بوار بدەن بە زەوی!

ليست هناك تعليقات

كوردپلات - بیروڕا

فرمێسك عوسمان
-
یەکێک لە پرسە گرنگەکانی جیھانی ئەمڕۆمان بریتییە لە پرسی ژینگە و گرفتە ژینگەییەکان. ئەم پرسە بۆتە جێی بایەخ و گرنگی زۆربەی کۆبوونەوە جیھانیەکان و ھیچی کەمتر نیە لە پرسە سیاسی و ئابوورییەکان. 
گرفتی گەرمبوونی گۆی زەوی و پیسبوونی ئاو ھەوا و  گۆڕانکارییەکانی کەش و ھەوا، کاریگەرییان لەسەر ژیانی سەرجەم زیندەوەران دروستکردووە!  بەم ھۆیەشەوە، لە زۆربەی قۆناغە جیاوازەکانی سەدەی ڕابردوو ھەتا ئێستاش چالاکوانان و ژینگەدۆستان دەنگی ناڕەزاییەتیان ھەڵبڕیوە و دژ بە ھەموو ئەو چالاکییە سیاسی و ئابوورییانە وەستاونەتەوە کە بوونەتە  ھۆی سەرھەڵدانی گرفتە ژینگەییەکان. 

سەرەتای سەرھەڵدانی گرفتە ژینگەییەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ڕابردوو کاتێک مرۆڤایەتی کرایەوە بە ڕووی دونیایەکی نوێ لە زانست و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا. ھەر لە سەرەتایی  سەرھەڵدانی گۆڕانکارییە بەرچاوەکانی ژیانی مرۆڤایەتی، قەیرانی سیاسی و جەنگ و پێشبڕکێی پیشەسازی و گەشەپێدانی ئابووری وڵاتان زیاتر بوون و ئەمەش بووە ھۆی سەرھەڵدانی گرفتی نوێ بۆ مرۆڤایەتی. 

لە ڕاستیدا، ھەموو کردەیەکی مرۆڤ کاریگەریەکی ھەیە لەسەر گۆڕانە ژینگەییەکان. زانایان بە پشت بەستن بە توێژینەوەکانیان لە بواری ژینگەدا، بەو ڕاستییە گەشتوون کە  دەستێوەردانەکانی مرۆڤ لە سروشت لە ھۆکارە سەرەکییەکانی سەرھەڵدانی گرفتە ژینگەییەکانن. دەستێوەردانی مرۆڤ لە  ژینگەی  زەوی، زیادبوونی ڕێژەی دانیشتوان، بەردەوامی لە گەشەپێدانی تەکنەلۆجیا و ھەروەھا بنیاتنانی کارگەی گەورەی پیشەسازی و گەشەی ئابووری ولاتان و چەندین ھۆکاری دیکە لەوانەن کە بوونەتە ھۆی دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانی سەرجەم زیندەوەران و داھاتووی گۆی زەوی. شێوازی ژیانی ئەمڕۆی مرۆڤایەتی بۆتە ھۆی نەمانی باڵانس لە نیوان ڕێژەی دانیشتوانی زەوی و سەرچاوە سروشتییەکانی زەوی. بۆ نمونە، زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان واتا زۆربوونی داواکاری لەسەر زیاتر بەرھەمھێنانی خۆراک و بەکارھێنانی ئاو و وزە! کە ئەمەش پێویستی بە زیاتر بەکارھێنانی سەرچاوە سروشتییەکانی زەوییە. ناڕێکی ئەم باڵانسەش رەنگە ببێتە ھۆی سەرھەڵدانی چەندین گرفت لە ژیانی زیندەوەران بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە ھێشتا لە قۆناغی گەشەسەندنان. ھەرچەندە ھەمووان لە بەکارھێنانی سەرچاوەکانی زەوی یەکسان نین، بەلام بەپێی ئەو وزەیەی کە پێویستە بۆ ژیان، ھەر تاکێک کاریگەری راستەوخۆی ھەیە لەسەر ژینگەی دەوروبەر. 

لە ڕاستیدا، گرفتی ژینگە پەیوەستە بە چەندین ھۆکاری گەورەتر، لەوانە جەنگ. پرسی ژینگە لە دونیای ئەمڕۆدا بەدەر نیە لە سیاسەت. پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆجیا ڕێخۆشکەربوون بۆ ھاتنەکایەی  پێشبڕکێی ئابووری لە نێو وڵاتان، بە تایبەت لە دوای جەنگی جیھانی دووەم. ئەمڕۆ ولاتانی پێشکەوتوو بە پشت بەستن بە سەرچاوە سروشتیەکانی زەوی لە ھەوڵی خۆ دەوڵەمەند کردن و زامنکردنی داھاتوویەکی باشترن بۆ نەوەکانیان، ھەندێک لەو وڵاتانە پەیرەوی سیاسەتێکی داگیرکارانە دەکەن بۆ دەست بەسەراگرتنی سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی زەوی، ئەمەش پاڵنەرە بۆ داگیرکاری زیاتری وڵاتانی لاواز و خاوەن سەرچاوەی سروشتی کە جگە لە کارەساتی مرۆیی کارەساتی ژینگەیی لێدەکەوێتەوە. ھەروەھا گرنگە باس لەوە بکەین کە پێشکەوتنەکانی جیھانی مۆدێرن ڕێخۆشکەر بوون بۆ دروستکردنی چەکی نوێ و جۆراوجۆر، بەتایبەت چەکی ئەتۆمی کە ھەرەشەیەکی گەورەن لە سەرژیان مرۆڤایەتی و تەواوی زیندەوەران. 

سەدەی ڕابردوو، جیھان دوو جەنگی جیھانی گەورەی بە خۆییەوە بینی کە بووە ھۆی کارەساتی گەورە بۆ ملیۆنان مرۆڤ و  ئاژەڵ و پیسکردنی سروشت و ژینگەی زەوی.  لە دوای جەنگی جیھانی دووەم، دەنگی نارەزاییەتی ژینگەدۆستان و چالاکوانن بلندتر بوو! مەترسییە دیارەکانی سەر ژینگەی گۆی زەوی بووە ھۆی سەرھەڵدانی چەندین چالاکی جۆراوجۆر لەسەر ئاستی کەسی و گشتی بۆ وەستاندنی دەستێوەردانەکانی مرۆڤ لە تێکدانی ژینگە!

لە ساڵی ١٩٦٩، ''کۆمەڵەی کاری ژینگەیی بۆ ژیان''  لە زانکۆی میشیگن دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی  دروشمی ''بوار بدەن بە زەوی'' لە جێی درەشمی ''بوار بدەن بە ئاشتی''. ئەم چالاکییە یەکێک بوو لە دیارترین چالاکییەکان لە نێو ھەزاران خوێندکاری قۆناغە جیاجیاکان لە ئەمریکا کە دژ بە شەڕی ڤێتنام وەستانەوە!  ئەم ھەڵوێستە توندەی ئەمریکییەکان لە دوای ئەو  جەنگەوە ھات کە جگە لە ماڵوێرانی بۆ ھەزاران و ملیۆنان مرۆڤ، زیانێکی بێ شوماری گەیاندە ژینگەو زیندەوەران لەو شەڕەدا. لە دوای ساڵێک لە ئەنجامدانی ئەم چالاکییە کاریگەرە، لە 22ی نیسانی ساڵی ١٩٧٠ کە بۆ یەکەمجار یادی ڕۆژی زەوی کرایەوە، ئەم دروشمە ھەر لەسەر زاری خەڵک بوو.

دیاریکردنی ڕۆژی زەوی بووە ھۆی لەدایکبوونی  چەندین جوڵانەوە و رێکخراوی دیکەی ژینگەیی بۆ پاراستنی ژینگەی زەوی بە یاسا. سەڕەرای  ھەموو ھەولەکان و کۆبوونەوەی ساڵانەی وڵاتان و دابینکردنی بودجەی زەبەلاح و بەردەوامی ژینگەدۆستان لە دەربڕینی ناڕەزایی، ھێشتا  زەوی ئەو بواری بۆ نەڕەخسا پشوویەک بدات! 

ئەمڕۆ لە دوای پەنجا ساڵ و لە سەردەمی کۆرۆنا، ڤایرۆسێک ئەو بوارە دەڕەخسێنێت! سروشت وەک ئەوەی  گەڕابێتەوە بۆ بەرگریکردن لە خۆی، مرۆڤایەتی وەستاند و ھەمووانی لە ماڵەکاندا بەند کرد! سەڕەرای کاریگارییە نەرێنییەکانی کۆرۆنا بۆ سەر مرۆڤایەتی و لە ناوبردنی زیاتر لە سەد ھەزار کەس،  ھەندێجار ڕاپۆرتە ھەواڵەکان لەبارەی کاریگەرییە ئەرێینەکانی ڤارۆسەکە بۆ سەر ژینگەی زەوی دەدوێن وەک پاک بوونەوەی ھەوای شارەکان و دەرکەوتنەوەی  زیندەوەرە دەریاییە دەگمەنەکان کە چەندین ساڵە نەبینراون. ئەم کاریگەرییە ئەرێنیانە بەھۆی لەکارخستنی کارگەکان و کەمکردنەوەی ھۆکارەکانی گواستنەوە و وەستاندنی شەڕ و چەندین ھۆکاری دیکەوە دروستبوون!  لێرەدا با زیاتر بیربکەینەوە و بپرسین، ئایا مرۆڤایەتی کە ژیانی لەسەر زەوی و سەرچاوەکانی بەندە ئەوەندە بێباکە لە بەخشینی بوار بە زەوی؟

بێگومان، یادی ڕۆژی زەوی بەردەوام دەبێت و ڕەنگە ساڵی داھاتوو یادەکە لە سەردەمی کۆرۆنادا نەبێت، بەڵام ئەم سەردەمە چەندین وانە بۆ مرۆڤایەتی بەجێدەھێڵێت!  ئێمەی مرۆڤ یەکێک لە شانازییەکانی ژیانمان بریتییە لە توانای بیرکردنەوەو خەیاڵکردن کە دەبێتە ھۆی  ئەوەی بیر لە پێشخستنی ژیانمان بکەینەوە بەو شێوەیەی خەیاڵی دەکەین، بەڵام ئەمە مانای ئەوا نادات سەرجەم سەرچاوە سروشتیەکانی زەوی بخەینە خزمەتی خۆمان و ژیانی ملیۆنان زیندەوەری دیکە لەناوبەرین بۆ ئامانجەکانمان!  لەکاتێکدا ھەمووان وەک و یەک مافمان بەسەر سەرچاوەکانی زەوییەوە ھەیە و ھەمووان بەشێکین لە بازنەی بەردەوامی ژیان لەسەر گۆی زەوی.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif