كاروخ خۆشناو
-
بڕیارە (ئەمهریکا و عێراق) لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو (واتە دوای تەنها 20 رۆژی دیكه) پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بە ڕێکكەوتنامەی ستراتیژی ناسراو بە (سۆفا) بکەن، بە مەبەستی ڕێکخستنەوە و داڕشتنەوەی سەرجەم بەندەکانی ڕێکەوتنەکە لە هەموو ڕووەکانەوە: (سیاسی، سەربازی، ئابووری، هەواڵگری، کولتووری، سەروەری عێراق، ڕۆڵی ئێران لە عێراق، چارەنووسی حەشدی شەعبی، دادگاییکردنی بکوژانی خۆپیشاندەران... هتد).
ئایا ئەجێندای هەرێمی کوردستان چییە بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکانی ئەمهریکا و عێراق؟
ئایا هەرێمی کوردستان تەنها تەماشاکار دەبێت وەک رێکكەوتنامەی پێشووی (سۆفا)ی ساڵی (2008)ی نێوان ئەمهریکا و عێراق؟
ئایا سەرکرادیەتی هەرێمی کوردستان پێویستە چی بکات؟
سەرکردایەتی سیاسی کوردستان پێویستە خۆی ئامادە بکات و هەنگاوی خێرا بنێت بەمەبەستی بەشداریکرن و حازر بوون لە دانوستانەکان و پێویستە ئەم خاڵانەی خوارە لەبەرچاو بگرێت:
1- گرنگترین هەنگاو کە پێویستە کورد بیهاوێژێت (لەم ماوە کورتەی لەبەردەمیدایە کە تەنها 20 رۆژە تاکو ناوەڕاستی مانگی شەش) بریتیە لە بە جدی وەرگرتنی ئەم دانوستانانە و نووسینەوەی ئەجێندایەکی یەکگرتوو لە پێناو خۆئامادەکردن بۆ گفتوگۆکان.
2- بە خێرایی پڕکردنەوەی پۆستی وەزیری دەرەوە کە پشکی (کورد و پارتیە) چونکە ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە دانوستانەکانی ئەمهریکا و عێراق، ئەویش لە رێگای کاندیدکردنی کەسێک کە کۆدەنگی شیعە و سووننەی لەسەر بێت تاکو لە پەرلەمانی عێراق دەنگی پێویست بەدەست بهێنێت.
3- پێکهێنانی وەفدێکی کوردی لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا کە بریتی بن لە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ لە بواری دانوستان و یاسایی و دیبلۆماسی، بۆ ئەوەی ئەگەر نەشتوانن راستەوخۆ بەشداری دانوستانەکان بکەن، رۆڵی راوێژکار ببینن بۆ ئەو ئەندامە کوردانەی بەشدارن لە گفتوگۆ و دانوستانەکان.
4- پێویستە کورد فشار بکات بۆ ئەوەی ئەمجارە (محەلی لە ئیعڕاب)ی رێکكەوتنە ستراتیژیەکەدا هەبێت.
5- پێگەی ستراتیژی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمهریکا گرنگە (هەر لەبەر ئەوەش بوو ئەمهریکا سیستەمی پاتریۆتی لە هەولێر جێگیر کرد) بۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان هەوڵبدات سوود لە پێگەی خۆی وەربگرێت و لە دانوستانەکاندا قسەی خۆی هەبێت.
6- ئەگەر سەرکردایەتی سیاسی کوردستان ئاگادار نەبێت و ئامادەیی نەبێت لە دانوستانەکان، رەنگە بەشێك لە لێکەوتەکانی رێکكەوتنەکە بە خراپ بۆ سەر هەرێم بشکێتەوە.
7- دەکرێت لەنێو هەموو رێکكەوتنێکدا کۆمەڵێک دەرفەت و هەڕەشە بوونیان هەبێت، بۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان بە ئاگا بێت و ئەم دانوستانانەی ئەمهریکا و عێراق بە جدی وەربگرن و خۆیانی بۆ ئامادە بکەن.
8- بەشێکی گرنگی داهاتووی سیاسی و ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان بەندە بەم رێکكەوتنەوە.
9- ترەمپ پێویستی بەم رێکكەوتنە هەیە بۆ ئەوەی سەرنجی رای گشتی ئەمهریکا بەلای خۆیدا رابكێشێت، چونکە دوای نزیکەی پێنج مانگی دیكه لەبەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدایە لە (3/11/2020) بۆیە پێویستی بە ئەنجامدانی ئەم رێکكەوتنە هەیە تاکو پێگەی ئەمهریکا لەعێراقدا بەهێز بکات و تەرازووی هێز لەعێراقدا لەبەرژەوەندی خۆی بشکێنێتەوە و عێراقیش لەژێر هەژموونی ئێران دەربهێنێت، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ژمارهی دەنگەکانی بۆ هەڵبژاردنەکان و دەستەبەرکردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمریکا.
10- بەهۆی لێکەوتەکانی کۆڕۆنا وەك دابەزینی نرخی نەوت حاڵی عێراق لە گیانەڵڵادایە، بۆیە عێراقیش پێویستی بە نوێکردنەوەی ئەم رێکكەوتنە هەیە، تاکو پشتگیری دارایی و سیاسی ئەمریکا بەدەست بهێنێت و رزگاری ببێت لەم دۆخە قورسەی عێراق تێی کەوتووە.
لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە هەر پڕۆسەیەکی دانوستان و گفتوگۆکردندا لایەنە بەشداربووەکانی پرۆسەکە هەوڵی تەواو دەخەنەگەڕ بۆ پاراستن و بەدەستهێنانی بەرژەوەندی زیاتر بۆ وڵاتەکانیان، بۆیە پێویستە سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستانیش چاوکراوەتر بن و تێڕوانینی جددیان هەبێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆیە گرنگە تاکو (کار لە کار نەترازاوە) ئەجێندایەکی هاوبەش بنووسنەوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش ژمارەیەکی خوێندراوە بێت لە داهاتووی عێراق و ناوچەکە
* سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی ئەمریکی-کوردی
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق