بەرهەمی گوێزی ناوچەکەمان زیاتر لە 3600 تۆن دەبێت

ليست هناك تعليقات



بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شاری پاوەی سەر بە پارێزگای کرماشان دەڵێ، وەرزی تەکاندنی گوێز دەستی پێکردووە و پێشبینی دەکەن بەرهەمی ئەم ساڵ زیاتر لە سێ هەزار و 600 تۆن گوێز بێت.

 شەهرام روستەمی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پاوە رایگەیاند، لە رووبەری هەزار و 450 هێکتار لە زەوییەکانی سنووری شاری پاوە دارگوێز هەیە و تێکرا نزیکەی 2.5 تۆن گوێز لە هەر هێکتارێکدا بەرهەم دێت، بۆیە پێشبینی دەکرێ ئەم ساڵ بەرهەمەکە بگاتە سێ هەزار و 625 تۆن.

بە گوتەی شەهرام روستەمی، بەهۆی دۆخی کەشوهەوای ناوچەکان، وەرزی پێگەیشتن و تەکاندنی گوێز لە ناوچە جیاجیاکانی ناوچەی هەورامان وەک یەک نییە و لە کۆتایی مانگی ئەیلوولەوە دەستپێدەکات و تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت.

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پاوە دەڵێت، بە سەرنجدان بە رووبەری باخەکان و بڕی بەرهەمهێنان، گوێز یەکێکە لە بەروبوومە گرنگەکانی باخەوانیی شارەکە و گرنگیپێدان و گەشەپێدان بە پیشەسازییەکانی و دۆزینەوەی بازار بۆ بەرهەمەکە دەتوانێت رۆڵێکی گرنگی هەبێت لە زیادکردنی داهاتی باخەوانان و یارمەتیدەری بووژانەوەی ئابووریی کەرتی کشتوکاڵی ناوچەکە بێت.

شاری پاوە دەکەوێتە ناوچەی هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستان و سەر بە پارێزگای کرماشانە. بە پێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە 67 هەزار کەسە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif