سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن و تاران زۆر لە رێککەوتنی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ نزیکبوونەتەوە؛ هۆشداریشی دا کە ئەگەر ئێرانییەکان رەزامەند نەبن، "بۆردوومانیان دەکەین."
رۆژی چوارشەممە، 6ی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی پی بی ئێسی وڵاتەکەی گەشبینیی خۆی نیشاندا کە رەنگە پێش گەشتەکەی هەفتەی داهاتووی بۆ چین، رێککەوتنەکە واژۆ بکرێت. ترەمپ گوتی: "پێموایە دەرفەتێکی زۆر باشمان هەیە بۆ رێککەوتن. ئەگەر نەیکەین، دەگەڕێینەوە سەر رێگە کۆنەکەمان و هەموو شتێکیان بۆردوومان دەکەین."
یۆرانیۆم بۆ ئەمریکا و داخستنی دامەزراوەکانی ژێر زەوی
سەرۆکی ئەمریکا وردەکاریی رێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکەی ئاشکرا کرد و دەڵێت، یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران رەوانەی ئەمریکا دەکرێت و تاران بەڵێنی داوە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ژێرزەوی بۆ ماوەیەکی درێژ بەکارنەهێنێت. ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە زۆر نزیکین. ئەگەر رێکبکەون هەمو شتێک کۆتایی دێت."
سەبارەت بە رۆڵی چین و بانکەکانی ئەو وڵاتە لە کڕینی نەوتی ئێران، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر رێککەوتنەکە بکرێت، سزاکان سوک دەکەن و ئیدی پێویست بە سزادانی بانکەکانی چین ناکات. گوتیشی: "رەنگە پێش گەشتەکەم بۆ چین رێککەوتنەکە تەواو بێت، ئەوە دۆخێکی نمونەیی دەبێت."
دۆناڵد ترەمپ دڵنیایی دایە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کە دوای جەنگ نرخی بەنزین بەشێوەیەکی خێرا دێتە خوارەوە؛ گوتیشی: "ئێستا هەزار کەشتیی بارکراو بە نەوت چاوەڕێن و ناتوانن بۆ هیچ شوێنێک بڕۆن، کاتێک رێگەکە دەکرێتەوە، 'راپەڕینێکی نەوت' دروست دەبێت." سەرۆکی ئەمریکا گاڵتەی بەو پێشبینییانە کرد کە دەیانگوت نەوت دەگاتە 300 بۆ 350 دۆلار و گوتی: "هەمووان هەڵە بون، تەنیا من راست بوم کە نرخەکە لە دەوروبەری 100 دۆلار مایەوە."
رۆژی 28ی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن و هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ.
لە دووەم رۆژی جەنگەکەوە، ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە و لەو کاتەوە تەنیا رۆژێک کردوویەتییەوە. بەرپرسانی تاران دەڵێن، تێپەڕین بە رێرەوەکەدا یان بۆ هەموو وڵاتان دەبێت یان بۆ کەس، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو گەمارۆیەی مانگی رابردوو ئەمریکا خستییە سەر بەندەرەکانی ئێران.
رۆژی دەستپێکی جەنگەکە بەرمیلێک نەوت بە 72 دۆلاری ئەمریکی بوو بەڵام ئێستا بە نزیکەی 100 دۆلارە.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق