هەواڵ
-
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، دوێنێ چوارشەمە، ڕایگەیاند، حوکمڕانیکردن تەنها دابەشکردنی مووچە نییە، بەڵکو دەبێت هەوڵبدرێت خزمەتگوزاریی گشتی و پرۆژەی ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی ئابووریش ئەنجامبدرێت، هەروەها جەختی لەوەش کردەوە لە دەبێت لەگەڵ دۆخی ئێستادا خۆگونجاندن هەبێت.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دواتر، لە ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێک سەبارەت بە کۆبوونەوەکە و وتەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە بڵاوکرانەوە.
مەسروور بارزانی لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، دوای تیشک خستنەسەر دابەزینی نرخی نەوت و پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورییەکانی، وتی، "دەبێت خۆمان لەگەڵ دۆخی ئێستا و ئەو توانا دارییە سنووردارەی لەبەردەستماندایە بگونجێنین و کۆی گشتیی دۆخی ئابووریمان بەپێی گۆڕانکارییەکان ڕێکبخەینەوە".
جەختی لەوەش کردەوە، "دەبێت بەردەوام بین لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی".
پێداگری لەسەر سووربوونی حکوومەتیشی کرد لەوەی هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ و هەرچی لە توانایدا بێت دەیکات بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
"بەڵام حوکمڕانیکردن تەنها مووچەدابەشکردن نییە، بەڵکو پێویستە هەوڵبدەین خزمەتگوزاریی گشتی و پرۆژەی ئاوەنداکردنەوەی ژێرخانی ئابووریش ئەنجام بدرێت، کە ئەمەش پێویستی بە ڕێکخستنەوەی دۆخی ئابووریمان هەیە".
مەسروور بارزانی پیرۆزبایی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقی کرد، بە هیوای چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەولێر و بەغداد لە چوارچێوەی دەستوور و بەرژەوەندیی گشتیی هاوبەش.
جێگری سەرۆکوەزیرانیش، قوباد تاڵەبانی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی شاندی حکوومەتی هەرێمی لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی فیدڕال خستەڕوو، جەختیشی لە بەردەوامیی گفتوگۆکان کردەوە، کە تایبەتن بە چارەسەرکردنی پرسی نەوت و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق