دیاری محمد
-
دانانی کورسی کۆتا بۆ کەمینەکان رێگاچارەیەکی باشە بۆئەوەی بتوانن ئەوانیش لە پەرلەمان نوێنەریان هەبێت، بوونی کورسی کۆتا خۆی لە خۆیدا دانانی نوێنەرێکە بۆ ئەو کەمە ئایینی و نەتەوەییەی لە وڵاتدا هەیە بۆئەوەی دەنگی خۆیان بگەیەنن، بەڵام ئەوەی جێی تێبینیە لە کوردستان کورسی پێکهاتە نەتەوەییەکان بووەتە پارسەنگێک بەدەست دەسەڵاتەوە کە هەرکات ویستی بەکاری بهێنێت لەپێناو بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆی.
فرە کولتووری و فرە ئاینی تەنانەت لە مێژووی دەوڵەتی ئیسلامیدا ڕێزلێگیراوەو شوێنکەوتووی ئاینەکان و دابونەریتیان ماونەتەوەو لە کۆمەڵگای کوردیدا بەشێوەیەکی ئازادانە رێوڕەسمەکانی خۆیان بەڕێوەبردووەو شەعائیری ئاینییان ئەنجامداوە.
ئەوەی تێبینی دروستکردووە کەمە نەتەوەییەکان لە هەر وڵات و پەرلەمانێک دەستوەردان لە ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکاندا ناکەن و ئەگەر رۆڵی نێوەندگیری نەبینن ئەوا لانیکەم بێلایەنی دەپارێزن و نابنە داردەست بەدەست لایەنێکەوە.
سەرەڕای ئەوەی ژمارەی کورسی کۆتا لە کوردستان تێبینی لەسەرە و ژمارەکە زۆرترە لە ئاستی پێویست.
زۆرینەی وڵاتانی جیھان سیستمی کۆتایان نییە بۆ پێکهاتەکان ئەگەر هەشبێت بەمشێوەیە نییە کە لەکوردستان پیادە دەکرێت.
بۆ نموونە:
لە پەرلەمانی عێراق کە دانیشتووانی زیاتر لە ٣٨ ملیۆنەو پەرلەمانەکەی ٣٢٩ کورسیە تەنیا (٩) کورسی کۆتا هەیە بۆ مەسیحیەکان و یەزیدی و شەبەک و سابیئەو فەیلی، کە دەکاتە ڕێژەی کەمتر لە (٣ %) ی پەرلەمان.
لە میسر کە زیاتر لە ٩٨ ملیۆن ژمارەی دانیشتووانەکەیەتی و پەرلەمانەکەی ٥٩٦ کورسییە و لەوەش تەنیا (٢٤) کورسی بۆ قیبتیەکان دانراوە کەبە ڕێژەی لە (٤ %) دەبێت.
لەئەردەن کە دانیشتووانی نزیکەی ١٠ ملیۆنەو پەرلەمانەکەی پێک دێت لە ١٩٥ کەس تەنیا (١٢) کورسی کۆتای هەیە کە بە ڕێژەی لە (٦ %) بۆ مەسیحیەکان و شیشان و شەرگەس دانراوە.
بەڵام لە هەرێمی کوردستان کە دانیشتووانی پێکهاتووە لە ٥ ملیۆن کەس، پەرلەمانەکەی ١١١ کورسییە، بەڵام ژمارەی کورسی کۆتا (١١) کورسییە، واتا بە ڕێژەی زیاتر لە (١٠ %)ی داناوە بۆ کەمایەتی و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان کە ڕێژەکەی یەکجار زۆرە.
ئەمەش لەکاتێکدا تعدادی سکانی بۆ پێکهاتەکان نەکراوە و هیچ داتاو ئامارێك بەردەست نییە.
لەناو سەرنجەکاندا ئەوەی زۆر جێی سەرنجە دانانی کۆتایە بۆ تورکمان لەهەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا لە خولی یەکەمی پەرلەمانتاراندا لەساڵی ١٩٩٢ تەنیا (٥) کورسی کۆتا هەبووە بۆ مەسیحیەکان و لەپاش شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی کە پەرلەمان پەکخرا لە ١٩٩٤ و هەڵبژاردن نەکرا تا ساڵی ٢٠٠٥ فراکسیۆنی زەرد بەتایبەتی و بەبەرنامەڕێژی لە (٥) کورسی پێکهاتەکانی بەرز کردەوە بۆ (١١) کورسی لەو ڕێژەیە (٥)کورسی بۆ تورکمان دانا لە کاتێکدا تورکمان نەتەوەیەو وەک ئاین موسڵمانە و دەتوانرێ بێ کۆتاش دەنگ بهێنن.
هەروەک لە پەرلەمانی عیراقی فیدراڵ هیچ کۆتایەک بۆ تورکمان نییە و لە هەموو هەڵبژاردنێکیش لیستی تورکمان دەنگی خۆیان دەهێنن بێ ئەوەی پێویستیان بە کۆتا بێت.
هەموومان دەزانین لە کوردستان هەڵبژاردنەکان سەدان نیشانەی پرسیاریان لەسەرە و بوونی ناوی مردوو و دووبارە و نەبوونی ئاماری وردی دانیشتووان و بەکارهێنانی هێزەکانی ناوخۆ بۆ دەنگدانی بە لێشاوو ساختەکردنی ناسنامە و چەندین رێگا و شێوازی تری نایاسایی خۆی لەخۆیدا نەک کورسی کۆتا بەڵکو تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردنی خستووەتە بەر نەشتەری پرسیار و گومانی لەسەر نەزاهەتی پرۆسەکە دروستکردووە.
ئێستاش پاش ئەو بارو دۆخەی لەدوای (٥/٧)ەوە هاتووەتە ئاراوە پێویستە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان پرۆژە یاسایەک ئامادە بکەن بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە چۆنیەتی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسییەکانی پێکهاتەکان بەشێوەیەک کە دادپەروەری تێدا پارێزراو بێت و بە بازنەو ناسنامەی خۆیان هەڵبژێردرێن و ڕێگایش بگیرێت لە بەکارهێنانی ئەو کورسییانە بۆ بەرژەوەندی لایەنێکی دیاریکراو، پرۆژەکەش لەم خولەدا پەسەند بکرێن بۆئەوەی لە خولی داهاتوودا بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق