سەرۆکوەزیرانی دانیمارک، لە لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە وەڵامی دۆناڵد ترەمپی دایەوە و رایگەیاند، دوورگەی گرینلاند بۆ فرۆشتن نییە و دەبێ لەژێر کۆنتڕۆڵی وڵاتەکەی بمێنێتەوە.
مێتە فرێدریکسن، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانیی ناتۆ بە رۆژنامەڤانانی گوت، "دوێنێ گوێم لە قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا بوو، بەداخەوە هەڵوێستی واشنتن لەسەر ئەم بابەتە روونە. هەڵوێستی ئێمەش وەک هەمیشە روونە: بێگومان گرینلاند بۆ فرۆشتن نییە."
ئەم وەڵامەی سەرۆکوەزیرانی دانیمارک دوای ئەوە دێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کردبوو، "دەبێ گرینلاند لەلایەن واشنتنەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت نەک کۆپنهاگن." ترەمپ پێیوایە کڕینی ئەو دوورگەیە لە بەرژەوەندیی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکادایە.
بابەتی کڕینی گرینلاند یەکەمجار لە ساڵی 2019 لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە ورووژێنرا، ئەوکات بووە هۆی دروستبوونی گرژیی دیپلۆماسیی تووند لە نێوان ئەمریکا و دانیمارک.
گرینلاند گەورەترین دوورگەی جیهانە و پێگەیەکی ستراتیژیی زۆر گرنگی هەیە، بەتایبەتی بۆ چاودێریکردنی ناوچەی جەمسەری باکوور.
ئێستا لە قۆناخی دووەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ دا، واشنتن دەیەوێ گوشار بخاتە سەر دانیمارک بۆ ئەوەی رێگەی پێبدات دەسەڵاتی زیاتری بەسەر ئەو دوورگەیەدا هەبێ، بەڵام دانیمارک بەردەوام جەخت لەسەر سەروەریی خۆی دەکاتەوە.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق