گۆڕانکاری و مانەوەی دەسەڵات لە بەردەم ئۆپۆزسیۆنێکی تەماشاکاردا

ليست هناك تعليقات



پارتی و یەکێتی لە ڕێگەی ئیدارەدانی هەرێم و هەڵبژاردن و ململانێ و رێککەوتنەکانیانەوە زۆر ڕوون دەزانین چی دەکەن و چیان دەوێ و چۆن سیاسەت دەکەن.

بەڵام ئۆپۆزسیۆن کە دەبێت ئامانجەکەیان ڕاستکردنەوەی سیستمی ئیدارەدان و حکومڕانی و گۆڕانکاری ڕیشەییبێ، کەچی لە ناو بازنەی یەکێتی و پارتیدا ون بوون و بە زەحمەت و تاك تاك لەدەرەوەی بازنەی ئەوان دەیاندۆزیتەوە، هەندێکیان ئەسلەن هەر ئۆپۆزسیۆن نەبوون و نین، بەشێکیشیان هیچ چوارچێوەیەکی ئۆپۆزسیۆن بوون نایانگرێتەوە، ڕاستر بڵێم لێیان تێناگەین چی دەکەن و چیاندەوێ، خۆشبەختانە لێرە و لەوێ بەرپرسەکانی خۆشیان دەڵێن ڕاستر ئەوەیە بڵێین حیزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات نەك ئۆپۆزسیۆن.

ئەم هێزانە ئەوەندە خۆیان ون کردوە، هەندێکجار بۆ خۆشیان نازانن سەرقاڵی چین، دەکەونە نێو هەندێك لێدوان و کاردانەوەوە کە پێچەوانەی تەواوی کردارەکانی خۆیان و ئەو ئامانجەیە کە دەبێت ئۆپۆزسیۆن لە پێناویدا هەبێت

"  ئەم قسەیە (پەرلەمانێک لەتبێ نەبوونی باشترە)، دەبێت هەموو کەس بیکات ئۆپۆزسیۆن نەبێ، چونکە ئەوێ مەیدانی سەرەکی مپملانێی ئەوە"

یەکگرتووی ئیسلامی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان زۆرترین کورسی پەرلەمانی هەیە لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکاندا، دوو ساڵە داوای کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکات، بەڵام لە دواین هەڵوێستا دەڵێت پەرلەمانێک لەتبێ نەبوونی باشترە، ئەم قسەیە دەبێت هەموو کەس بیکات ئۆپۆزسیۆن نەبێ، چونکە دەبێت ئۆپۆزسیۆن پێداگری لە کارایی پەرلەمان بکا، چونکە ئەوێ مەیدانی سەرەکی مپملانێی ئەوە، ئەم هەڵوێستەی ئێستا واتا مانەوەی دۆخەکە وەك خۆی و بەڕیوەبردنی هەرێم بە رێککەوتنی یەکێتی و پارتی، لە کاتێکدا ئۆپۆزسیۆنی هەموو دنیا دەگەڕێ بۆ فرسەتێك کە کورسیەکانیان بتوانن گۆڕانکاریەك بکەن، بەڵام کە دەگاتە ئەوەی کورسیەکانیان قورساییان هەبێ ئیتر دەبنە هێزی بێ لایەن و لە دوورەوە دەوەستن تا یەکێتی و پارتی رێککەون ئەگەرچی ڕێکنەکەوتنیشیان درێژە بکێشێت، گەر کەمێك بگەڕێینە دواوە ئەوا لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٤ی ئەنجومەنی پاريزگای سلێمانی، کۆمەڵ و یەکگرتوو بە چوار کورسی لەگەڵ هەر یەکێك لە یەکێتی و گۆڕان رێککەوتنیان بکردایە ئەوا دەیانتوانی حکومەتی خۆجێی دروستکەن، کەچی بوونە تەماشا کار تا ئەو دوانە رێککەوتن، ئینجا خۆیان بە لاوازی بەشداریان لە ڕێککەوتنەکەیان کرد.

"بۆ ئەبێ لەگەڵ پارتی چونەژور نەفرەت بێت و لەگەڵ یەکێتی نەچون شانازی، ئەوە کێیە ئەم یاسایەی داناوە؟ مەگەر ئەم حکومڕانیە لێکەوتەی ئیدارەدانی یەکێتی و پارتی نیە؟"

نەوەی نوێ، هەرچەند نەوەی نوێ، نەپێناسەی حیزب دەیگرێتەوە نە ئۆپۆزسیۆن، بەڵام دواجار لە ناو ئەم زۆنگاوە سیاسیەدایە و کورسی پەرلەمانی هەیە، نەوەی نوێ لە زاری سەرۆکەکەیەوە تەنها یەک مانگ پێش ئێستا دەیوت هەندێ کەس بە ئیعازی پارتی سکاڵایان لەسەر پەرلەمان لە دادگای فیدراڵی تۆمار کردوە، ئەمانە دژی دامەزراوەی شەرعی پەرلەمانن چۆن ئەبێ لەسەر پەرلەمان سکاڵا تۆمار بکرێت، ئەمەی وەك تاوانێک نیشاندا، کەچی لەو رۆژەوەی ٣ پەرلەمانتارەکەی نیسابیان بۆ پارتی تەواو کردوە، دەچێت لە هەمان دادگای فیدراڵی سکاڵا لەسەر کۆبونەوەی پەرلەمان تۆمار دەکات، لە کاتێکدا بیری چوە دەچێتە بەغدادێك سکاڵا تۆمار دەکات کە لە پەرلەمانەکەیدا هەندێك جار بەیەك پەرلەمانتار نیساب تەواو بوە و هەمووشمان دەزانین دۆخی گەندەڵی لە عێراق و پەرلەمانەکەی لە چ ئاستێکدایە، پەرلەمانتاران هەندێکیان هەر بە هۆی لیژنە پەرلەمانیەکانەوە و نیساب تەواوکردنەوە ئێستا ملیارد لێرن، لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە، مانگێک پێش ئێستا سکاڵا دژی پەرلەمان خیانەت بوو ئەی ئێستا چیە؟ لەهەمان دادگای فیدراڵی، یان بە هەموو توانای میدیاییان کەوتونەتە گیانی سێ پەرلەمانتاریان گوایە خۆیان فرۆشتوە، لە کاتێکدا ئەوان لە سەرۆکی خۆیان دەچن، جیاوازیەکە یەك شتە کاک سەرۆک بە جوملە مامەڵەیکرد ئەمان بە موفرەد کە هەردوکیان هەر خراپە، بەڵام بۆ ئەبێ لەگەڵ پارتی چونەژور نەفرەت بێت و لەگەڵ یەکێتی نەچون شانازی، ئەوە کێیە ئەم یاسایەی داناوە؟، مەگەر ئەم حکومڕانیە بەرهەمی ئیدارەدانی یەکێتی و پارتی نیە، هەردوکیان بەرپرس نین لەم دۆخەی خەڵکی تێکەوتوە؟ (بەپێی بەرکەوتەی دەسەڵات و پۆستەکان)، لە کاتێکدا لای من لەگەڵ هەریەکێکیان بوون فەرقی نیە لەگەڵ دەسەڵات بونە، بۆ ئەوانەی لە چوار چێوەی ئەو دوو حیزبەدان.

کۆمەڵی دادگەری، هەرچەند کۆمەڵی دادگەری سەبارەی بە پەرلەمانی کوردستان یەک قسەی کردوە کە ناچێتە نێو پەرلەمانێکی دیزاینکراوەوە، هۆکاری ئەوەش بردنی دەنگ و تەزویر بوو بەرامبەریان تا ئێرە من هەڵوێستەکەیان بە ئەرێنی دەزانم، بەڵام ئەوەی پرسیارە ئەوەیە ئەو کۆمسیۆنەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بەڕيوەبرد، هەر ئەویش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی بەڕێوە برد، وێڕای ئەوەی دەنگەکانی ئەم حیزبە لە هەڵبژاردنی کەمتر بویەوە و زیاتر نەبوو بەڵام بایکۆتی پەرلەمانی عێراقیان نەکرد، هەمان کۆمسیۆن و هەمان دەنگ بەڵام دوو هەلوێستی جیا!.

"دەبێت ڕۆژێك بێت کورسی پەرلەمان پرسەکان یەکلایی بکاتەوە، ئەگەر وا نیە پرۆسەی هەڵبژاردن مانای چیە"

لە زۆربەی وڵاتاندا دوو هێز ڕکابەری دەکەن بۆ بردنی زۆرینەی کورسیی و پێکهێنانی حکومەت بەڵام کاتێک کە هیچیان نابنە زۆرینە و حکومەت پێکنایەت حیزبەکانیتر دەستەوەستان نابن و لە دوورەوە نابنە تەماشاکار بۆ ئەوەی دوو حیزبەکە رێککەون، بەڵکو لەگەڵ هێزێکدا زۆرینە پێکدەهێنن و حکومەت دروست دەکەن، لە هیچ جێگایەکیش بێ گرفت نەبوە.


لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر هەموو هەڵبژاردنێک حیزبەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی ببنە تەماشاکار تا یەکێتی و پارتی رێککەون و ئەم هەرێمە بەڕێوە بەرن، ئەی بون و مانەوەیان لە پێناو چیدایە؟ کورسی ئۆپۆزسیۆن بۆ هەبێ؟ کاتێ کە هیچ هاوکێشەیەک یەکلا نەکاتەوە، پاساوەکە گەر ئەوەبێ یەکێتی و پارتی قبوڵی ناکەن و دیموکراسی نین و ئەبێتە دوو ئیدارە، ئەی نابێ لە شوێنێکا ئەمە بوەستێ؟ نابێ ڕۆژێک بێتە پێشەوە کە کورسی پەرلەمانی و زۆرینە و کەمینە پرسەکان یەکلایی بکاتەوە؟ ئێ ئەگەر پێتوایە یەکێتی و پارتی بۆیەکتر قبولی زۆرینە و کەمینە نەکەن بۆتۆ چۆن دەیکەن، تۆی ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەبێ بەشداری هەڵبژاردن بکەیت لە کاتێکدا تۆ دەزانی ببیتە زۆرینەش هیچ یەکێکیان دەستبەرداری دەسەڵات نابن! یان ڕاستر بڵێین خەڵک دەنگ بۆچی بە تۆ بدات؟

من پێموایە ئەگەر ڕیگاکە هەڵبژاردن و کورسی پەرلەمانە ئەبێ هێزەکانیتر ڕۆڵیان هەبێ لەوەی لە هەنگاوی یەکەمدا زۆرینە و کەمینە پرسەکان یەکلا بکەنەوە، ئەگەر قبوڵیش نەکرا ئەوا با بۆ ماوەیەك ئەم دوو هێزە یەکێکیان لەدەرەوەی یاسا و پەرلەمانبێ! بابزانرێ تا کوێ ئەروا؟ دەرچەیتر نیە، هەر ئەبێ بێنەوە بۆ لای شەرعیەتی پەرلەمان و زۆرینە و کەمینە! هێزی سیاسی تا کەی ئەتوانێ لە دەرەوەی پەرلەمان و حکومەت بمێنێتەوە، دواجار یان دەبێتە بە بەشێك لە رێککەوتن یان دەبێتە ئۆپۆزسیۆن، ئەوکات شتێک جێ دەگرێت ئەویش ئەوەیە کار بە هەڵبژاردن و کورسی هەڵبژاردن بکرێت و قورسایی بۆ بگەڕێتەوە، باشە چی دەبوو، هێزەکانیتر لەگەڵ یەکێتی پەرلەمانیان کارا بکردایەتەوە؟ ئایا وەك ئێستا نەدەبوو؟ بیانکردایە با ئێستا پارتی لەدەرەوەی هاوکێشەی پەرلەمان بوایە، یان نەخێر با پەرلەمانی داخستایە؟ یان هەرشتێکیتر.

"با تەماشاکار نەبونایە و لەگەڵ یەکێتی پەرلەمانیان کارا بکردایەتەوە؟ با ئێستا پارتی لەدەرەوەی هاوکێشەی پەرلەمان بوایە"

لێرەدا قسە جدیەکە ئەوەیە ئەگەر ئۆپۆزسیۆن هەموو هەلبژاردنێك دێت و دەبێتە تەماشاکار ئەوا خەڵک بۆ لە هەڵبژاردن دەنگیان پێ بدا، لێگەرێن با یەکێتی و پارتی بە زۆرینەو کەمینە یان بە ڕێککەوتن چی دەکەن بیکەن، ئەوان بەرپرسیارێتی هەموو نایاساییەکان دەبن، ئەوکات هێزەکانیتر پێکەوە کۆی پرۆسەکە ڕەد بکەنەوە و خۆیان بۆ بەدیلی ڕاستەقینەی دەسەڵات ئامادە بکەن، لە خراپترین حاڵەتا وەک ئێستا دەبێت و کەسیان دەسەڵات رادەست ناکا، لانی کەم دەیانوت نابینە بەشێک لەم سیستمە سیاسیە نا دیموکراسیە کە کەس ئامادەی حسابکردن نیە بۆ دەنگی خەڵك، ئەوکات نەدەبونە بەشێک لەو دەسەڵاتەی ئەم دۆخەی گەیاندۆتە ئێرە.

عوسمان گوڵپی

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif