هەموو یانەكان. بایكۆتیان. كرد

ليست هناك تعليقات


یانە بەشدارەکانی خولی نایابی عێراق بڕیاریاندا بەشداری لەو کۆبوونەوەیە نەکەن کە دەستەی کاتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق داوای کردبوو کە 20 ئایار کوبوونەوە لەگەڵ راهێنەری یانە بەشداربووەکانی خولی عێراق بکەن بەمەبەستی بیروڕاگۆڕینەوە سەبارەت چۆنییەتی دەستپێکردنی هەنگاوەکانی گەڕانەوەی یانەکان بۆ نێو یاریگەکان و ئەنجامدانی وادەی ئەنجامدانی مەشقوڕاهێنانەکان.

بەپێی زانیارییەكان، نوێنەری یانە بەشدارەکانی خولی عێراق پێکەوە لە رێگەی ڤیدۆکۆڵ، پرس و راوێژیان بە یەکدیی کردووە و هەمووان لەسەر ئەو خاڵە هاوڕابوون کە بەشداری کۆبوونەوەی سبەی لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی عێراق نەکەن، چونکە بەبێ پرس و راوێژ بە نوێنەری یانەکان، دەستەی کاتیی بەبێ گەڕانەوە بۆ یانەکان ئەو بڕیارەیان داوە، کە سەرەتای مانگی تەمموزی ئەمساڵ چالاکییەکانی خولی عێراق دەستپێبکاتەوە، ئەمە لە کاتێکدا نوێنەری یانەکان داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم وەرزەی خولی نایابی عێراق دەکەن.

بەرپرسانی یانەکان تووشی شۆک بوون، کاتێک لە رێگەی پەیوەندی کەسییەوە راهێنەری یانەکان ئاگەدار کراونەتەوە کە 20ی ئایاری ئەمساڵ ئامادەی ئەو کۆبوونەوەیە ببن، بەمەبەستی دیاریکردنی وادەی دەستپێکردنەوە بە مەشقوڕاهێنانەکان، ئەمە لە کاتێکدا دەبوو بەشێوەی فەرمی یانەکان بۆ ئەو کۆبوونەوەیە بانگهێشت کرابان، هەر بۆیە بەرپرسانی یانەکان بڕیاریاندا رێگە نەدەن راهێنەری یانەکان لە کۆبوونەوەیە لەگەڵ دەستەی کاتیی یەکێتیی تۆپی پێی عیراق بەشداریی نەکەن.

لە ماوەی رابردوودا زۆربەی یانە بەشداربووەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی عێراق، بەهۆی قەیرانی دارایی و مایەپووچوونی چەند یانەیەکی بەشدار لە خولەکە، داوایان لە دەستەی کاتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کردبوو، خولەکە هەڵبووەشێنێتەوە، بەڵام لە 18ی ئەم مانگە دەستەکە بەفەرمی وادەی دەستپێکردنەوەی خولەکەی راگەیاند، کە 3-7-2020ی وەکو سەرەتای دەستپێکردنەوەی خولی نایابی عێراق دەستنیشان کرد.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif