هێزه‌كانی لیوای تایبه‌تی 61 له‌شاری كه‌ركوك، له‌ڕێی ته‌قه‌كردن به ئاسماندا بڵاوه به خۆپشاندانێكی جوتیاران ده‌كه‌ن و پێشێلكاری به‌رانبه‌ر ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نوس ئه‌نجامده‌ده‌ن.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی 29ی ئایار له‌به‌رده‌م سایلۆی كه‌ركوك له‌ناوچه‌ی پیشه‌سازی، ژماره‌یه‌ك جوتیار دژی وه‌رنه‌گرتنی به‌رهه‌می دانه‌وێڵه له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه ناڕه‌زاییان نیشاندا.
به‌وته‌ی چه‌ند جوتیارێكی به‌شداربوی خۆپیشاندانه‌كه بۆ (كه‌ركوك ناو)، به‌پاساوی تێكه‌ڵی نیسك له‌گه‌ڵ گه‌نمه‌كه‌دا، حكومه‌ت ئاماده‌نییه به‌رهه‌می دانه‌وێڵه‌ی ئه‌مساڵیان وه‌ربگرێت.
یه‌كێك له‌جوتیاره‌كان حكومه‌تی به‌وه تۆمه‌تباركرد له‌سه‌ره‌تاوه، كاتێك گه‌نمه‌كانیان به‌سه‌ر جوتیاراندا دابه‌شكردوه بۆ چاندن، خۆی نیسكی تێكه‌ڵ بوه‌و خه‌تای ئه‌وان نییه، بۆیه پێویسته حكومه‌ت به‌رهه‌مه‌كانیان وه‌ربگرێت و ماندوبونیان به‌فیڕۆنه‌چێت.
چه‌ند خوله‌كێك دوای ده‌ستپێكردنی خۆپیشاندانه‌كه، هێزێكی لیوای تایبه‌تی 61 گه‌یشتونه‌ته به‌رده‌م سایلۆو ده‌ستبه‌جێ په‌لاماری كامێرای رۆژنامه‌نوسانیان داوه، ده‌ستیان به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك كامێرادا گرتوه‌و ئه‌وانیتر وێنه‌و ڤیدیۆی خۆپیشاندانه‌كه‌یان به‌زۆر پێ سڕیونه‌ته‌وه.
به‌وته‌ی په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو)، ئه‌و هێزه له‌گه‌ڵ هه‌وڵی رێگری له روماڵی میدیاكان، به‌ته‌قاندنی نزیكه‌ی 10 فیشه‌ك به‌ئاسماندا، بڵاوه‌ی به جوتیاران كردوه‌و خۆپیشاندانه‌كه كۆتاییهاتوه.
ئه‌و هێزه چه‌كداره كه ژماره‌یان دواتر گه‌یشتۆته نزیكه‌ی 30 كه‌س، پاش بڵاوه‌كردن به خۆپیشانده‌ران، كامێرای رۆژنامه‌نوس و كه‌ناڵه میدیاییه‌كانیان گه‌ڕاندۆته‌وه، بێئه‌وه‌ی له‌هیچ كه‌سێك بده‌ن یان كه‌س ده‌ستگیربكه‌ن له‌خۆپیشانده‌ران و رۆژنامه‌نوسان.
هێزه‌كانی لیوای تایبه‌تی 61 سه‌ربه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌و زیاتر له‌ساڵێكه له‌ناوشاری كه‌ركوك دۆسیه‌ی ئه‌منی به‌ده‌سته‌وەیە به هاوكاری پۆلیسی ناوخۆیی و له‌ژێر فه‌رمانی ژوری ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كاندا.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق