ئەوەی دەیبینن ڕاستییەکە نییە!

ليست هناك تعليقات


بەڵێن عیزت میكە
-
زووزوو ململانێ و چاوسورکردنەوەی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات، هەندێک لەوانە دەگەیەنرێنە ئاستێک کە خەڵک وا تێدەگات دنیا لە خراپبووندایە و ئیتر هەموو شتێک تێکچووە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەنییە، هەرزوو هەموو شتەکان پێچەوانە دەبنەوە و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە، کەواتە ئەبێ بپرسین ڕاستییەکە چییە؟

پێش هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەیەکی تۆکمە ئامادەکرابوو بۆ یەکخستنی هەڵوێستی ئەو لایەنانەی کە پێگەیان لە سلێمانییە، پڕۆژەکە لەلایەن هاوپەیمانییەوە پێشنیازکرابوو کە ئەوکات بەرهەم ساڵح سەرۆکی بوو، وابوو کە گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ و هاوپەیمانی و دواتریش یەکێتی بەرەیەک پێکبهێنن و بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکەن و ببنە ڕەقەمێکی گەورەتر لە پارتی، بەڵام هەرزوو گۆڕان و بەدواییدا کۆمەڵ و بەدوای ئەویشدا یەکگرتوو کشانەوە لە پڕۆژەکە، بەمەش ئەو پڕۆژەیە شکستی هێنا و کەسیان ئامادە نەبوون بەو هەنگاوە بە پارتی بڵێن ستۆپ.......

لەسەروبەندی ئامادەکردنی لیستەکانی هەریەک لەو حزبانەدا پارتی بە ناڕاستەوخۆ تەدەخولی کرد و سەرۆکی سێ لەو لیستانەی گۆڕی، پەیامی سەریحی بەو حزابانە دا ئەگەر "فڵان" سەرۆکی لیست بێت ئەنجامەکەی باش نابێت، بۆیە بیگۆڕن، بەقسەی پارتی کرا و سەرۆک لیستەکان گۆڕان و کران بەوانەی کە پارتی حەزی لە بینینیان بوو لەناو پەرلەماندا....

هەڵبژاردن کرا و ئەو هەموو ساختەکارییەمان بینی و ئەو هەڵایەشمان بینی کە لەسەری دروستکرا، بەڵام دوای ماوەیەک هەموو لایەنەکان چوونە ناو پرۆسەکە و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیان قبوڵکرد و پەرلەمانیان دروستکرد....

 یەکەم کاری پەرلەمان ئەوەبوو پەیڕەوی ناوخۆ هەموار بکات، پەیڕەوێک کە لە کۆتایی خولی پێشوودا هەموار کرابوو، بۆچی؟ لەبەرئەوەی لەگەڵ خواستەکانی پارتی و گۆڕاندا یەکی نەدەگرتەوە بۆ دابەشبوونە نوێکەی ناو پەرلەمان...

پارتی پێشنیازی ئەوەی کرد یەکێک لە نوێنەرانی پێکهاتەکان ببێتە جێگری سەرۆکی پەرلەمان، هەموان وتیان ئەشهەدوو ئەوە پێشنیازێکی گونجاوە، بەبێ ئەوەی بیر لە لێکەوتەکانی بکەنەوە، ئەنجامەکەشی ئەوەبوو کە بینیمان و پارتی لە دەستەی سەرۆکایەتییدا هەرچی بوێت دەیخاتە بەرنامەی کارەوە و پەسەندی دەکات و سەرۆکی پەرلەمان تەنها دەتوانێت بایکۆت بکات...

با بێینە سەر ئەو بابەتەی کە ئێستا گەرمە، هەڵگرتنی پارێزبەندی، بە وتەی خۆی، سۆران عومەر لە سەرەتای مانگی چوارەوە زانیویەتی کە هەوڵی ئەوە لەئارادایە پارێزبەندی لەسەر هەڵبگیرێت، باشە!!! نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا بوو، عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بە سەریحی وتی "ڕێگە نادەین هیچ ئەندام و سەرکردە و پەرلەمانتارێکمان پەیوەندی سیاسیی هاوسەنگی نێوان ئێمە و لایەنەکانی تر تێکبدات، نابێت کەسێک لەبەرئەوەی خۆی بکاتە پاڵەوان، لەبەرژەوەندی خۆی زیان بە حزبەکەی بگەیەنێت" ئەم قسانەی ئەمیری کۆمەڵ ڕاستەوخۆ لەگەڵ سۆران عومەری بوو، بەڵام سۆران عومەر بەردەوامبوو لەو ئاراستەیەی کە کاری لەسەر دەکرد و ئەنجامەکەشی گەیشتە ئێرە...

باشە ئەگەر بابەتەکە ئەوەندە گەورەیە لە سۆشیال میدیا وا فووتان تێکردووە، بۆ ناکشێنەوە، ئەو چەند مدیرعام و سەرۆک دەستەیەی هەتانە بۆ ڕادەستی ناکەنەوە، حزبی ئۆپۆزسیۆنت بینیوە پۆستی باڵای لە حکومەتەکاندا هەبێت؟ ئەگەر بەڕاستیتانە، وەکو هەولێریان دەرێن "ئەوە مەیدان و ئەوە قەیتان" ئەگەریش وەکو هەمیشە بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکە، وازبێنن خەڵک ئەوەندە ماندووە بەرگەی ئەم یاریانە ناگرێت....


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif