رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات کە لەوانەیە کردنەوەی تەنگەی هورمز کێشە گەورەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چارەسەر بکات و نەوت بگەڕێنێتەوە بازاڕ، بەڵام ئەمە باجێکی قورسی دەبێت؛ ئەویش ئەوەیە کە ئێران دەبێتە خاوەن دەسەڵات بەسەر رێڕەوێکدا کە پێشتر نێودەوڵەتی و ئازاد بوو.
پلانەکە چییە؟
تاران و عومان نزیک بوونەتەوە لە رێککەوتنێک. بەپێی پلانەکە، ئەو کەشتییانەی دەچنە نێو کەنداوەوە بە رێڕەوێکدا دەڕۆن کە نزیکە لە ئێران و تاران کۆنترۆڵی دەکات، ئەوانەشی دێنە دەرەوە بە رێڕەوێکدا دەڕۆن کە نزیکە لە عومانەوە.
هەرچەندە ئێرانییەکان دەڵێن باج لە کەشتییەکان وەرناگرن، بەڵام پارەیەک بەناوی "کرێی خزمەتگوزاری و پاراستنی ژینگە" وەردەگرن و داهاتەکەشی لەنێوان خۆیان و عوماندا دابەش دەکەن.
بەڵام بەرپرسێکی ئەمریکی لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەکە، ئەم قسەیەی ئێرانی رەتکردووەتەوە و گوتوویەتی، هیچ باجێک وەرناگیرێت و ئێران هیچ دەسەڵاتێکی نابێت.
بۆچی ئەمە بۆ ترەمپ کێشەیە؟
ترەمپ زۆر پەلەیەتی کەشتییەکان دەست بە جووڵە بکەنەوە بۆ ئەوەی قەیرانی ئابووری چارەسەر ببێت. بەڵام مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پێشتر چەندین جار گوتبووی: "ئەگەر رێگە بدەین وڵاتێک کۆنترۆڵی رێڕەوێکی نێودەوڵەتی بکات و باج وەربگرێت و کەشتی بتەقێنێتەوە، ئەوە دەبێتە پێشینەیەکی زۆر مەترسیدار بۆ هەموو جیهان."
سەرەڕای قسەکانی روبیۆ، نیویۆرک تایمز دەڵێت، وا دیارە ترەمپ ئامادەیە بەم رێککەوتنە رازی بێت، تەنانەت ئەگەر ئێران کەمێک کۆنترۆڵ و دەسەڵاتیشی هەبێت.
پرسی ئەتۆمی لە کوێی ئەمە کێشەیەدایە؟
رێککەوتنەکە دەڵێت دەبێت لە ماوەی 60 رۆژدا تەنگەکە بکرێتەوە و لەو ماوەیەشدا دانوستاندن بکرێت لەسەر ئەو 11 تۆن یۆرانیۆمە پیتێندراوەی کە ئێران هەیەتی (کە نیو تۆنیان زۆر خەستە بە رێژەی 60٪ و نزیکە لەو ئاستەی بۆ دروستکردنی بۆمب دەست دەدات). ئەمریکا دەیەوێت ئەو یۆرانیۆمە خەستییەکەی کەمبکرێتەوە یان ببردرێتە دەرەوەی ئێران.
بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا گومانیان هەیە بەم زووانە رێککەوتنی ئەتۆمی بکرێت و پێیانوایە ترەمپ تەنیا وازی لێدەهێنێت تاوەکو یۆرانیۆمەکە لەژێر وێرانەی ئەو کارگانەدا بمێنێتەوە کە پێشتر بۆردوومانی کردن.
رای جیاواز لەسەر رێککەوتنەکە:
وەک لە راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمزدا هاتووە، پێنتاگۆن بە رێککەوتنە پێشنیازکراوەکە رازی نییە و پێیوایە ئەمە وەک خۆبەدەستەوەدان وایە بە ئێران. دەڵێن لە رێڕەوەکەی عومانیش هێشتا مینی دەریایی ئێرانی لێیە و کەشتییەکان بۆ ئەوەی بە سەلامەتی تێپەڕن، دەبێت هەر مۆڵەت لە ئێران وەربگرن.
ترەمپ دوو جار رەتیکردووەتەوە هێرشی تووند بکاتە سەر ئەو پێگانەی ئێران کە هێرش دەکەنە سەر کەشتییەکان، چونکە نایەوێت رێککەوتنەکە تێکبچێت.
عەلی واعیز، شارەزای سیاسی دەڵێت، کۆنترۆڵکردنی تەنگەکە تاکە دەستکەوتی ئێرانە لەم جەنگەدا، بۆیە هەرگیز دەستبەرداری نابێت. ئەم رێککەوتنەش ئێرانی لە پێش شەڕەکە بەهێزتر کردووە.
لە کۆتاییدا واعیز دەڵێت: "هیچ رێگەیەکی سەربازی نییە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی ئێران بەسەر تەنگەکەدا نەهێڵێت. ئێستا بژاردەکانی بەردەم ترەمپ ئەمانەن: یان جەنگێک کە ناتوانێت بیباتەوە، یانیش ئاشتییەک کە بۆ ئەمریکا تاڵە."

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق