پاسەوانی سنوور: بانگەشەکانی ئێران ناڕاستن و هیچ هێرشێکی زەوینی نەکراوە

ليست هناك تعليقات



راوێژکاری گشتیی ئەرتەشی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی جەنگی 12 رۆژەوە تاوەکو ئێستا، 14 ئۆپەراسیۆنی زەوینییان لە دژی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەولێر و سلێمانی کردووە، بەڵام بەرپرسێکی باڵای پاسەوانی سنوور رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، "هیچ بنەمایەکی نییە".

موجتەبا جەعفەری، راوێژکاری فەرماندەیی گشتیی ئەرتەشی ئێران، لە رێوڕەسمی (شینگێڕیی موحەرەم) لە مەیدانی ئازادیی تاران رۆژی شەممە 1ـی ئابی 2026، رایگەیاند: "سەربازانی یەکەی تایبەتی 23ـی هێزی زەوینیی ئەرتەش، 14 ئۆپەراسیۆنی زەوینییان لەنێو خاکی عێراق، لەوانە لە سلێمانی و هەولێر لە دژی هێزەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە."

 فەرماندەیەکی باڵای پاسەوانی سنوور رایگەیاند: "ئەوەی ئێران باسی کردووە گوایە هێرشی زەوینییان کردووە دوورە لە راستییەوە هیچ بنەمایەکی نییە".

موجتەبا جەعفەری رایگەیاندووە: "هێزەکان بەسەرکەوتوویی چوونەتە ئەوێ و کەسان و بەرپرسانی حیزبییان لەنێو بردووە و بەشێکیان بەدیل گرتوون."

بەرپرسە باڵاکەی پاسەوانی سنوور، کە ئەرکی پاراستنی سنوورەکانی باشووری کوردستان لە زاخۆ تاوەکو خانەقین لە ئەستۆی ئەواندایە گوتی: "یەک سەربازی ئێرانی نەهاتووەتە خاکی کوردستان و عێراقەوە و هیچ جووڵەیەکیشیان نەبووە، ئەوەی گوتوویانە تەنیا بانگەشەیە بۆ خۆیان و هیچی دیکە".

هەروەها سەرچاوەیەکی باڵا لە فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق لە بەغدا بە رووداوی گوت، "هیچ ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیەی کە باس کراوە لە سنوورەکانمان نەبووە و دوورە لە راستییەوە." گوتیشی، "ئەوەی هەبووە تەنیا دەستگیرکردنی دوو شوانی سنووری پشدەر بووە بە 150 سەر مەڕەوە، جگە لەوە هیچ ئۆپەراسیۆنێک لە سنوور یان نێو خاکی عێراق نەکراوە.

مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەوان هیچ شتێکی لەو شێوەیەیان بە فەرمی لەلایەن دەسەڵاتداران و فەرماندە سەربازییەکانی عێراقەوە پێنەگەیشتووە.

حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هێرش رەتدەکەنەوە

بەرپرسێکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) رایگەیاند: "ئەم قسانە هیچ بنەمایەکییان نییە و تەنیا دەیانەوێ بەم قسانە خۆڵ لە چاوی خەڵک بکەن، ئەگەر ئۆپەراسیۆنێک کراوە بۆچی دەستکەوتەکەی رانەگەیێندراوە؟".

هەروەها ئەمجەد حوسێنپەناهی، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، 03ـی ئاب رایگەیاند: "جگە لە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی، کۆماری ئیسلامی هیچ ئۆپەراسیۆنێکی لە خاکی هەرێمی کوردستان نەکردووە، بۆیە قسەی ئەو کەسە پڕوپاگەندەیەکی گاڵتەجاڕانەیە".

لە 28ـی شوباتەوە بە پاساوی جیاواز، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 960 مووشک و درۆن هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کردووە، بەهۆیەوە زیانی گیانیی هێرشەکان 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و 154 کەسیش بریندار بوون، لەنێو ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە 19 پێشمەرگەی پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif