دكتۆرە ئاڤێستا كمال: كەموكورتیەكانی خوێندن بە ئۆنلاین دەخاتە ڕوو

ليست هناك تعليقات

كوردپلات
-
مامۆستایەكی زانكۆ لە نوسینێكیدا كەلە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاوی كردۆتەوە كێشەكانی خوێندن بە ئۆنلاین دەخاتە ڕوو
دەنوسێ: ئەم سیستمە پاڵپشتی نییە وەک ئەوەی ناونراوە بەڵکو خودی خوێندنەکەیە بە بێ ئامادەکاری پێشوەختە و ڕاهێنانی چەند ساڵەی خوێندکار و مامۆستا.

لە درێژەی نوسینەكەیدا دكتۆرە ئاڤێستا كەمال پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانكۆی سلێمانی ، چەند خاڵێكی خستۆتە ڕوو كە  كەموكورتی جەوهەرین بۆ خوێندن بە ئۆنلاین
ئەمەی خوارەوە دەقی نوسینەكەی دكتۆرە ئاڤێستا كەمالە


کێشەکانی  خوێندن بە ئۆنلاین

لە دونیادا سیستمی خوێندن بە ئۆنلاین هەیە کە کواڵێتییەکەی کەمترە لەو خوێندنەی ، کە ڕاستەوخۆیە و خوێندکار دەرگیری مامۆستا دەبێت لە پڕۆسەی فێربووندا ، هەروەها دیوێکی تری خوێندن بە ئۆنلاین ئەوەیە وەک سیستمێکی پشتگیری بێت ، بەڵام لە ئێستای کوردستان و ئەو دۆخەی تێیکەوتوە ئەم سیستمە پاڵپشتی نییە وەک ئەوەی ناونراوە بەڵکو خودی خوێندنەکەیە بە بێ ئامادەکاری پێشوەختە و ڕاهێنانی چەند ساڵەی خوێندکار و مامۆستا و خێزان بەش بە حاڵی خوێندنی زانکۆی کۆمەڵێک کەموکورتی جەوهەری دەخەینەڕوو لە شێوەی نوکە قەڵەمدا چونکە هەر یەکێکیان چەندین ڕەهەند و شیکردنەوە و بەڵگە هێنانەوەی هەیە ،کە لە پەنابردنە بەر ئەم سیستمە دروستیدەکات
١. خوێندکاران و  مامۆستایان لە کوردستان ئەژین نەک سویسرا تا ئینتەرنێت و کارەبای تەواو هەبێت و بە توانای تەواوەوە بەردەوام لە پەیوەندیدابن
٢. خوێندکار جۆش و خرۆشی نییە بۆ خوێندن و  پارەی نەیاوە بخوێنێت تاوەکو پابەند بێت
٣. هەوڵێکی خۆ کوژییە مامۆستا پێی وابێت دەتوانیت بابەتەکان بە پڕاوپڕی  دەگەیەنێتە خوێنکار لە کاتێکدا خوێندکار ئامادە نییە یەک دێڕ لە کتێبێک بخوێنێتەوە دەربارەی خوێندنەکەی
٤. نرخی پۆل  نامێنێت چونکە بە بەرنامەیەکی پشتگیری ساڵێکی خوێندن بەڕێ دەکرێت بەمەش خوێندن بەتەواوی ئامانجەکەی لەدەستدەدات و هیچ پیرۆزییەک بۆ لەناوپۆل بوون و دەرگیربوونی خوێندکار و مامۆستا نامێنێت
٥. مامۆستا دەبێتە یەخسیری تۆڕی کۆمەڵایەتی و بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆ و بابەتەکانی چونکە ئێمە لە کۆمەڵێکی هوشیاردا ناژین
٦. زیادکردنی سەرۆک بەش و دامودەزگاکانی تر بۆ چاودێری مامۆستا ( لە خۆێندنی ئۆنلاینی زانکۆدا)چ جۆرە سەربەستییەک دەهێڵێتەوە بۆ پڕۆسەی وانە وتنەوە و گۆڕینەوەی بیروڕا ، کە ئەمە زۆر هەڵدەگرێت لەوانە حوکمکردنی مامۆستای بابەت لە لایەن کەسانێکەوە کە بە گۆشەنیگای خۆیان دەڕواننە بابەتی خوێندنەکە
٧. پرسیاری جەوهەری ئەوەیە ئەم پڕۆسە کاڵ و کرچە چەندێتی لەخوێندندا دەستەبەر دەکات یان چۆنێتی خوێندن لە کاتێکداچۆنێتی خوێندن خۆی پێشتریش لە ژێر پرسیاردابووە
٨. مامۆستا لێرەداتەنها فەرمانبەرێکی  فەرمانپێکراوە و هەڵگری مەشخەڵی زانستیش بکەر نادیارە
٩. هیچ دامودەزگایەک لەسەر مافە ڕەواکانی مامۆستایان نایەتە دەنگ بەڵام لە کاتی کاربەڕێکردندا ئەم بەش خوراوە دەخرێتە بەر هەڕەشەی لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی کارگێڕی و دارایی ....هتد  ئەگەر وەک ڕێنماییەکان پابەندنی خوێندنی ئۆنلاین نەبێت
١٠. خوێندکار هەست ناکات پێویستە خۆی ماندووبکات بەم پڕۆسەیەوە چونکە لە کۆتایدا پاشەڕۆژی لە مامۆستاکانی و ئەوانی دی باشتر نابێت


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif