ھەرێم لەبەردەم فشارەکانی دەرەوە و ناوخۆدا

ليست هناك تعليقات


نەزاكەت حسین
-
کارەسات لەوێوە زیاتر سەرھەڵدەدات چ لەسەر ئاستی تاکەکەس چ لەسەرئاستی دەزگا یان ئۆرگان یان وڵاتێک کە لەیەک کاتدا کێشە و فشارە ناوخۆیی و دەرەکیەکانی پێکەوە ڕووی تێبکەن.
بەڵگە نەویستیشە کە زۆرجار ئەم دوو فشارە دەرھاویشتەی یەکترن، یاخود یەکێکیان ھۆکاربوە بۆ دروستبوونی ئەویتریان یاخود یەکێکیان لەھەڵگەڕاوە و بوونی کێشەی ئەوی تریانی کردووە بە بیانوو بۆ قۆستنەوەی دەرفەتەکە، ئەڵبەتە مێژووی ھەرێمی کوردستان و بەغداد ئەوەندە کێشەی یەک لە دوای یەک ڕووی تێکردوە لەماوەی ٣٠ ساڵی رابردودا وا ئاڵۆزکاون لەیەک، ھەندێک لە کێشەکانی سەروبنی یەکترن و پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد ھەیە تاکو بیسەلمێنیت فشارە ناوخۆیی و دەرەکیەکانی سەرھەرێم کامەیان دەرھاویشتەی ئەوی تریانە، یان کامەیان ئەوی تریانی کردووە بە بیانوو بۆ سەرھەڵدانی، بەڵام پێکەوەژیان و پێکەوە کارکردن ھەرچەندە فیدراڵیش بێت لە وڵاتیکی وەک عێراق  کە دەستوور تەنھا ناوبێت، سیستم داڕوخاوبێت، گەندەڵی تا قوڵایی و بنج و بناوانی ژیان رەگی داکوتابێت.
وڵاتەکە خۆی بۆ خۆی ئیدارەنەکات، بەڵکو ئەجندای دەرەوە تەحەکومی پێوەبکات، مێژویەکی نیوسەدەیی کە لەدوای پاشایەتی عێراق وڵاتی بکوژ و ببروو ململانێ و زاڵکردنی ئەم بەسەر ئەوی تردا گوزەرابێت ، نەفەسێکی نەداوە لەسەردەمی ھیچ حکومەت و کابینەیەکیدا کە ئاوڕێک بەلای خۆی و مامەڵەکردن بە دەستور و کار بۆ یاسا سەروەری و پێکەوەژیان و پلان دانان بۆ چارەسەری سەرچاوەی ململانێکان بکات.
وڵاتیش وڵاتی نەوت بێت و لەیەک دابەزینی بچوکی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا تەقەی بنی مەنجەڵەکەی بێت و ژێرخانی ئابوری سفر بێت، سەرمایەی نیشتمانی سفربێت و گرژی مەزھەبی و ڕەچەڵەکی و ڕەگەزی و نەتەوەیی وەک دارخورماکانی بەسرە ڕەگی داکوتابێت، لە ماوەی ساڵێکدا ٤ سەرۆک وەزیران ھاتبێت و دەستی لەکارکیشابێتەوە کەسیان  نەیتوانیبێت بەردێک بخاتە سەربەردێک، وڵات وڵاتی میلیشیا و تاقم و گروپی ڕاھێنراوی دەرەکی وگوێڕایەڵی دەرەکیبێت.
ئەمانە بکە بە سیناریۆ و بیدە بە ھۆڵیود بیکاتە فیلمێک، ئەوەندە ترسناک دەردەچێت رەنگە سەیری بکەیت شەو لە ترسا خەوت لێنەکەوێت و بڵێت ئەم مەملەکەتە باشە کە ئاژەڵەکانیش تێیدا ژیاون نەک مرۆڤەکان، ھەرباشە لە بری ئاو مرۆڤەکان کە تینویان دەبێت یەکتر سەرنابڕن و خوێنەکەی ناخۆن، ئەمە تا ئێرە عێراق خۆی بەدوای حەکیمێکدا دەگەڕێت تیماری سەری بکات، نەک ئێمە بچین بۆ تەواف و داوای شیفای بۆ ھەرێم لێ بکەین.
ھەرێم سەرباری قەیرانی ئابوری و تەندروستی و ئیفلیجبوونی بەشێکی زۆری دام و دەزگاکانی و زاڵبوونی سێبەری حیزب بەسەراپای کۆی دام و دەزگاکانیدا، بەڵام ھێشتا ئومێدێک ھەیە بۆ باشبوون و زیندبوونەوە، گرفتاری ئەو کێشە و گرێ کوێرانە نیە کە لە بەغداد ھەیە باشترە لە خودی خۆیدا بۆ چارەسەربگەرێین، ئەویش کۆکردنەوەی ھەموو لایەنەکان و وەلا خستنی ناکۆکیەکان و بە دەستکردن بە چاکسازیەکی بنەڕەتی و جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی و دوورخستنەوەی دەستی حیزب لە دام و دەزگا حکومی و خزمەتگوزاریەکان و گەڕانەوەی سەرمایە کەسی و داگیرکراوەکانی وڵات لەلایەن حیزب وبەرپرسانەوە و ئەکتیڤکردنی سێکتەرەکانی کشتوکاڵی و بەرھەمھێنانی ناوخۆیی و کەم کردنەوەی ئەو دام ودەزگا حکومی و حیزبیانە کە پێویست نین و گەرانەوەی خەرجیەکان بۆ ھاوڵاتیان و بناغەدانان بۆ بە نیشتمانی کردنی کۆی سیستم و سێکتەرەکان و سەرمایەکان و لاوازکردنی دەسەڵات و پێگە و خەرجیەکانی حیزب و کادیران و بن دیوارەکان و پاسەوان و خەرجی ڕاگەیاندنە زۆر و بۆرەکانیان، ئەوکات لە ھێزێکی ناوخۆیی و یەکریزیەکی نیشتمانیەوە داوای دانوستان لە بەغداد بکرێت. 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif