پووتین: ئامادەین یۆرانیۆمی ئێران وەربگرین

ليست هناك تعليقات


ڤلادیمیر پووتین، سەرۆککۆماری رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی هێشتا ئامادەیە بۆ وەرگرتنی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران و گوتی، تاران دەتوانێت متمانە بە گواستنەوەی یۆرانیۆمەکە بۆ "دەوڵەتێکی دۆست" بکات.

 پووتین لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان ئاماژەی بەوە کرد، رووسیا ئامادەیە ئەزموونی پێشووی کۆگەکردنی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران دووبارە بکاتەوە و گوتی: "لە سەرەتادا هەمووان لەسەر ئەم بابەتە رازی بوون، بەڵام دواتر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵوێستی خۆی تووندتر کرد." پووتین رایگەیاند، ئێران لە بواری ئەتۆمیدا متمانەی بە رووسیا هەیە و "بۆ ئەم متمانەیەش پاساوی تەواوی هەیە."

سەبارەت بە جەنگی ئێران و ئەمریکا، سەرۆککۆماری رووسیا رایگەیاند، بەردەوامیی ئەم ململانێیە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە و هیوای خواست لە زووترین کاتدا کۆتایی پێ بێت. سەرۆکی رووسیا گوتی: "جەنگی نێوان تاران و واشنتن زۆر ئاڵۆزە و مۆسکۆی خستووەتە دۆخێکی سەختەوە، چونکە ئێمە پەیوەندییەکی باشمان هەم لەگەڵ ئێران و هەم لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیی کەنداویشدا هەیە."

پووتین دووپاتی کردەوە، رووسیا بەردەوامە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەردوو لایەنی ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن، پووتین ئاماژەی بەوە کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "بە راستگۆییەوە" هەوڵ بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و چارەسەر دەدات، بەڵام راشیگەیاند، ئەم بابەتە "لە پلەی یەکەمدا پەیوەندیی بە رووسیا و ئۆکرایناوە هەیە."


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif