هەڵە کوشندەکەی شیعە و پرسی داڕوخانی ئابوری عيراق

ليست هناك تعليقات

كوردپلات - بیروڕا
-
عادل باخەوان
-
لە هەفتەی ڕابوردودا چەندین پرسیارم لەسەر پرسی دەرکردنی هيزەکانی ئەمەریکا لە عيراق و کاردانەوەی واشنتۆن و کاراییەکانی لەسەر کۆمەڵگای عێراقی بۆهاتوە. هەوڵدەدەم لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا بۆچونەکانی خۆم بە کورتی بۆ خوێنەران ڕونبکەمەوە.
1. بەپێی ئەو داتایانەی لە بەردەستدان، 90% سیستمی ئابوریی عێراق لەسەر فرۆشتنی نەوت وەستاوە و لێدانی هەر گورزێك لە داهاتی نەوت، ڕاستەوخۆ کۆی ئابوریی عێراق هەڵدەوەشێنێتەوە. لەدۆخيکی واشدا ئیتر ‌‌حکومەت بەهیچ شێوەیەک توانای دابینکردنی موچەی چەندین ملیۆن عێراقیی نامێنێت و بەمەش قەیرانێکی گەورەی ئابوری و کۆمەڵایەتی دروستدەبێت.
2. لە 2003 وە و بۆ دەرچونن لە گەمارۆی ئابوریی، وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا حسابێکی بانکیان لە نیۆیۆرک بۆ عێراق کردوەتەوە و تەواوی داهاتی نەوت لەو حسابەدا دەکرێت بە دۆلار و بەشێکی بە کوەیت وەک قەرەبوو دەدرێت و هەموو مانگێکیش نزیکەی دوو ملیار دۆلاری لێدەدرێت بە عێراق.
3. داهاتی ساڵی ڕابوردوی عێراق 112  ملیاردۆلاربوە و لە ئێستادا 35 ملیار دۆلار لەسەر ئەو حسابەیە کە لە نیۆیۆرکە. سەدر و سەرکردەکانی شیعە داوای دەرکردنی هێزە ئەمەریکیەکان لە عێراق دەکەن و دۆنالد ترامپیش هەڕەشەدەکات و دەڵێت : گەر دەرمانکەن، ئێمەش ئەو حسابەتان بلۆکدەکەین.
4. بلۆککردنی ئەو حساب بانکیە واتە کۆتاییهاتنی کردەی بەدۆلارکردنی نەوتی عێراق و ئەوەش یەکسانە بە هەڵوەشانەوەی تەواوی سیستمی ئابوریی عێراق. سەرکردەکانی عێراق دەبێت تێبگەن لەوەی کە دۆنالد ترامپ ئەو سەرۆکەیە کە هەموو شتێک بەسیاسی دەکات، بە بانک و نەوت و پەیوەندیە شەخسیەکانیشیەوە.
5. ئەو دوای نیوەڕۆیەی کە شیعەکانی پەرلەمان بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکایان دا، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندی بە دکتۆر عادل عەبدولمەهیدیەوە دەکات و پەیامی واشنتۆنی پێدەگەیەنێت. بەپێی یەکێک لەو کەسانەی کە ئامادەی پەیوەندیە تەلەفونیەکە بوە، دکتۆر عادل زۆر شڵەژاوە، بەتایبەتی کاتێک بەرپرسە ئەمەریکیەکە پێیوتوە : وریابە، لە ئێستادا تەنها چەند کەسایەتیەکتان سزای ئابوری خراوەتە سەر، گەر بەردەوامبن، تەواوی دەوڵەتەکەتان دەخەینە ژێر سزای ئابوریەوە.
6. سزای ئابوری ئەمەریکی بەتەنها بچڕانی پەیوەندی نێوان دوو دوڵەت نیە، بەڵکو ڕاستەوخۆ دەبێت بەوەی کە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی سیستمی ئەنتەرناسیۆنال پەیوەندیە ئابوریەکانیان لەگەڵ عێراقدا دەبڕن و چیتر کەس ڕیسکی ئەوەناکات کە نەک هەر نەوتی عێراق بکڕێت، بەڵکو سەندەویچێکیش بە عێراق بفرۆشێت.
7. بێگومان شیعەکان دەتوانن خۆپیشاندانی ملیۆنی دژ بە ئەمەریکا سازبدەن و دەشتوانن لە ڕێگای حکومەتەوە کە لەلایەن خۆیانەوە کۆنترۆڵکراوە، بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا بدەن. بەڵام شیعەکان دەبێت دڵنیابن لەوەی کە ئەو عێراقەی کە بۆیان دەمێنێتەوە، دەبێت بە سەرزەمینی چل ملیۆن مرۆڤی مەحروم لە سادەترین پێداویستیەکانی ژیان.
8. دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا هەروەها گریمانەی هەڵوەشانەوەی عێراقیش وەک دەوڵەت زیاتر لە هەموو کاتێک بەهێزتر دەکات. هەموومان ئاگامان لێیە کە چەند ڕۆژێکە، سووننەکان لە دوبەی و هەولێر و بە سەرپەرشتی ناڕاستەوخۆی ئەمەریکیەکان لە کۆبوونەوەدا بۆ دامەزراندنی هەرێمێکی سەربەخۆ لە عێراقدا.
9. عێراقیەکان هەروەها دەبێت لەوە تێبگەن کە چیدی وەک  2003 عێراق دڵی سیاسەتی ئەمەریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نیە، چیدی عێراق بەهایەکی گەورەی بۆ واشنتۆن نیە و دابەشبون و هەڵوەشانەوە و گەمارۆی ئابوری و هەژراکردنی و ...وەک یەک وان بۆ واشنتۆن. عێراق چیدی جگە لە کارتێکی فشار هیچ شتێکی دیکە نیە بۆ ئەمەریکا.
10. ئایا ئەو عەقڵیەتەی کە عێراق بەڕێوەدەبات لەم هاوکێشانە تێدەگات ؟ بەداخەوە ئەوەی کە ئێستا بۆ نوخبەی دەسەڵاتدار لە بەغداد گرنگە، هێندەی نمایشکردنی گوتارە ئاگراویەکانە نیو هێندە بیرکردنەوە لە ژیانی هاوڵاتیان نیە. خەونی ئەوان بەکارهێنانی نەوتی عێراقە بۆ دروستکردنی مۆدێلی حیزبوڵای لوبنانی، نەک بەکارهێنانی نەوتی وڵات بۆ دروستکردنی مۆدێلی ژیانێکی کەرامەتدارانەی نەرویجی.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif