داخرانی تەنگەی هورمز و گەمارۆی دەریایی ئەمریکا نرخی خۆراک لە جیهان گران دەکەن

ليست هناك تعليقات


جیهان لەبەردەم گەورەترین شۆکی ئابووریدایە؛ تەنگەی هورمز کە بە "شاخوێنبەری وزەی جیهان" دەناسرێت، دوای داخرانی و سەپاندنی گەمارۆی دەریایی لەلایەن ئەمریکاوە، جووڵەی بازرگانی تێیدا گەیشتووەتە ئاستی پەککەوتن، بەپێی داتاکان داخرانی تەنگەکە لەلایەک و گەمارۆی دەریایی ئەمریکاش دژی ئێران لە لایەکی دیکە تەنیا لە نیوەی دوومی مانگی نیسان نرخی کاڵا و خواردەمەنییان بە رێژەی 6٪ لە جیهان گران کردووە.

کلیلە گەورەکەی وزە و ئابووری

تەنگەی هورمز کە دەکەوێتە نێوان ئێران و سوڵتاننشینی عومان، تاکە رێڕۆی ئاوییە کە کەنداو بە دەریای عومان و زەریای هیندی دەبەستێتەوە. ئەم تەنگەیە کە درێژییەکەی نزیکەی 160 کیلۆمەترە و لە تەسکترین شوێنیدا تەنیا 33 کیلۆمەتر پانە، وەک گرنگترین خاڵی وزە لە جیهاندا تەماشا دەکرێت.

رۆژانە نزیکەی 21 ملیۆن بەرمیل نەوت لەم تەنگەیە دەپەڕێتەوە، ئەمەش واتە یەک لەسەر پێنجی تەواوی نەوتی بەکارهێنراوی جیهان و یەک لەسەر سێی نەوتی گواستراوەی دەریایی، زۆرینەی نەوتی هەناردەکراوی وڵاتانی (عێراق، سعودیە، کوەیت، ئیمارات و ئێران) و گازی سرووشتیی قەتەر بەم دەروازەیەدا تێدەپەڕێت، هەر بۆیە هەر جۆرە پەککەوتنێک تێیدا، بە واتای هەڵئاوسانی نرخەکان و پەککەوتنی کارگەکانی جیهان دێت لە رۆژهەڵاتەوە تاوەکو رۆژئاوا.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکی کتوپڕدا ئاشکرای کردووە کە لەگەڵ دەستپێکردنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز بە رێژەی 95.3% دابەزیوە، ئەمەش وای کردووە نرخی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان لە بازاڕەکانی جیهاندا 6% بەرزببنەوە.

ئێران بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی، پەنای بۆ چەندین رێگەی "هێرشبەرانە" بردووە؛ لە مینڕێژکردنی دەریایی و بەکارهێنانی درۆنی خۆکوژەوە، تاوەکو هێرشی "نەورەسی" کە لەرێگەی بەلەمە خێراکانی سوپای پاسدارانەوە ئەنجام دەدرێت، لە بەرامبەردا، ئەمریکا لە 13ی نیسانی 2026ـەوە گەمارۆیەکی دەریایی تووندی سەپاندووە و بە بەکارهێنانی رۆبۆتی پێشکەوتوو خەریکی هەڵگرتنەوەی مینەکانە.

بیرە نەوتەکانی ئێران لەبەردەم داخستندا

بەپێی داتا تۆمارکراوەکان تێکڕای بارکردنی نەوتی خاوی ئێران لەنێوان 1 بۆ 13ـی نیسان، 2.1 ملیۆن بەرمیل بووە لە رۆژێکدا، بەڵام لە دوای دەستپێکردنی گەمارۆکە و لە نێوان 14 بۆ 23ـی نیسان، تەنیا پێنج باری نەوت بینراون، ئەمەش تێکڕای هەناردەی بۆ 567 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمکردووەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە پێش جەنگ و لە مانگی شوباتدا، ئێران رۆژانە تێکڕا 2 ملیۆن بەرمیلی هەناردە دەکرد.

بەگوێرەی کپلەر، بەهۆی سنوورداریی توانای بارکردنی نەوت بۆ نێو کەشتییەکان، کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران دەستی بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان کردووە. کپلەر پێشبینی دەکات ئەگەر گەمارۆکە بەردەوام بێت، تاوەکو نێوەڕاستی مانگی ئایار بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران بۆ نیوە دابەزێ و بگاتە 1.2 بۆ 1.3 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.

د. گۆڤەند شێروانی، پسپۆڕی بواری وزە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "ئێران توانای کۆگاکردنی نەوتی نەماوە، ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوام بێت، تاران ناچار دەبێت بیرە نەوتەکانی دابخات."

ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەشکرد کە ئێران تۆمەتبار دەکرێت بەوەی "مەنەفێستی عێراقی" بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی نەوتەکەی وەک نەوتی عێراق بفرۆشێت و لە گەمارۆکان دەرباز بێت.

عێراق؛ قوربانیی یەکەمی قەیرانی هورمز

لە کاتێکدا وڵاتانی کەنداو زیانی رۆژانەیان بە 20 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت، بەڵام دۆخی عێراق زۆر مەترسیدارترە، محەممەد حوسێن، لێکۆڵینڤانی وزە کە لە سلێمانییەوە میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوو دەڵێت: "عێراق لە خراپترین دۆخدایە و زۆرترین کاریگەریی داخرانی هورمزی لەسەرە، بەوپێیەی وڵاتانی کەنداو دەتوانن تاوەکو سێ ساڵی دیکە بەرگەی ئەم قەیرانە بگرن، چونکە ئەوان لەلایەک سەرمایە و دانراوی بانکییان زۆرە و لەلایەکی دیکەش سندووقی نەوەکانی داهاتوویان هەیە و لە کاتی ناچاریدا دەتوانن سوود لە پارەی ئەو سندووقە وەربگرن تاوەکو قەیرانەکە تێدەپەڕێنن، بەڵام عێراق توانای بەرگەگرتنی نییە و گواستنەوەی نەوتەکەی بە تەواوی پەکی کەوتووە، لەکاتێکدا 95٪ی داهاتەکەی پشت بە نەوت دەبەستێت و خاوەنی پارەیەکی پاشەکەوتکراوی ئەوتۆش نییە.

هاوکات هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا، یادگار سدیق گەڵاڵی، سەرۆکی رێکخراوی روونبین بۆ شەفافیەت، ئاماژە بەوە دەکات کە تاران بێدەنگ دانەنیشتووە و دەڵێت: "ئێران هەوڵ دەدات لەرێگەی باکوورەوە بە شەمەندەفەر نەوت بنێرێت بۆ چین تاوەکو کەمێک لە گوشارەکان کەم بکاتەوە."

گوتیشی: لە سەرەتاوە ئێران سوودمەند بوو لە جەنگ بۆ هەناردەکردنی نەوت، بەڵام ئێستا گەمارۆی دەریایی جگە لەوەی زیانی زۆر گەورەی بە ئێران گەیاندووە، هاوکات زیانی بە هەموو ناوچەکە گەیاندووە.

بە گوتەی گەڵاڵی، مانەوەی هورمز بە داخراوی و بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا دژی ئێران پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت لە جیهان بەهێزتر دەکات و هۆشداریش دەدات کە بیمەی دەریایی گران بووە و کەشتییەکان ناچارن رێگەی دوور و درێژی ئەفریقا ببڕن، ئەمەش تێچووی کاڵاکان لە جیهاندا بەرزتر دەکاتەوە، هاوکات بەپێی پێشبینییەکانی "کپلەر"، ئەگەر ئەم گەمارۆیە بەردەوام بێت، تاوەکو نێوەڕاستی مانگی ئایار بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران بۆ نیوە کەمدەبێتەوە، ئەمەش وەک د. گۆڤەند شێروانی دەڵێت وادەکات نرخی نەوت "هەموو پێوەرە جیهانییەکان تێپەڕێنێت."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif