زیانە ئابوورییەکانی ئێران

ليست هناك تعليقات




ئابووریی ئێران کاتێک چووە نێو جەنگی ساڵی 2026ەوە، پێشوەختە بەهۆی چوار دەیە لە گەمارۆی هەمە لایەنە، دابەزینی بەردەوامی بەهای دراو و لاوازیی پێکهاتەیی دارایی، زۆر لاواز ببوو، بەڕادەیەک مەسعود پزیشکیانی سەرۆککۆماری ئێران چەند جار باسی کارەساتباریی ئابووری ئێرانی کرد .

ئەو جەنگەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی 2026 لەگەڵ ئێران دەستیان پێکرد، قەیرانی پێشووی گۆڕی بۆ کارەساتێکی ئابووریی قووڵ. تاوەکو رۆژی 6ی ئایاری 2026، ئەم هەڵسەنگاندنە نوێترین داتای بەردەستە لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی IMF، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە IEA، ئۆکسفۆرد ئیکۆنۆمیکس، رایستاد ئێنێرجی، پەیمانگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، CNBC، ناشناڵ نیوز و چەندین سەرچاوەی دیکە کۆکراوەتەوە.

بەپێی لێکدانەوە ئابوورییەکان ، ئێستا کە چاوەڕوانییەکان زۆربوون بۆ رێککەوتنێکی بنەمایی لەنێوان ئەمریکا و ئێران دا لە 48 کاژێری داهاتوودا، ئەوە بەرئەنجامی شکستی سەربازیی ئێران نییە، بەڵکو زیاتر بەهۆی هەرەسی ئابوورییە، کە ئێران ئامادەیە دانوستاندن و رێککەوتن لەسەر هەندێک دۆسییە بکات کە پێشتر ئامادە نەبوو رێککەوتنیان لەسەر بکات.

پەیمانگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە نیسانی 2026 لەبارەی دۆخی ئابووری ئێران دەڵێت " ئێران ئێستا لە دۆخێکی ئابووریی بێوێنەدایە. هەر مانگێکی زیادەی جەنگ دەتوانێت ئابوورییەکەی زیاتر لە 5 ساڵ بۆ دواوە بباتەوە کە کاریگەریی چەند هێندەی لەسەر وەبەرهێنان و بەرهەمهێنان هەیە".
کەرتی وزە

لە 18ی ئاداری 2026، فڕۆکەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر کێڵگەی گازی پارسی باشوور لە عەسەلویە، گەورەترین کێڵگەی گازی سرووشتی لە جیهان دا، کە نزیکەی 70%ی بەرهەمی گازی ناوخۆیی ئێران بەرهەم دەهێنێت. لانیکەم زیان بە 4 بەش گەیشتووە کە لە رێگەی شیکاری وێنەی سەتەلایتەکانەوە پشتڕاستکراوەتەوە. هێرشەکە بەرهەمهێنانی لە دوو پاڵاوگەدا راگرت کە توانای رۆژانەیان پێکەوە 100 ملیۆن مەتری سێجا بوو. قۆناخەکانی 3 تاوەکو 6ی کۆمەڵگەی بەندەر ئیمام کاری تێدا راگیرا بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئاگر. بەرپرسانی ئێران پشتڕاستیان کردەوە کە تەنیا بەهۆی ئەم هێرشەوە 12%ی کۆی بەرهەمی گازی نیشتمانیی ئێران کەم بووەوە.

ژێرخانی کۆگاکردنی نەوت لە دوورگەی خارگ و تێرمیناڵەکانی سووتەمەنی لە تاران و کەرەج لە 7 و 13ی ئاداردا لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج. کۆمەڵگەی پترۆکیمیایی بەندەر ئیمام لە ماهشەهر، گەورەترین دامەزراوەی پترۆکیمیایی ئەو وڵاتە کە نزیکەی 30 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی تێداکراوە، یەکێکبوو لەو 8 کارگەیەی کە لە 4ی نیسان دا لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە هێرشی کرایە سەر.




پۆلێنی زیانەکان



داڕمانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت

لە چەند هەفتەی سەرەتایی جەنگەکەدا لە مانگی ئادار بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ئێران بە گشتی لەسەر ئاستی 3.6 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێک دا بە جێگری مایەوە، ئەوەش بە پشتیوانی توانای کۆگای سەر وشکانی. بەڵام گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا کە لە 13ی نیسانەوە سەپێنرا، هەناردەی تووشی داتەپینێکی خێرا کرد. هەناردەی نەوتی خاو کە بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕی، لە مانگی ئاداردا بەراورد بە مانگی شوبات 440 هەزار بەرمیل لە رۆژێک دا کەمیکرد و دابەزی بۆ 1.8 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێک دا. ئۆکسفۆرد ئیکۆنۆمیکس پێشبینی دەکات کە تەنیا گەمارۆ دەریاییەکە دەتوانێت 70%ی داهاتی هەناردەی ئێران کەم بکاتەوە. ئێران دەستیکردووە بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان لەکاتێکدا کۆگاکانی سەر وشکانی خەریکە پڕ دەبن و بارکردنی کەشتییە نەوتییەکان بەبێ دەستگەیشتن بە کەشتیوانیی نێودەوڵەتی، ئەستەم دەبێت.

راپۆرتی بازاڕی نەوتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (نیسانی 2026) هەڵسەنگاندنی کردووە کە گواستنەوەی نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە هێشتا سنووردارە و سیناریۆی بنەڕەتی پێشبینی تەنیا دەستپێکردنەوەیەکی لەسەرخۆ لە مانگی ئایاری 2026 دەکات. رەسڵ هاردی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڤیتۆڵ، لە 21ی نیسان دا رایگەیاند کە پێشبینی دەکەن 1 ملیار بەرمیل نەوت بەهۆی جەنگەوە لەدەستبچێ و تاوەکو 21ـی نیسان، کەمبوونی 600 بۆ 700 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە دوای جەنگەوە پشتڕاستکردەوە.

کەرتی پیشەسازی

هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوەکانی پۆڵا لە پارێزگاکانی خوزستان و ئەسفەهان، مەزەندە دەکرێت 10 ملیۆن تۆن لە توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەیان لەکارخستبێت (ئێران نیوز ئەپدەیت، ئایاری 2026). ئەوەش یەکسانە بە 25٪ تاوەکو 30٪ـی کۆی بەرهەمی پۆڵای ئێران کە 31.9 ملیۆن تۆنە لە ساڵێکدا. کۆمپانیای پۆڵای خوزستان و پۆڵای موبارەکە، دوو گەورەترین بەرهەمهێنەری ئێران، هەردووکیان پشتڕاستکراونەتەوە کە تووشی کەمبوونی بەرهەمهێنان و داخران بوونە. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە 49%ی پشکەکانی پۆڵای خوزستان خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هۆڵدینگی (یاس) کە سەر بە دەزگای تەعاونی ئیسلامیی سوپای پاسدارانە. واتە ئەم هێرشانە بەتایبەتی بۆ زیانگەیاندن بە بنکەی ئابووریی سوپای پاسداران داڕێژرابوون (فۆروومی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، نیسانی 2026).

لێدانی کارگەکانی پۆڵا، پیشەسازییەکانی دیکەی تووشی کەمی کەرستەی خاو کردووە، وەک پیشەسازیی ئۆتۆمبێل بۆ نموونە. کەرتی بیناسازی وەستاوە و چاککردنەوەی ژێرخانی وزە کە خۆی بۆ گەڕاندنەوەی بەرهەمهێنان پێویستە، پێویستی بە پۆڵایەکە کە چیتر لە ناوخۆدا دەست ناکەوێت. وەزارەتی وزەی ئێران پشتڕاستیکردووەتەوە کە بە رێژەی 18% بەکارهێنانی کارەبای نیشتمانی کەمبووەتەوە. ئەمە نیشانەیەکی روونە لەسەر ئەوەی کەرتە پیشەسازییەکان کە 40%ی کارەبایان بەکاردەهێنا، بە شیوازێکی بەرچاو کارەکانیان کەم کردووەتەوە.

هەناردەی پترۆکیمیایی بە بڕی 13-17 ملیار دۆلار وەستاوە

توانای تیۆری بەرهەمهێنانی پترۆکیمیایی ئێران 96 ملیۆن تۆنە لە ساڵێکدا و توانای راستەقینەی 72 ملیۆن تۆنە کە لەسەر ئاستی ناوچەکەدا دووەمە لە دوای سعودیە. کەرتی پترۆکیمیایی ئێران داهاتی ساڵانەی لە نێوان 13 بۆ 17 ملیار دۆلار بوو بە نرخەکانی پێش جەنگ دەستەبەر دەکرد (فۆروومی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست). هێرشەکانی 4ی نیسان بۆ سەر هەشت کارگەی ناوچەی پیشەسازیی ماهشەهر، لەنێویاندا کۆمەڵگەی پترۆکیمیایی بەندەر ئیمام، بە کردەیی ئەم کەرتەیان راگرتووە. دوو یەکەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ماهشەهر هاوکات وێرانکراون کە بووە هۆی بڕانی کارەبای تەواوی ناوچەکە.

واڵت هارت، جێگری سەرۆکی توێژینەوەی جیهانیی لە کۆمپانیای S&P Global Energy ، لەوبارەیەوە دەڵێت، "نزیکەی 29 ملیۆن تۆن لە توانای بەرهەمهێنانی ئیسیلین لە کۆی گشتی 232 ملیۆنی تۆن لە جیهان دا راستەوخۆ دەکەوێتە ناوچەی جەنگەوە."

فڕۆکەوانی

چەندین فڕۆکەخانەی سەرەکی لە ئێران زیانی زۆریان بەرکەوتووە یان لەکارکەوتوون. ئێران رووبەڕووی وەستانی بەشێکی فڕۆکەوانیی بازرگانی بووەتەوە. ئەمەش ئابووریی گشتیی بچووکتر دەکاتەوە بەهۆی نەمانی گەشتە ئاسمانییەکان. زیانی بەرچاویش لە زنجیرەی دابینکردن دەدات. فۆروومی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست مەزەندەی کردووە کە فڕۆکەخانەکانی ناوچەکە کە ئێستا بوونەتە ناوچەی جەنگی پێش شەڕ نزیکەی 15%ی هاتووچۆی ئاسمانیی جیهانییان تێدا دەکرا، بەڵام ئێستا زیانی جیددیان بەرکەتووە و لەو نێوەندەدا زیانی فرۆکەخانەکانی ئێران لە هەر وڵاتێکی دیکە زیاترە.

کەرتی بانکی

مایەپووچبوونی بانکی ئایندە لە کانوونی یەکەمی 2025 پێش دەستپێکردنی جەنگ لاوازییە قووڵەکانی پێشووی کەرتی بانکی لە ئێران ئاشکراکرد. سیستەمی کرێدیتی بازرگانیی تایبەت، کە لەسەر بنەمای قەرزی بانکی بنیاتنراوە لە دوای جەنگ هەڵوەشاوەتەوە. دەسەڵاتی داد ئاماژەی بە دواکەوتنی گەڕاندنەوەی قەرزە بانکییەکان کردووە کە بووەتە هۆی ئەوەی بانکەکان بە تەواوی لەپێدانی قەرز بکشێنەوە. ئەمەش سەرمایەی پێویستی بۆ ناوەندە بازرگانییەکان نەهێشتووە.
کەناڵی دارایی سەرەکیی ئێران لە رێگەی دووبەیەوە کە بەهای ساڵانەی بە نزیکەی 16 بۆ 28 ملیار دۆلار لە مامەڵەی بازرگانی و دراو دا دەخەمڵێنرێت، دوای هێرشەکان بۆ سەر دووبەی، بە کردەیی پچڕاوە.

بازرگانی و داتای گومرگی

داتا تازە بڵاوکراوەکانی گومرگی ئێران (کە لە کۆتایی نیسانی 2026 بڵاوکرایەوە)، لاوازبوونی بازرگانیی دەرەکی ئێران لە یەکەم مانگی جەنگدا دەردەخەن. زیاتر لە 90%ی بازرگانیی ساڵانەی ئێران بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕێت. گەمارۆی ئەمریکا لەگەڵ داخستنی تەنگەکە زۆرینەی هەرە زۆری داهاتی هەناردە و هاوردەی ئێرانی بڕیوە.

حکومەتی ئێران بە ئاشکرا رایدەگەیێنێت کە زنجیرەکانی دابینکردنی خۆراک کار دەکەن و 85%ی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێن (CNN، نیسانی 2026 (. بەڵام، راپۆرتی مەیدانی لە تارانەوە پێچەوانەی ئەوە دەڵێن. دانیشتووان دەڵێن کە نرخی مریشک، برنج، هێلکە و دەرمان سێ هێندە یان چوار هێندە زیاد بووە. ئامارە فەرمییەکانی هەڵاوسانی خۆراک پێشتر نیشانیانداوە کە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک 112%ی تێپەڕاندووە، لەکاتێکدا نرخی رۆنە بە تەنیا بە رێژەی زیاتر لە 200%.

کۆی زیانەکان


کۆی زیانەکانی ئێران

کۆی گشتیی زیانی ئابووریی خەمڵێنراو بۆ ئێران بەهۆی جەنگی 2026 ەوە، بەپێی خشتەی سەرەوە بە 284 ملیار دۆلار تاوەکو 456 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت کە هاوتایە لەگەڵ نەمانی 60–96%ی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی ئێران لە پێش جەنگ.

 

 


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif