک پێدەچێت هەناسەشی نامێنێت، ترپەی دڵی ناپێوێت.

ئەو کەسانەی لە نزیک رووداوەکە بوون، ڤیدیۆی تەواوی رووداوەکەیان تۆمارکردووە و بڵاوکردووەتەوە، لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، کە داوا لە پۆلیسەکان دەکەن، بەو شێوەیە تووندوتیژ نەبن، چونکە دیارە بەڕاست هەناسەی نایەت، بەڵام پۆلیسەکان گوێیان پێنادەن.

بەپێی راپۆرتی پۆلیس، فلۆید کاتێک لەژێر قاچی پۆلیسەکە لەهۆشخۆی چووە، بە ئەمبیوڵانس بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە، بەڵام لەڕێگە گیانی لەدەستداوە.

پۆلیسەکان هەرچواریان تەنیا لەکارەکانیان دوورخراونەتەوە و رووبەڕووی دادگا نەکراونەتەوە، بۆیە خەڵکی شارەکە تووڕەن، چونکە پێیان وایە یەکێک لە پۆلیسەکان هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانی فلۆیدە، ئەوانی دیکەش یارمەتیی ئەو پیاوە رەشپێستەیان نەداوە، بۆیە ئەوانیش بە تۆمەتبار دەزانن و داوای دادگاییکردنی هەر چواریان دەکەن "بەتۆمەتی کوشتن".

هاریس، هاوڕێیەکی منداڵیی فلۆیدە و قسەی بۆ میدیاکانی ئەمەریکا کردووە، دەڵێ: "فلۆید هەوڵی دەدا لەسەرەتاوە دەستپێبکاتەوە، هەوڵیدەدا ژیانی خۆی بگۆڕێت و بەو گۆڕانکارییانەی خۆشی دڵخۆش بوو".







ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif