ئەمڕۆ رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس چووە بواری جێبەجێکردنەوە

ليست هناك تعليقات


كوردپلات

-

ئەو رێککەوتنەی مانگی رابردوو لە نێوان بەرهەمهێنەرانی نەوت لە رێکخراوی ئۆپێک و دەرەوەی رێکخراوەکە واژۆیانکرد، ئەمڕۆ هەینی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەوهۆیەش نرخەکانی نەوت بەرزبوونەوە.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەخەی هاتووچۆ بوونە هۆی ئەوەی زۆربەی کارگەکان لە جیهاندا دابخرێن و فڕۆکە، ئۆتۆمبێل، شەمەندەفەر و ئامێرە پیشەسازییە گەورەکان رابگیرێن، ئەمەش وایکرد خواست لەسەر نەوت کەم بێتەوە و نرخەکەشی دابەزێت.

بۆیە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لەسەر ئەوە رێککەوتن، بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکەنەوە بۆ ئەوەی هاوسەنگییەک دروستبێت و نرخی زێڕە رەشەکە بەرزبێتەوە.

رێککەوتنەکە کە داوادەکات هەر وڵاتێکی بەشدار رێژەی 22.8% ی نەوتی بەراورد بە تشرینی یەكەمی 2018 کەمبکاتەوە و لەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەمڕۆ نرخی نەوت بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و درێژەی بە بەرزبوونەوەکانی دوێنێی دا، بە جۆرێک بەرمیلێک نەوتی برێنت لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا بە 27 دۆلار و 70 سەنت مامەڵەی پێوەکرا و نرخی نەوتی سووکی تەکساسیش بۆ 20 دۆلار و 27 سەنت بەرزبووەوە.

بەپێی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس، بەرهەمهێنەرانی نەوت لە مانگەکانی ئایار و حوزەیراندا رۆژانە 9 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل لە ئاستی بەرهەمهێناندا کەمدەکەنەوە. لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا کەمکردنەوەکە بۆ 8 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا دادەبەزێنن

قۆناخی سێیەمی رێککەوتنەکە لە سەرەتای 2021دەستپێدەکات و تاوەکو نیسانی 2022 بەردەوام دەبێت لەو قۆناخەدا وڵاتانی ئۆپێک پڵەس رۆژانە شەش ملیۆن بەرمیل لە بەرهەمی رۆژانەیان کەمدەکەنەوە.

عێراق و هەرێمی کوردستانیش کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتیان نەوتە، بەدەر نین لەم رێککەوتنە. عێراق لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2018 دا ئاستی بەرهەمهێنانی 4 ملیۆن و 745 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا.

بەپێی رێککەوتنەکە پێویستە عێراق ئاستی بەرهەمی رۆژانەی بۆ 3 ملیۆن و 658 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمبکاتەوە. لە ئاداردا عێراق و هەرێمی کوردستان پێکەوە 4 ملیۆن و 650 هەزار بەرمیلیان بەرهەمهێناوە. هەرێمی کوردستان لەو مانگەدا 490 هەزار بەرمیلی لە رۆژێکدا هەناردەکردووە .بەو پێیەش دەبێت %22.8ی بەرهەمەکەی کەمبکاتەوە کە دەکاتە 111 هەزار و 700 بەرمیل لە رۆژێکدا.

رێککەوتنەکەی ئۆپێک پڵەس و هەوڵەکان بۆ هاوسەنگکردنەوەی نرخەکانی نەوت لەکاتێکدایە، خواستی نەوت لە جیهان بە بڕی 30 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزیوە، واتە جیهان پێویستی بە 70%ی ئەو نەوتەیە کە لە 2019دا بەرهەم دەهات.

هەرچەندە ئەمڕۆ یەکەم رۆژی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی ئۆپێک پلەسە، بەڵام بەرهەمهێنەران ناتوانن راستەوخۆ ئەو بڕەی بۆیان دیاریکراوە کەمی بکەنەوە، بەڵکو تاوەکو دوو مانگی دیکە دەبێت ئەم کارە بکەن، بەڵام هەندێ وڵات لەوانەش کوێت و جەزائیر پێشتر رایانگەیاند زووتر لە وادەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە خواستی ئەوەیان هەیە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکەنەوە یان زیاتر لەو بڕەی بۆیان دیاریکراوە، کەمیبکەنەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif