کاتێک ڕکابەریی میدیایی دەبێتە ئامرازی پڕۆژەی سیاسی
ئەرکی میدیا دروستکردنی پردە، نەک دیوار، زیادکردنی
شەهێن سابیر
لە ئەدەبیاتی زانستیی میدیا، ڕکابەریی نێوان کەناڵە میدیاییەکان بەشێکە لە دینامیکییەکانی پەرەسەندنی میدیا، بەڵام ئەوەی نابێت لەبیر بکرێت، جیاوازیی نێوان ڕکابەریی پیشەیی و ململانێی سیاسییە.
" ئەرکی میدیا دروستکردنی پردە، نەک دیوار، زیادکردنی هۆشیارییە، نەک بەرهەمهێنانی کینە؛ و نزیککردنەوەی کۆمەڵگایە"
کاتێک میدیا لە چوارچێوەی ڕکابەریی پیشەیی دەردەچێت و دەبێتە ئامرازی ئاراستەکردنی ڕای گشتی، دروستکردنی دابەشبوونی ناوچەیی و بەرهەمهێنانی ناکۆکی لە نێوان شارەکان، هونەرمەندان و ڕۆژنامەنووسان، رۆشنبیران و چین و توێژەکانی کۆمەلگە ئەوا ئیتر باس لە پەرەسەندنی میدیا ناکرێت، بەڵکو باس لە گۆڕانی ئەرکی میدیا و کەوتنە ژێر کاریگەریی بەرژەوەندییە سیاسیی و ئایدۆلۆژیاکان دەکرێت.
" هیچ بەرژەوەندییەکی سیاسی و هیچ ململانێیەکی میدیایی نابێت ببێتە پاساو بۆ کەمکردنەوەی نرخ و شکۆی هیچ شارێك"
لە ئاستێکی قووڵترەوە، ئەوەی جێگای نیگەرانییە تەنها ڕکابەریی نێوان کەناڵەکان نییە، بەڵکو گواستنەوەی ئەم ڕکابەرییە ناشرینەیە بۆ ئاستی ناسنامە، کولتوور و جوگرافیا. هیچ بەرژەوەندییەکی سیاسی و هیچ ململانێیەکی میدیایی نابێت ببێتە پاساو بۆ کەمکردنەوەی نرخ و شکۆی هیچ شارێک، ناشیرینکردنی ناسنامەی هیچ ناوچەیەک، یان دروستکردنی وێنەیەکی نەرێنی لە خەڵک و کۆمەڵگایەک.
شارەکانی کوردستان بەشێکن لە مێژوو، ناسنامە و سەرمایەی کولتووریی هاوبەشی ئێمە. ئەوەی ئەمڕۆ بە زمانی ڕکابەریی میدیایی هەوڵی بەرامبەرکردنی ئەم شارانە دەدات، لە ڕاستیدا زیان بەو سەرمایە هاوبەشە دەگەیەنێت کە نەوەکان بە مێژوو و خەبات و کولتوور دروستیان کردووە.
کێشە ئەوە نییە کە کەناڵەکان ڕکابەریی یەکتر دەکەن، چونکە ڕکابەریی پیشەیی بنەمایەکی گرنگی پەرەسەندنی میدیایە. کێشە ئەوەیە کە ڕکابەریی میدیایی بگۆڕدرێت بۆ ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە سیاسییەکان و دروستکردنی دژایەتی لە نێوان شار و کۆمەڵگاکان.
هیچ شارێک بە کەمکردنەوەی شاری تر بەرز نابێتەوە، هیچ ناسنامەیەک بە ناشیرینکردنی ناسنامەیەکی تر بەهێز نابێت، و هیچ میدیایەک بە بەرهەمهێنانی دژایەتیی ناوچەیی شایستەی شانازی نییە.
لە بنەڕەتدا، ئەرکی میدیا دروستکردنی پردە، نەک دیوار، زیادکردنی هۆشیارییە، نەک بەرهەمهێنانی کینە؛ و نزیککردنەوەی کۆمەڵگایە، نەک دابەشکردنی بە ناوی شار و ناوچە.
ئەو میدیایەی نەتوانێت لە بەرامبەر بەرژەوەندیی سیاسی سەربەخۆ بمێنێتەوە، پێش هەر شتێک پێویستی بەپێداچوونەوە بە ئەرک و ناسنامەی پیشەیی خۆی هەیە!
کوردستان موڵکی هیچ کەناڵێک نییە، ناسنامەی کوردیش ئامرازی هیچ پڕۆژەیەکی سیاسی نییە.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق